کـــۆڵـــەپـشـــــت

چیك-سلۆڤاكیا

(83)

لە بەهاری ساڵی (1993) كاتێ بۆ نەشتەرگەری قاچم سەردانی شاری ڤیەننای پایتەختی نەمسام كرد. ماوەیەكی باش لەوێ (بە سوپاسەوە لە ماڵی ڕەحمەتی كاك شێخ دارای حەفید) مامەوە. ڕۆژێكیان كاك (حمە كەریم) كە بەڕەچەڵەك خانەقینی و ئێستا نوێنەری (ی.ن.ك)ە لەوێ، بۆی پێشنیار كردم كە سەرێكی شاری (پراگ) پایتەختی چیك بدەین. شیاوی باسە ئەو ماوەیەی لەوێ بووم كاكە حەمە زۆر هاوكارم بوو. بەندەش هەر بۆ دیدەنی ئەو شارەو كەم كردنەوەی بێ تاقەتیەكانم ئەو گەشتەم پێ خۆش بوو.
ئیتر ڕۆژێكیان هەردووكمان چووین بۆ سەردانی باڵیۆزخانە بۆ وەرگرتنی ڤیزا. كاتێ گەیشتینە ئەوێ شتێكی سەیر سەرنجی ڕاكێشام. دوو پەنجەرەی لە تەنیشت یەكتر كە نێوانیان لە دوو مەتر زیاتر نەدەبوو كارئاسانیان بۆ ئەو خەڵكانە دەكرد كە نیازی گەشتیان هەبوو. منیش لە كاك (حەمە كەریم)م پرسی ئەمە یانی چی لە دوو شوێن پێشوازی لە خەڵك دەكەن. ئەویش لە وەڵامدا وتی: چەند مانگێك پێش ئەمڕۆ وڵاتی چیكۆ سلۆڤاكیا كە لە (چیك و سلۆك) پێكهاتوون بە شێوە ڕیفراندۆمێك بێ تەقاندنی یەك فیشەك، بێ هیچ توندو تیژی و گرژییەك، لەیەكتر جیا بوونەوەو بوون بە دوو دەوڵەت بەناوی (چیك) و (سلۆڤاكیا)، ئەو دوو پەنجەرەیە كە دەیان بینی (جاران یەك ئۆفێس بوو بۆ پێدانی ڤیزا، بەڵام دوای لەیەكتر جیابوونەوە، ناوبڕێكیان لە نێوان ئۆفێسەكە دروست كرد. ئەو پەنجەرەیەی دەستە چەپ ئۆفێسی ڤیزا پێدانی وڵاتی (چیك)و ئەوەی دەستە ڕاستیش ئۆفێسی وڵاتی (سلۆڤاكیا)یە. ئەوسا بەندە ئەو كارەم پێ ئاسایی بوو. بەڵام ئەمڕۆ لە دوای ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان سەیر دەكەم حكومەتی عێراق نەك هەر بە توندی دژایەتی كردین. بەڵكو لەشكریشی هێنایە سەر كوردستان و بە زەبری چەك و ڕشتنی خوێنی دەیان پێشمەرگە، ناوچە دابڕاوەكانی مادەی (140)یان داگیركردەوە. دەوڵەتانی دراوسێش فشاری زۆریان خستینە سەرو تەنانەت ئابلوقەی ئابوریشیان لەسەر داناین.
تەكسی: (بەكر سدیق) لەبەر خۆشەویستی لەناو شۆڕش و پێشمەرگە بە (بەكرە قیت) ناسرابوو. پیاوێكی ڕوو خۆش و هەمیشە پۆشتەو بە زەوق و تیلاك خوار بوو. لە دوای ئەنفالەكان وەكو هەر پێشمەرگەیەك ئاوارەی كوردستانی ڕۆژهەڵات بوو. لە شاری نەغەدە نیشتەجێ بوو. لەبەر ئەوەی باری گوزەرانی پێشمەرگە باش نەبوو بۆیە هەریەكەو بۆ خۆی كاسبی دەكرد. (بەكرە قیت)یش جێبێكی لاند رۆڤەری بچوكی كڕی بوو لەنێوان نەغەدەو ورمێ ئیشی دەكرد.
ڕۆژێك لە گەراجی نەغەدە كەسێك دەیەوێ بە سواری لاندرۆڤەرەكەی ئەو بچێتە ورمێ. دیارە كابرا حەزی لە بیستنی گۆرانی بووە، سەیری ئۆتۆمبێلەكە دەكات، (مسجلە و ڕادیۆ)ی تێدا نیە. بۆیە لە سەیارەكە دادەبەزێ و لە گەشت كردنەوەكە بەو لاندرۆڤەرە پەشیمان دەبێتەوە. (بەكرە قیت) لێی دەپرسێ: بۆ دابەزی…؟ ئەویش دەڵێ: من حەزم لێیە لەو ڕێگایەدا گوێ لە گۆرانی بگرم.
-جا ئەوە كەی موشكیلەیە… هەتا ئەوێ گۆرانیت بۆ لێدەدەم.
كابرا لێی دەپرسێ: ئاخر كوا مسجلە، یان ڕادیۆكەت.
-تۆ هەقت چیە ئەگەر تا ئەوێ گوێت لە گۆرانی نەبوو پارە مەدە.
كابرا سوار دەبێتەوە. ماوەیەك دەڕۆن، نە ڕادیۆ نە مسجلە بوونیان نیە.. كابراش بە گلەیی و هەندێ عادزی لە (بەكرە قیت) دەپرسێ:
-تۆ بەڵێنت دا تا ورمێ گۆرانی لێبدەیت.
(بەكرە قیت) بە دەستی چەپی سوكانی جێبەكە دەگرێ دەستی ڕاستیشی دەخاتە بن گوێی و دەست بە حەیران و لاوك وتن دەكات، جار جارەش پشووێ دەدات، لەكاتی پێویستیش بە دەستی ڕاستی گێڕی جێبەكە دەگۆڕێ.

print

 79 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*