سەرەکی » وتار » شوان کەریم کابان » پرسیار و گومان

پرسیار و گومان

نزیكەی ساڵێك لەمەوبەر، هەم بەندە، هەم چەند بەڕێزێك لە كۆمەڵێك بابەتدا لە كوردستانی نوێدا، ئاماژەمان بەوەدا داعش دەگەڕێتەوە، لەبەر ئەوەی خاوەنەكانی داعش هێشتا كاریان پێی ماوە بە تایبەت هەم لە عیراق، هەم بۆ بەكارهێنانی لە بەرامبەر هەندێ وڵاتی دراوسێی عیراق، ئێستا ئەو بۆچوونە راست دەرچووە.
لەماوەی ئەم مانگ و نیوەی ساڵی نوێی 2020 دا، ئەمریكا، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بەریتانیا، نەتەوە یەكگرتووەكان، حكومەتی عیراق، چەندین جار دووپاتیان كردۆتەوە، داعش خۆی رێكخستۆتەوە و كەوتۆتەوە كار.
لە ناوەڕاستی ساڵی رابردووەوە تاكو ئێستا، داعش دەیان هێرش و پەلاماری لە نێو عیراقدا ئەنجامداوە و زەرەر و زیانی هەم بە هێزە چەكدارەكانی عیراق، هەم بە ئاسایش لە سنووری گەرمیان، هەم بە دەیان هاووڵاتی و چەندین گوند گەیاندووە و ماوەیەكیشە لە سنووری گەرمەسێر كەوتۆتە رفاندنی خەڵك و بەردانیان بەرامبەر پارە.
ئەوەی جێی سەرنج و تێڕامانە، بەشی هەرە زۆری ئەو هێرش و پەلامار و چالاكییانەی داعش لە سنووری نێوان هەرێم و دەسەڵاتی هێزە چەكدارەكانی حكومەتی فیدراڵیی عیراق بوون و لەوەش سەیرتر، بەشی هەرە زۆریان لە ناوچەكانی سنووری كەركوك، داقوق، دووزخورماتوو، حەمرین، گەرمیان ‌و خانەقین، بەداخیشەوە زەرەر و زیانی زۆر بەر خەڵكی ئەو سنوورە و هێزە ئەمنییەكانیش كەوتووە.
بۆیە دەكرێ بپرسین، هۆكاری چییە داعش تەنها لەو سنوورانە چالاكە؟ ئەمە بەو مانایە نییە بمانەوێ و پێمان خۆش بێ داعش لە هەموو هەرێمی كوردستان و عیراق چالاك بێ، نەخێر، مەسەلەكە ئەوەیە كە ئەم حاڵەتە گومان لای هەموو كەسێك دروست دەكات!

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*