سەرەکی » مانشێت » ״ گفتوگۆی جدی و بنیادنەرانە لە نێوان هەرێم و عیراق لەسەر بنەمای دەستوور و چەسپاندنی دادپەروەری و بەرژەوەندیی كۆمەڵانی خەڵك״

بافڵ تاڵەبانی پێشوازیی لە كونسوڵی ئەمریكا، بەریتانیا و فەرەنسا كرد

״ گفتوگۆی جدی و بنیادنەرانە لە نێوان هەرێم و عیراق لەسەر بنەمای دەستوور و چەسپاندنی دادپەروەری و بەرژەوەندیی كۆمەڵانی خەڵك״

بافڵ تاڵەبانی، لە سێ دیداری جیادا لەگەڵ كونسوڵی ئەمریكا، فەرەنساو بەریتانیا، تەئكیدی لە»گفتوگۆی جدی و بنیادنەرانە لەنێوان هەرێم و عیراق كردەوە لەسەر بنەمای دەستوورو چەسپاندنی دادپەروەری و بەرژەوەندیی كۆمەڵانی خەڵك». جەختیشیكردەوە كە»نابێت مووچەو قووتی فەرمانبەرانی هەرێم ببەسترێتەوە بەكێشە سیاسییەكانەوە».

دیداری بافڵ تاڵەبانی‌و كونسوڵی ئەمریكا
بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، دوێنێ لەمەكتەبی سیاسی لەهەولێر، چاوی بە ستیڤ فەیگن كونسوڵی گشتیی ئەمریكا لەهەرێمی كوردستان، كەوت‌و لەدیدارێكدا، كە سەعدی ئەحمەد پیرە، هەرێم كەمال ئاغا‌و ئاڵا تاڵەبانی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی، ئامادەیبوون، باس لەدوایین هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق‌و دەرئەنجامی گفتوگۆكانی وەفدی دانوستانكاری هەرێم بۆ بەغدا كراو تێڕوانین‌و سیاسەتی یەكێتی لەوڕووەوە خرایەڕوو.
لای خۆیەوە، بافڵ تاڵەبانی، تەئكیدی لەگفتوگۆی جدی‌و بنیادنەرانە لەنێوان هەرێم‌و عیراق كردەوە لەسەر بنەمای دەستوورو چەسپاندنی دادپەروەری‌و بەرژەوەندیی كۆمەڵانی خەڵك‌و راشیگەیاند: یەكێتی، پەرۆشی پێكهێنانی حكومەتێكە، كە رەنگدانەوەی خواستی هەموولایەك بێت‌و وتیشی: نابێت مووچەو قووتی فەرمانبەرانی هەرێم ببەسترێتەوە بەكێشە سیاسییەكانەوە، دووپاتیشیكردەوە كورد وەك هەمیشە بەشێك دەبێت لەچارەسەركردنی كێشەكان.
هەر لەدیدارەكەدا بیروبۆچوون لەسەر پێشهات‌و پرسە سیاسی‌و ئەمنییەكانی ناوچەكە، ئاڵوگۆڕكرا.

دیداری هاوسەرۆكی یەكێتی ‌و كونسوڵی فەرەنسا
لەدیدارێكی دیكەدا، بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی، لەمەكتەبی سیاسی لەهەولێر، پێشوازییكرد لە ئۆلیڤیێ دیكوتینێ كونسوڵی گشتیی فەرەنسا لەهەرێمی كوردستان.
لەدیدارێكدا، كە هەرێم كەمال ئاغا ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی ئامادەیبوو، بافڵ تاڵەبانی، تەئكیدی لەویستی یەكێتی كردەوە بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكان‌و بەهێزكردنی هاریكاریی هاوبەش لەگەڵ فەرەنسا لەبوارە جیاجیاكاندا بەشێوەیەك كە خزمەت بەبەرژەوەندییە باڵاكانی هەردوولا بگەیەنێت.
هەر لەدیدارەكەدا بیروڕا ئاڵوگۆڕكرا لەبارەی پێشهات‌و پرسە سیاسییەكان، لەوبارەیەشەوە، هاوسەرۆكی یەكێتی، تێڕوانین‌و سیاسەتی بڕیارلێدراوی یەكێتی بۆ هاوكێشەكانی هەرێم‌و عیراق‌و ناوچەكە، خستەڕوو.

دیداری هاوسەرۆكی یەكێتی‌و كونسوڵی بەریتانیا بەوەكالەت
لەلایەكی دیكەوە هەردوێنێ، بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەمەكتەبی سیاسیی لەهەولێر، بەئامادەبوونی هەرێم كەمال ئاغا چاوی بە میلانی سمارت كونسوڵی گشتیی بەریتانیا بەوەكالەت لەهەرێمی كوردستان‌و وەفدێكی یاوەری، كەوت.
لەدیدارێكدا دوا پەرەسەندنە سیاسی‌و ئەمنی‌و ئابوورییەكانی هەرێم‌و عیراق‌و ناوچەكە خرایە بەرباس‌و بیروبۆچوونیان لەبارەوە ئاڵوگۆڕكرا.
لای خۆیەوە، بافڵ تاڵەبانی، درێژەپێدان بەسیاسەتی حەكیمانەی یەكێتی؛ دووپاتكردەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێم‌و بەغداو رایگەیاند: هەلومەرجی گۆڕاوی سیاسی‌و داخوازیی كۆمەڵانی خەڵك بۆ ئەمڕۆ، وا دەخوازێت دیدگاو ستراتیژێكی نوێمان هەبێت بۆ حوكمڕانی‌و زیاتر ئاوەدانكردنەوەی هەرێم، ئەوەش بەتەواوكردنی قۆناغەكانی چاكسازیی راستەقینە بەدیدێت.
لەبەشێكی دیكەی دیدارەكەدا، هەڵسەنگاندن بۆ پرسەكانی ئەمڕۆی هەرێم‌و عیراق كراو بیروبۆچوونیان لەبارەوە خرایەڕوو.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*