سەرەکی » دۆسێ » سەدر و عامری و مالیكی پشتیوانیی لە حكومەتی نوێ‌ دەكەن

پێیانوایە بەدوورە لە پشكداریی

سەدر و عامری و مالیكی پشتیوانیی لە حكومەتی نوێ‌ دەكەن

رەوتەكان

سەركردەكانی رەوتی سەدر و هاوپەیمانی فەتح و هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، پشتیوانی تەواوەتی خۆیان بۆ حكومەتی نوێ‌ بەسەرۆكایەتی محەمەد تۆفیق عەللاوی دەردەبڕن و پێیانوایە بەدوور دەبێت لە پشكداریی حزبی.

عامری: بەدوورە لە پشكداریی
لەو بارەیەوە هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح رایگەیاندبوو، سەرجەم كوتلە سیاسییەكان محەمەد تۆفیق عەللاوییان، بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت دوور لەپشكداریی حزبی كاندید كردووە.
هادی عامری لە مەراسیمی «شەهیدی میحراب» رایگەیاندبوو، سەرجەم كوتلە سیاسییەكان محەمەد تۆفیق عەللاوییان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران و بەدوور لە پشكداریی حزبی كاندید كردووە، پرۆسەی سیاسیش بەرەو پێش دەچێت و ناگەڕێتە دواوە، هەڵبژاردنی پێشوەختیش یەكێكە لەهەنگاوەكانی گەڕاندنەوەی متمانە بۆ پرۆسەكە».
پێشتر باس لەوەدەكرا كە محەمەد تۆفیق عەللاوی لەلایەن هەریەك لە هادی عامری و موقتەدا سەدرەوە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كاندید كراوە.
محەمەد تۆفیق عەللاوی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو لە 19ی شوباتی 2020 رایگەیاندبوو، پێكهێنانی كابینە وزارییەكەی تەواوكردووەو داوای لەپەرلەمان یشكرد، وادەیەك بۆ سازدانی دانیشتنی دانگدان لەسەر كابینەكەی دیاریی بكات.

مالیكی داوایەكی لە فراكسیۆنەكان هەیە
هەر لە بارەی پشتگریی لە كابینەكەی نوێی حكومەتی عیراق ،سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاندبوو، داوا لە هەمو فراكسیۆنە سیاسییەكان دەكەن ئاستەنگ لەبەردەم سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو دروستنەكەن بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق.
نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەتویتێكدا لەهەژماری تایبەتی خۆی لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) رایگەیاندبوو، «پێویستە لەسەر محەمەد تۆفیق عەللاوی، سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق، هەموو هەوڵێك بۆ رازیكردنی لایەنەكان بخاتەگەڕ، بەمەبەستی ئامادەبوون لە دانیشتنی پەرلەمان بە مەبەستی متمانە بەخشین بە كابینە وزارییەكەی».
بە وتەی مالیكی»پێویستە فراكسیۆن و لایەنە سیاسییەكانی عیراق ئاستەنگ و بەربەست لەبەردەم عەللاوی دروستنەكەن بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ، لەبەر ئەوەی هەموان لەهەمان بەرەن لەڕووی پرسە نیشتیمانییەكان».
لە 19ی شوباتی 2020، محەمەد تۆفیق عەللاوی داوای لە پەرلەمانی كردبوو، بەمەبەستی دەنگدان لەسەر كابینەی وزارییەكەی لە 24ی شوباتی 2020 دانیشتنێكی تایبەت سازبكات.

