سەرەکی » دۆسێ » كاندیدێكی دیكە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ رادەسپێردرێت

لە ماوەی 15 رۆژدا

كاندیدێكی دیكە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ رادەسپێردرێت

محەمەد تۆفیق عەللاوی، راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەت پاشەكشەی خۆی لە پێكهێنانی حكومەت راگەیاند و داوای لێبوردنی لە سەرۆك كۆمار كرد، گفتوگۆکانیش بەردەوامە بۆ ئەوەی لە ماوەی 15 رۆژدا كاندیدێكی دیكە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ رابسپێردرێت.
عەللاوی لە توێیتێكدا لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) لە 2ی ئاداری 2020 كە بریتییە لە پەیامێك و بە دوو بەش بڵاویكردۆتەوە رایگەیاندبوو»نامەی دەستلەكاركێشانەوەی بۆ بەڕێز سەرۆك كۆمار نارد و تێیدا داوای لێبوردنی كرد لە راسپاردنی بۆ پێكهێنانی حكومەت». من لەبەردەم ئەم هاوكێشەیەدابوم(پۆستی سەرۆكوەزیران بەرامبەر بە راستگۆنەبونم لەگەڵ گەل، وەبەردەوام بونم لەسەر پێگەكەم، لەسەر حسابی نەهامەتیەكانی گەلەكەم بە وتەی عەللاوی»من لەبەردەم ئەم هاوكێشەیەدا بووم – پۆستی سەرۆك وەزیران راستنەكردن لەگەڵ گەل و وەبەردەوام بوون لە پۆستەكەم لەسەر حسابی نەهامەتی گەلەكەم». لە بەشی دووەمی پەیامەكەیدا عەللاوی رایگەیاندبوو»لەراستیدا بژاردەكە سادە و رونە، كە من لەگەڵ گەلە خۆراگرەكەم دەبم، بەتایبەت كاتێك بینیم هەندێك لە لایەنە سیاسییەكان راستگۆنەبوون لە چاكسازی و پابەندبوون بە بەڵێنەكانیان لەگەڵ گەل و ئاستەنگیان لەبەردەم لەدایكبونی حكومەتێكی سەربەخۆدا دروستكرد كە لەپێناو نیشتیماندا كاری دەكرد».
بەر لەم نامەی عەللاوی كە تێیدا دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە ئەركی پێكهێنانی حكومەت راگەیاند، عزەت شابەندەر سیاسەتمەداری عیراقی، پەیامێكی بۆ محەمەد تۆفیق عەللاوی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو ڕەوانە كردبوو.
شابەندەر لە تویتێكیدا كە لە 29ی شوباتی 2020 لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) بڵاویكردبۆوە نوسیبوی”دوای دانیشتنە شكستخواردووەكەی پێنج شەممەی ڕابردوو، دوای ئەوەی جەنابتان لەگەڵ هەموو هێزە سیاسییەكان كۆبوونەوە، هیوادارم سەرۆكی ڕاسپێردراو، ئەمانە ڕەچاو بكات”.
شابەندەر بە عەللاوی دەڵێت”ئەوانەی نزیك و پاڵپشتت بوون ستەمیان لێكردیت، كاتێك درۆیان لەگەڵ كردییت لەڕووی هێز و ژمارەوە و ئێوەش بڕواتان پێیان كرد”.
بە وتەی شابەندەر”كێشەی ئێوە (عەللاوی) لەئێستادا لەگەڵ ئەوانەدا نییە كە وەزارەتەكان و پۆستەكان ڕەتدەكەنەوە، بۆیە لەئێستادا سازشیان بۆ مەكە بە بەخشین كە پێشتر ڕێگریت لێكردوون”.
پەرلەمانی عیراق لە دانیشتنی 1ی ئاداری 2020، بە هەمان شێوەی دانیشتنی پێشووی، لەبەر تەواونەبوونی رێژەی یاسایی ئامادەبوان، بڕیاریدا دەنگدان لەسەر كابینە وەزارییەكەی محەمەد تۆفیق عەللاوی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو دوابخات.
