سەرەکی » وتار » ئیدریس جەبار » دوایین هەوڵی توركیا لە سوریادا

دوایین هەوڵی توركیا لە سوریادا

دوایین كۆبوونەوەی نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا و فلادیمێر پۆتین سەرۆكی روسیا، بۆ گەیشتن بوو بە چارەسەرێكی گونجاو كە هەم سەبارەت بە مۆسكۆ مایەی دڵنیاكەرەوە بێت هەم بۆ ئەنقەرەش جێگەی رەزامەندی بێت.
توركەكان دەیانەوێت بە روسوری لە سوریادا دەربچن، جگە لەم مەتڵەبەش رەنگە هەندێك داواكارییان لەسەر ناوچەكانی باكووری وڵاتەكە هەبێت كە بۆ ئەوان «مایەی هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی».
ئەوەی سەبارەت بە روسەكانە یەكە و ناكرێت بە دوان، دەركردنی گروپە توندڕە ئیسلامییەكانە لە ئیدلب و گەڕانەوەی دەسەڵات و ركێفی حكومەتی دیمەشقە بۆ ناوچەكە، ئەمەش بۆ توركەكانە خواردنەوەی ژەهرێكی تاڵە و هیچ رێگەچارەیەكی تریش لەبەردەمدا نییە و دەبێت بینۆشن.
توركەكان جگە لە دانوستان و گفتووگۆ لەگەڵ كرملین هیچ رێگەچارەیەكیان لەبەردەمدا نەماوە، چونكە سوریا لەئێستادا هەمان ئەو مەیدانە گەورەیە نەما كە جێگەی هەموانی تێدا ببێتەوە، چونكە ئاشكرایە گۆڕەپانەكە بەرتەسك بۆتەوە و دەبێت هەندێك لە گەمكەرەكان بنەو بارگە بپێچنەوە و وڵاتەكە جێبهێڵن.
پاشەكشەكردنی توركیا لە سوریادا شكست نییە وەك هەندێك تەماشای دەكەن، بەڵكو هەنگاوێكە بۆ زیاتر خۆگورجكردنەوە و نزیكبوونەوە لە مۆسكۆ و خۆسەرقاڵكردن بەو پرسە گەورانەی بۆ توركەكان لە پرسی سوریا گرنگترن.
دوایین هەوڵی توركیا لە سوریادا، گوشارخستنە سەر روسیایە، تا لەڕێی دیمەشقەوە كۆتایی بە «مەترسی كانتۆنەكان بهێنرێت» لە باكووری خۆرهەڵات، راستە ئەمە لە ئێستادا داواكاریی و خواستی ئەنقەرەیە، بەڵام لە هەمان كاتدا قۆناغی دووەمی ئامانجەكانی مۆسكۆیە كە دەكرێت لەڕێی توركیاوە بهێنرێتەدی.
ئەمریكاییەكان لەگەڵ ئەوەی ناوبەناو پشتیوانی خۆیان بۆ هێزەكانی سوریای دیمكرات (هەسەدە) دووپاتدەكەنەوە، لە هەمان كاتدا توركەكان بە هاوپەیمان و هاوبەشی خۆیان دادەنێن و پێانوایە وڵاتەكە لە سوریادا «مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بكات».
روسەكان لە سوریا بوارییان بۆ هیچ لایەنێك نەهێشتۆتەوە، ئەمەش بۆ ئەنقەرە كە بەشێوەكی واقعیانە سیاسەت دەكات و لاقی لەو تەڵە گەورانە دەپارێزێت كە دەزانێت نزیكبوونەوە لێیان پەشیمانی لەدوایە، راستییەكی حاشاهەڵنەگرەوە و ناتوانێت خۆی لێگێل بكات، بۆیە دوایین هەوڵەكانی چەند خواستێكن و پێیوایە دەكرێت بهێنرێنەدی.

print

 21 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*