دانیشتنی پەرلەمان
بۆ مەبەستی دەنگدان لەسەر پێكهاتەی حكومەتی نوێی عیراق بەسەرۆكایەتی محەمەد تۆفیق عەللاوی، حەسەن كەعبی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندبوو، لەسەر داواكاریی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو پابەندە بە سازدانی كۆبونەوەیەكی نائاسایی لە 24ی شوباتی 2020، ئەمەش بە مەبەستی متمانە بەخشین بە حكومەتی نوێ.
بە وتەی كەعبی»پەرلەمان پابەندە بە سازدانی كۆبونەوەیەكی نائاسایی لە رۆژی 24ی شوبات، كۆبونەوەكەش بە گوێرەی یاسا كارپێكراوەكان بەڕێوەدەچێت».
پێشتر سەرچاوەیەكی نزیك لە محەمەد تۆفیق عەللاوی رایگەیاندبوو، «سەرجەم ئەو لیستانەی بەناوی كاندیدانی كابینە نوێیەكە بڵاوكراونەتەوە راست نین و لیستی ناوەكان لای سەرۆك وەزیران پارێزراوە، رۆژی 24ی شوبات بە شێوەیەكی فەرمی لەكاتی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ناوەكان ئاشكرادەكرێن، بەمەبەستی دەنگدان لەسەریان و بەخشینی متمانە بە كابینەی نوێ‌«.

سەدر و هەڕەشەی سازدانی خۆپیشاندانی گەورە
موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدر، هەڕەشەی سازدانی خۆپیشاندانێكی گەورەی كردبوو، گەر فراكسیۆنە سیاسییەكان،متمانە بە كابینەكەی محەمەد تۆفیق عەللاوی نەبەخشن و دەنگ لەسەر كابینەی نوێی حكومەت نەدەن.
موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدر لە 21ی شوباتی 2020 رایگەیاندبوو، ئەگەر لەم هەفتەیەدا پەرلەمانی عیراق دەنگ لەسەر حكومەتی نوێ نەدات، یان پێكهاتەی حكومەت بە خواستی شەقام و مەرجەعیەت نەبێت، خۆپیشاندان و مانگرتن لەبەردەم دەروازەكەكانی ناوچەی سەوز دەستپێدەكەن.
سەدر لە لە تویتێكیدا لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) رایگەیاندبوو»ئێمە هاووڵاتییەكی گەلی ستەملێكراوی عیراق، ئومێدەوارین پەرلەمانی عیراق بۆ پەسەندكردنی حكومەتێكی بەدوور لە پشكداریی حزبی كۆببێتەوە بۆ دەنگدان لەسەر حكومەتی نوێ‌ كە یەكەم ئەركی دیاریكردنی كات و رێكارەكانی هەڵبژاردنێكی پێشوەخت و بێخەوشە».
بە وتەی رابەری رەوتی سەدر»هیواخوازن حكومەتی نوێ لێپرسینەوە لە گەندەڵكاران و بكوژانی خۆپیشاندەران بكات و پاراستنی خۆپیشاندەران بكاتە ئەركی لەپێشینەی خۆی».
هەر لە تویتەكەیدا، سەدر هۆشداریی دابوو لە پەسەندنەكردنی كابینەی نوێی حكومەت لەم هەفتەیەدا و نوسیبوی»ئەگەر كۆبونەوەی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر كابینەی حكومەت نەكرا، یان پێكهاتەی حكومەت لە ئاستی داخوازییەكانی شەقام و مەرجەعیەتدا نەبوو، داوای خۆپیشاندانی ملیۆنی دەكەین و دواتر خۆپیشاندانەكە دەگۆڕین بۆ مانگرتن لەبەردەم دەروازەكانی ناوچەی سەوز، ئەمەش بە مەبەستی رزگاركردنی عیراق لە گەندەڵی و پشكداریی».
هەر لەو چوارچێوەیەدا، حەسەن كەعبی، جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق كە سەر بە رەوتی سەدرە، لە راگەیەندراوێكیدا رایگەیاندبوو، سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو داوای لە پەرلەمان كردووە لە 24ی شوباتی 2020 بۆ متمانە بەخشین بە حكومەتی نوێ، دانیشتنێكی تایبەت سازبكات، پەرلەمانیش لەسەر داواكاری عەللاوی پابەندە بە سازدانی كۆبوونەوەكە لە وادەی دیاریكراوی خۆی.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*