بەپێی بەیاننامەیەكی كورت كە لەلایە ن سەرۆكایەتی پەرلەمان لە ئێوارەی 1ی ئاداردا بڵاوكرایەوە»پەرلەمان بڕیاریدا سازدانی دانیشتنی تایبەت بۆ دەنگدان لەسەر كابینە وەزارییەكەی عەللاوی، لەبەر تەواونەبوونی رێژەی یاسایی، دوابخات».
پێشتر محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق رایگەیاندبوو، رۆژی دوو شەممە 2ی ئاداری 2020، دوایین مۆڵەتە بۆ محەمەد تۆفیق عەللاوی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو، تا حكومەتی نوێ‌ پێكبهێنێت.
حەلبوسی لە دانیشتنەكەی پەرلەماندا رایگەیاندبوو»عەللاوی تەنیا رۆژی دوو شەممەی لەبەردەمدا ماوە، تا متمانەی فراكسیۆنە سیاسییەكان دەستبەربكات و دەنگ لەسەر كابینە وەزارییەكەی بدرێت».
بە مەبەستی ئامادەكاری بۆ دەنگدان بە كابینەی نوێی حكومەتی عیراق و ڕێككەوتنی حزبەكان، كۆبوونەوەی پەرلەمانی عیراق لە شەممەی رابردوو 29ی شوباتی 2020 دواخرا.
محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمانی عیراق لە بەیاننامەیەكدا لەو بارەیەوە رایگەیاندبوو، ڕەزامەندییان لەسەر پێشنیارێكی محەمەد تۆفیق عەللاوی، سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو دەربڕی سەبارەت بە دواخستنی دانیشتنەكەی شەممەی پەرلەمان بۆ ڕۆژی یەك شەممە.
بە وتەی حەلبوسی» سبەینێ (1ی ئاداری 2020،‌ لە كاتژمێر 1ی دوانیوەڕۆ كۆبوونەوەی پەڕلەمان ئەنجام دەدرێت بە مەبەستی دەنگدان بە حكومەتی ڕاگوزەر.
سەرچاوەیەكیش لە پەڕلەمانی عیراق رایگەیاندبوو، تا ئێستا بەشێكی حزبەكان بە پشكی خۆیان لە حكومەت ڕازی نین و داوای وەزارەتی زیاتر دەكەن، هەر بۆیە ئەمە سێ‌ جارە كۆبوونەوەی پەرلەمان دوادەخرێت.
پێكهاتەی سوننە و كورد لەگەڵ عەللاوی رێكنەكەوتبوون لەسەر وەزارەتەكان و داوایان دەكرد پشكی وەزارەتەكانیان زیاتر بكرێت و خۆشیان كاندیدەكان دیاری بكەن.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، هاوپەیمانی فەتح كە لەلایەن هادی عامرییەوە سەرۆكایەتی دەكرێت پێشبینی كردبوو پەرلەمانی عیراق لە دانیشتنی یەك شەممە (1ی ئاداری 2020)، دەنگ بۆ متمانە بەخشین بە كابینە وەزارییەكەی محەمەد تۆفیق عەللاوی بدات.
فازڵ فەتلاوی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو “گفتوگۆ سیاسییەكان بەردەوامن بۆ گەیشتن بە رێككەوتن و پێكهاتنی سیاسی لەپێناو دەنگدان بۆ متمانە بەخشین بە حكومەتەكەی محەمەد تۆفیق عەللاوی، بە بەشداریی هەموو هێزە سیاسییەكان و پێكهاتەكان».
بە وتەی فەتلاوی “لە دانیشتنی ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردووەوە زۆرینە ئامادەیە بۆ دەنگدان لەسەر حكومەتەكەی عەللاوی، بەڵام ئێمە دەمانەوێت دانیشتنەكە بە بەشداریی هەموو هێزە سیاسییەكان بێت، بۆیە دانیشتنی یەك شەممە، دەنگدان لەسەر حكومەتەكەی عەللاوی بەخۆوەدەبینێت”.
