سەرەکی » ئاراستە » بانیخێڵان، رێڕه‌وی خه‌بات

شۆڕش بەم گوندەدا تێپەڕی

بانیخێڵان، رێڕه‌وی خه‌بات

م. عەلی

26

هه‌میشه‌ گوندەکان خانه‌خوێی شۆڕش و ماڵه‌ جووتیاره‌كان دێوه‌خانی پێشمه‌رگه‌ بوون، بۆیه‌ لادێ‌ و شۆڕش جمكانه‌ی یه‌كتری بوون و لێكجیانه‌كراونه‌ته‌وه‌

بانیخێڵان دێیه‌كی دڵگیره‌ ها به‌به‌رزییه‌كی دامێنی شاخی گوڵانه‌وه‌، كۆن له‌ودیوی ئێستای ئاواییه‌كه‌وه‌ بووه‌ به‌ره‌و كه‌لی په‌یكوڵی پێیده‌وترا دێكۆن.. هه‌ندێك ده‌ڵێن پێش چوار سه‌ده‌ زاهیر به‌گی جاف له‌جوانڕۆوه‌ هاتووه‌ته‌ بانیخێڵان و له‌سه‌ر داوای حاكمی به‌به‌ دزه‌كانی دزیاییشی له‌ناوبردووه‌، بانیخێڵان و چه‌ند دێیه‌كیتر به‌خشراوه‌ته‌ جافه‌كان.. دواتر وه‌كو ده‌وترێ‌ شێخ مارفی نێرگسه‌جاڕ داوایكردووه‌ له‌م شوێنه‌ی ئێستادا كه‌ گۆڕستانی به‌راسانی پێده‌وترێ‌ ئاوه‌دانبكرێته‌وه‌، ساڵی 1913 له‌لایه‌ن 6 بنه‌ماڵه‌وه‌ كه‌ ده‌مسپییان مه‌حمودی نادر بووه‌ ئاوه‌دانكراوه‌ته‌وه‌، جاده‌ی كه‌لار- ده‌ربه‌ندیخان به‌به‌رده‌میدا تێده‌په‌ڕێ‌، له‌خوارتریه‌وه‌ ئاوی سیروانه‌ و پێنج كیلۆمه‌تر له‌ خواری ده‌ربه‌ندیخانه‌وه‌یه‌، له‌كۆنیشه‌وه‌ رێڕه‌وی به‌شێ‌ له‌ خێڵاتی ئێلی جاف بووه‌، كه‌ گه‌رمیان و كوێستانیان كردووه‌.. له‌ پشتی دێیه‌كه‌وه‌ گۆڕستانی ئیمام محه‌ممه‌دی خۆره‌تاو و چه‌ندین گۆڕستانیتری تیایه‌ له‌وانه‌ گۆڕستانی كه‌ڵه‌كین كه‌ هی رووسه‌كان بووه‌، له‌ ته‌ختانه‌كه‌ی پشتی ئاواییه‌وه‌ گۆڕستانی گاوره‌كان هه‌یه‌ شتیشی تیادۆزراوه‌ته‌وه‌، ئێستاش مردووه‌كانیانیان له‌ گۆڕستانی په‌یینه‌وڕه‌ به‌خاكده‌سپێرن.
سه‌رده‌مانێك بانیخێڵان به‌شێكبووه‌ له‌ ده‌ڤه‌ری وارماوا، ئێستاش به‌شێكه‌ له‌ ناوه‌ندی شاری ده‌ربه‌ندیخان.. سه‌ر به‌ كه‌رتی 32ی كشتوكاڵییه‌، هه‌ر جووتیارێك 11 دۆنم دێم، 3 دۆنم به‌راوی به‌ركه‌وتووه‌.. ساڵی 1953 قوتابخانه‌، ساڵی 1944 مزگه‌وت، دواتریش بنكه‌ی ته‌ندروستی تێداكراوه‌ته‌وه‌، دوای راپه‌ڕینیش مزگه‌وت، قوتابخانه‌ی بنه‌ڕه‌تی و ناوه‌ندیی، ئاو، كاره‌با، بنكه‌ی ته‌ندروستیی كه‌ لایه‌نێكی خێرخوازیی دروستیكردووه‌ هه‌یه‌.. له‌سه‌ر جاده‌ گشتییه‌كه‌ش چه‌ندین دوكان و چێشتخانه‌ كراوه‌ته‌وه‌، له‌ ده‌وره‌ كڕ كارگه‌ی قیر و چه‌وولم و كه‌ساره‌ی تیایه‌، كارگه‌ی مه‌ڕمه‌ڕ و كووره‌ی گه‌چیشی تیایه‌.
