سەرەکی » وتار » ‎یەكێتییەكەی مام بەرەو لووتكە

‎یەكێتییەكەی مام بەرەو لووتكە

مەزن مەحمود

‎پاش نەخۆشكەوتنی سەركردەی دیارو كاریزمایی كوردستان و عیراق سەرۆك مام جەلال لە 17/12/2012، بارودۆخی عیراق بەگشتی و كوردستان بەتایبەتی و لە هەمووشی زیاتر ناوخۆیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاڵۆزیی و پشێویی و ناتەباییەكی زۆری تێكەوت و بڕیارەكان لەناو یەكێتیدا پەرش و بڵاوبوون، كادرە دڵسۆزەكان پشتگوێ خران، چەندین كەسایەتی و كادر زویربوون و لە حزبەكە دووركەوتنەوە، یەكێتی جگە لە كادرەكانی خۆی، پشتیوانیی ئەو كەسانەشی لەدەستدا كە لەماڵەكانی خۆیانەوە پشتگیریی و پاڵپشتی پۆڵاینی بوون و لەهەر ئان و زەمانێكدا كە یەكێتی ئیشی پێیانبوایە ئامادەی كاركردن بوون بۆی، هەروەها یەكێتی كە بەدرێژایی مێژووی خەباتی بۆ پاراستنی كوردستان و بەدەستهێنانی ئازادی بۆ گەل و مافی چارەی خۆنووسین كە بەشێكی سەرەكی دروشمەكانێتی بە هەزان شەهیدی داوە و شانازیی بە خوێنیانەوە دەكات، بەشێك لە كەسوكاری شەهیدانیش لێی زویر دەبوون.
‎ئێستا و پاش بەستنی چوارهەمین كۆنگرەی و هەڵبژاردنی سەركردایەتییەكی نوێ، توانرا پەیڕەوێكی گونجاویش كە لە77 خاڵ پێكهاتووە، پڕ بەباڵای بەرزی یەكێتی بدووردرێت كە گونجاوبێت لەگەڵ گەورەیی حزبەكە و شێوازی سەردەمیانەی حزبایەتی و بەڕێوەبردنیدا، لێرەشەوە بڕیاری هەڵبژاردنی هاوسەرۆكیی بۆ حزبەكەی مام درا.
‎لەم هەڵبژاردنەشدا دوو گەنجی بەهێز و بوێر بە دوو شێوازی جیاوازی كاركردن، یەكێكیان شارەزا و لێهاتوو لەبواری سەربازیی و پلاندانان و چۆنێتی روبەڕوبوونەوەی تیرۆر و رێگریی كردن لە جوڵە نەخوازراوەكانی دوژمن، ئەوی تریان چاونەترس و دیپلۆماتكار و بەهێز لە بەڕێوەبردن و توندو یەكلاكەرەوە لە مامەڵەكردن لەكاتی پێویستدا.
‎هاوسەرۆكانی یەكێتی ئێستا لەبەردەم بەرپرسیارێتییەكی گەورە و تاقیكردنەوەیەكی قورسدان، هەلێكی مێژوویی بۆ هێنانەوەی ی.ن.ك بۆ سەر راستەڕێ و تیماركردنەوەی هەموو زامەكانی رەخساوە كە ئەم دوو گەنجە بوێرە كارێك بكەن چەند یەكێتی شانازیی بە زیاتر لە 20 هەزار شەهیدی كاروانە بەردەوامەكەیەوە لە خەباتی كوردایەتیدا دەكات، كەسوكاری شەهیدانیش بیست هێندە شانازیی بە یەكێتیبوونی خۆیانەوە بكەن و رۆحی شەهیدەكانیان ئاسودە بێت و یەكێتیی ناو یەكێتی پتەوتر بكەن.
‎كادرە زویرەكان ئاشتبكەنەوەو كادرە بەردەوامەكانیشیان پشتگوێ نەخەن و گرنگیی زۆریان پێبدەن، هەروەك سنوورێك بۆ دەستوەردانی نەیارانی یەكێتی دابنرێت و ئەو دوشمەی كە سەرۆك مام جەلال هەڵگری مەشخەڵەكەی بوو بۆ مافی چارەی خۆنووسین، ئەمان بڵێسەی ئاگرەكەی بن و پریشك بهاون بۆ دروستكردنی قەوارەیەكی خۆشگوزەران ‌و مەحكەم كە خەونی هەمووانە.
‎ كادرانی یەكێتی چاوەڕان نین، بەڵكو ئومێدیان پێتانە، چونكە لەو رۆژەوەی لە گۆڕەپانی سیاسیی و كایەی حزبایەتیی یەكێتیدا چالاكانە هەڵدەسوڕێن، هەم راستگۆبوون لەگەڵ گیانی سەرۆك مام جەلال ‌و هەمیش راستگۆبوون لەگەڵ كادرانی یەكێتی ‌و باشترین نموونەش پێداگرییتان بوو لە بەستنی كۆنگرە لەوادەی خۆیدا، كە دیاریكردنی كاتێكی دیاریكراو نیگەرانی ‌و ترس ‌و دڵەڕاوكێی لای زۆرێك لە دڵسۆزان دروستكردبوو و هەروەك نەیاران ‌و ناحەزانی یەكێتیش گرەوی جۆربەجۆریان لەسەر هەڵوەشانەوەو چەندكەرتبوونی یەكێتییەكەی مام دەكرد، بەڵام بەهەوڵی ئێوەی هاوسەرۆكانی ئێستا بەتایبەتی ‌و هەموو خەمخۆرانی یەكێتیی ناو ماڵی یەكێتی توانیتان گرەوكە ببەنەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*