سەرەکی » مانشێت » عەللاوی چاوەڕوانی سبەینێ دەكات

شرۆڤەی رۆژ

عەللاوی چاوەڕوانی سبەینێ دەكات

هەواڵ و بەدواداچوون

وێڕای ناڕەزایی و ناكۆكییەكان لەبارەی راسپاردنی محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ و هاوكات نەبوونی كۆدەنگیی تەواوی پێكهاتەكان لەسەر میكانیزمی دانانی وەزیرەكان، بڕیارە سبەینێ ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر ئەو پرسە كۆببێتەوە، ئەمەش بۆ عەللاوی رۆژێكی چارەنووسساز دەبێت، بەتایبەت كە عەللاوی رایگەیاندووە «پیلانێك بۆ شكستهێنان بە حكومەتەكەی و متمانەدان پێی هەیە». ئەمەش وادەكات دۆخەكە بۆ عەللاوی كەمێك هەستیار بێت.

ناكۆكییەكان لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێوە
عەللاوی كە لە كاتی راسپاردنییەوە، بەجۆرێك قسە دەكات كە «نوێنەری گەلە»، بەڵام تائێستا خۆپیشاندەرانیش رازی نین بە راسپاردنی ئەو بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، خۆپیشاندانەكەی دوێنێی بەغدا و هەندێك شاری دیكەی عیراق، پیشانی دەدەن كە عەللاوی هێشتا جێگەی متمانەی ئەو گەلە نییە كە هەمیشە بە ناوی ئەوانەوە قسە دەكات.
لەلایەكی دیكەوە، وێڕای گوشارەكانی موقتەدا سەدر بۆ كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران، بەڵام هێشتا پێكهاتەكان لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێ، لە ناكۆكییەكی قووڵدان. كورد پێیوایە «ئەو هەنگاوانەی تائێستا لەلایەن عەللاوییەوە نراون بۆ زۆرێك لە لایەن و پێكهاتەكانی عیراق جێگەی دڵنیایی و متمانە نین»، داواش دەكات «پێداچوونەوە بەو شێوازەی مامەڵەكردندا بكرێتەوە، بەجۆرێك كە حكومەتی داهاتوو رەنگدانەوەی داخوازیی هەموو پێكهاتەكانی عیراق بێت». لە سەرێكی دیكەشەوە تەنانەت خودی لایەنە شیعەكانیش هێشتا هاوهەڵوێست نین لە سەر پێكهێنانی كابینەی نوێ، بەتایبەت دەوڵەتی یاسا تائێستا ئامادەنییە پشتیوانی لە عەللاوی بكات بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران. ئەوە جگە لەوەی كە خودی سوننەكانیش بەهەمانشێوە وەك كورد بەرنامە و شێوازی كاركردنی عەللاوییان لا روون نییە و نازانن بەو كاندیدانەی دەیەوێت پێشكەشیان بكات، چ هەنگاو و سیاسەتێك دەگرێتەبەر.

هەڵوێستی كورد و سوننە
عەللاوی كارنامەی حكومەتەكەی خستۆتە بەردەستی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، وێڕای ناكۆكییەكان پێدەچێت سبەینێ لە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی پێبدرێت، بەڵام روونیش نییە كە كورد و سوننە بەشداری كۆبوونەوەكە دەكەن، یان نا؟. چونكە خودی تویتەكەی عەللاوی جەختكردنەوەیە لەسەر ئەوەی رەنگە كۆبوونەوەكەی سبەینێ لەسەر ئەم پرسە، كێشەی تێبكەوێت و بە هەڵواسراوی بمێنێتەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*