چونكه‌ له‌سه‌ر رێگای سه‌ره‌كیی كاروانییان بووه‌ چه‌رچییه‌ جووله‌كه‌كان هاتوونه‌ته‌ بانیخێڵان و دێهاته‌كانیتری دزیاییش بۆ ساغكردنه‌وه‌ی كاڵاكانیان.. پێش ئه‌نفال نزیكه‌ی 146 ماڵ بووه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌ جووتیاریی و ئاژه‌ڵدارییه‌وه‌ خجڵبوون، ئه‌م دێیه‌ هه‌ندێك تایبه‌تمه‌ندیی هه‌یه‌: زه‌وییه‌كانی به‌پیتن بۆ چاندنی چه‌ڵتووك، ساڵانه‌ به‌رهه‌مێكی زۆری هه‌یه‌، برنجی بانیخێڵان ناوبانگی په‌یداكردووه‌.. ئاوێكی كانزایی هه‌یه‌ پێیده‌وترێ‌ كونه‌ گه‌ڕاوه‌كه‌، ساڵی 1980 كارگه‌ی ئاوی بانیخێڵانی تیادروستكراوه‌، به‌رهه‌مه‌كه‌ی به‌ناوی ئاوی كانزایی سیروان ده‌فرۆشرا و سه‌رده‌مانێكیش بیبسی كۆلای به‌رهه‌مده‌هێنا، كۆتیش چه‌ندین ئاشی ئاوی تیابووه‌.
بانیخێڵان ناوه‌ندێكی گرنگی ئایینی و هوشیاریی سیاسیی و حیزبایه‌تی بووه‌، مه‌لا قادری سۆفی كه‌ پیاوێكی بیركراوه‌ بووه‌، حوجره‌ی ئایینی تیاداناوه‌، فه‌قێی زۆری پێگه‌یاندووه‌، له‌ڕێگه‌ی مه‌لا ئه‌حمه‌دی بانیخێڵانییه‌وه‌ یه‌كه‌م شانه‌كانی رێكخستنی حیزبی شیوعی و جووتیاران بنیاتنراوه‌، له‌نێوان ساڵانی 1951 – 1954 ناوه‌ناوه‌ بڵاوكراوه‌ی «ده‌نگی داس» بڵاوده‌كرایه‌وه‌.. پیشه‌وه‌ر و شاعیر و رۆژنامه‌نووس و وه‌رگێڕ و سه‌ركرده‌ی سیاسیی و حیزبیی تیاهه‌ڵكه‌وتووه‌، خه‌ڵكانێك له‌ دانیشتووانه‌كه‌ی له‌ شۆڕشی ئه‌یلول و شۆڕشی نوێشدا پێوه‌ندییان به‌ حیزبه‌كانی گۆڕه‌پانی خه‌باته‌وه‌ كردووه‌ و پێشمه‌رگه‌شیان هه‌بووه‌ و شه‌هیدیشیانداوه‌..
ساڵی 1963 له‌سه‌ر رێگای بانیخێڵان – پردی ده‌ره‌دۆین پێشمه‌رگه‌كانی ئه‌وكاته‌ بۆسه‌یه‌كیان بۆ كاروانی هێزه‌كانی عێراق داناوه‌، پێشمه‌رگه‌كان ده‌ستێكی باشیان وه‌شاندووه‌، ته‌نانه‌ت ته‌رمی كوژاویان پێبه‌جێهێشتن و پێشمه‌رگه‌ش بێزیانبوون..
مانگی 11/1963 ده‌سته‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ ته‌قه‌یان له‌ ره‌بایه‌ی لای پرده‌كه‌ی دێوانه‌ كرد و ئه‌وناوه‌یان شڵه‌قاند.
چونكه‌ له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌وه‌ رێگه‌ له‌ كاروانی هێزه‌كانی حكومه‌تی عێراق ده‌گیرا ساڵی 1964 هێرشیانكرده‌سه‌ر بانیخێڵان و سووتاندیان، له‌دوای به‌یانی ئاداری 1970 حیزبی شیوعی باره‌گای لقێكیان تیادانا.
ساڵی 1974 شه‌ڕی سه‌خت له‌نێوان حكومه‌تی عێراق به‌هاوكاریی حیزبی شیوعی له‌ شاخی گوڵانی پشتی بانیخێڵان دژی پارتی دیموكراتی كوردستان كراوه‌، پارتیش له‌ دێی ئاوباره‌وه‌ تۆپبارانی بانیخێڵانی كردووه‌.