فەتلاوی دەڵێت “تەنانەت ئەگەر هەندێك لە فراكسیۆنە سیاسییەكانیش بایكۆتی دانیشتنەكە بكەن، زۆرینە ئامادەیە بۆ دەنگدان”.
هەینی رابردوو، محەمەد تۆفیق عەللاوی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو داوای لە سەرۆكی پەڕلەمان كردبوو دانیشتنەكەی كە بڕیار بوو شەممە 29ی شوبات بۆ متمانەبەخشین بە حكومەتەكەی بەڕێوەبچێت، بۆ یەك شەممە (1ی ئادار) دوابخات، داواكەی عەللاوی لەلایەن سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە قبوڵ كرابوو.
پێشتر سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراوەی عیراق، لیستی كاندیدە نوێیەكانی پێشكەش بە پەرلەمان كردبوو لەو نێوەندەشدا “وەزارەتی دەوڵەت بۆ كاروباری هەرێم”لە پێكهاتەكەی هەڵوەشاندبۆوە.
هەفتەی رابردوو محەمەد تۆفیق عەللاوی سەرۆك وەزیرانی سپێردراو، لیستی ناوی كاندیدە نوێیەكانی پێشكەش بە پەرلەمان كردبوو و لەو نێوەندەشدا وەزارەتی كاروباری هەرێمی هەڵوەشاندەوە، وەزارەتەكانی ناوخۆ و داد و دارایی و بازرگانی و بەرگریشی بە بەتاڵی هێشتنەوە، بەر لەوەش قوسەی عەبدولموحسین عوبێد عەبدوڵڵای بۆ وەزارەتی بەرگری كاندید كردبوو.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان عەللاوی، حسێن سلێمان و وەهاب قادر بەیاتی بۆ وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی لەبری سوندس عومەر عەلی بەیرەقدار پێشكەش كردبوو، ناوی خالید بەتال نەجم عەبدوڵڵا جغێفیشی بۆ وەزارەتی پلاندانان لابردبوو، بەڵام مەزهەر محەمەد ساڵح ئەمینی وەك كاندید بۆ ئەو وەزارەتە هێشتبۆوە.
هەر لەو بارەیەوە نوسینگەی ڕاگەیاندنی حەسەن كەعبی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق، گەیشتنی محەمەد تۆفیق عەللاوی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراوی بۆ بارەگای پەرلەمان ڕاگەیاندبوو.
دوابەدوای ئەوەش بەهۆی تەواونەبوونی ڕێژەی یاسایی ئامادەبوان، پەرلەمانی عیراق دانیشتنی دەنگدانی بۆ متمانە بەخشین بە حكومەتی نوێ‌، دواخست.
تەلەفیزیۆنی فەرمی (العراقیە) لە ئێوارەی 27ی شوباتی 2020 بڵاویكردبۆوە، پەرلەمان دانیشتنی پەسەندكردنی حكومەتی نوێی دواخست كە پێشتر لەسەر داوای محەمەد تۆفیق عەللاوی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو، داوای سازدانی كرابوو.
هەر بەپێی هەمان سەرچاوە، دانیشتنەكە ڕێژەی یاسایی تەواونەبوو، بەهۆی بایكۆتكردنی زۆرێك لە پەرلەمانتاران بۆ دانیشتنەكە كە پێشتر ناڕەزایی خۆیان بەرانبەر بە پێكهاتەی كابینە وەزارییەكەی عەللاوی دەربڕیبوو.
ئاژانسی دەنگوباسی (العراقیە) دەڵێت، سەرۆكی پەرلەمان پێشنیاری دواخستنی دانیشتنی بەخشینی متمانەی بە حكومەتەكەی محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ شەممەی داهاتوو بۆ سەرۆك فراكسیۆنەكان، پێشنیاركردبوو.
پێشتر سەرۆكایەتی پەرلەمان، بڕیاریدابوو، لە پێنج شەممەی رابردوودا، دانیشتنی دەنگدان بۆ بەخشینی متمانە بە حكومەتەكەی عەللاوی، سازبكات.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*