سه‌ره‌تای ساڵی 1979 له‌ خوارووی بانیخێڵانه‌وه‌ ده‌سته‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ی گه‌رمیان بۆسه‌یه‌كیان دانا، ئۆتۆمبیلێكی زۆریان راگرتبوو، كادیره‌كان قسه‌یان بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ كردبوو، كه‌ پێشمه‌رگه‌یان نه‌دیبوو، دوژمن له‌ده‌ربه‌ندیخانه‌وه‌ به‌هێزێكه‌وه‌ رووده‌كاته‌ شوێنی بۆسه‌كه‌، ته‌قه‌ به‌رپاده‌بێ‌، هێزه‌كه‌ی دوژمن نه‌یتوانیوه‌ پێشڕه‌ویبكات، له‌دووره‌وه‌ به‌ دۆشكا و هاوه‌ن له‌ پێشمه‌رگه‌كانی داوه‌، پێشمه‌رگه‌كان دوژمنیان ناچاركردووه‌ له‌ شه‌ڕگه‌كه‌ هه‌ڵبێ‌..
له‌گه‌ڵ ده‌سپێكردنی شه‌ڕی ئێران – عێراقدا رژێم سه‌ربازگه‌یه‌كی گه‌وره‌ی له‌ خواره‌وه‌ی بانیخێڵان به‌ره‌و رووباری سیروان دانا كه‌ تۆپخانه‌یه‌كی قورسبوو بۆ تۆپبارانكردنی هێزه‌كانی ئێران و ته‌نانه‌ت تۆپبارانكردنی پێشمه‌رگه‌ش.
ئه‌و سه‌ربازانه‌ی بۆ پاراستنی بولگارییه‌كانی كارگه‌ی ئاوی بانیخێڵان دانرابوون بووبوونه‌ مایه‌ی نیگه‌رانیی دانیشتووانه‌كه‌ی، سكاڵایان بردبووه‌ لای پێشمه‌رگه‌، رۆژی 23/7/1983 هێزێكی هاوبه‌شی كه‌رتی 3ی ده‌ربه‌ندیخانی تیپی 55ی قه‌ره‌داغ و كه‌رتی 4ی تیپی 51ی گه‌رمیان له‌ناودێیه‌كه‌دا بۆسه‌یه‌كیان بۆ دانان، له‌ته‌قوتۆقێكدا هه‌موو سه‌ربازه‌كان گیران و كوژران، دوژمنیش له‌ سه‌ربازگه‌كانی ده‌وروبه‌ره‌وه‌ به‌چڕیی تۆپبارانی پێشمه‌رگه‌ و ناودێیه‌كه‌ی ده‌كرد كه‌ له‌ دووكه‌ڵ و گڕدا نووقمبووبوو، له‌ڕێگه‌ی كه‌لاریشه‌وه‌ هێزێكی زۆری سه‌رباز و جاش و تانك و زرێپۆش په‌لاماریانهێنا و چه‌ندین هێرشیانكرد، پێشمه‌رگه‌كان له‌ڕوویاندا وه‌ستانه‌وه‌، نه‌یانهێشت ده‌ستیان بگاته‌ناو دێیه‌كه‌، 11 كاتژمێر شه‌ڕبوو، له‌ئه‌نجامدا 2 زرێپۆش شكێنران، 7 سه‌رباز و ملازمێك كوژران، 4 كڵاشینكۆف و 2 سه‌لیب و ئاربیكه‌یه‌ك و بێسیمێكی پیئاڕسی ده‌ستكه‌وتبوو.. پێشمه‌رگه‌یه‌ك و پیرێژنێكی 70 ساڵه‌ و كچێكی عازه‌ب و 2 پیاو شه‌هیدبوون و 2 پێشمه‌رگه‌ و 3 هاووڵاتیش برینداربوون.
له‌ ئه‌نفالی 1988دا بانیخێڵانیش رووخێنرا و خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌ره‌و ئۆردوگای نه‌سر بران و به‌شێكیشیان له‌ده‌ربه‌ندیخاندا نیشته‌جێبوون.. دوای راپه‌ڕینیش جارێكیتر ئاوه‌دانكرایه‌وه‌ و ئێستا نزیكه‌ی 180 ماڵه‌

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*