سەرەکی » وتار » ئیدریس جەبار » گەڕانەوە بۆ عەبدولمەهدی

گەڕانەوە بۆ عەبدولمەهدی

لە پاش شكستی محەمەد تۆفیق عەللاوی و پاشەكشەكردنی لە پێكهێنانی حكومەتی راگوزەر لە عیراق، هەندێك لە لایەنە سیاسییەكان لەگەڵ ئەوەدان عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوە، سەرۆكایەتی حكومەت بكات تا كاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتوو.
لەگەڵ ئەوەی هەندێكی تر پشتیوانی لەم خواستە ناكەن، بەو پێیەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعیەتی باڵای نەجەف دەستی لە پۆستەكەی كێشاوەتەوە، بەڵام پێدەچێت بە ناچاری مل بۆ ئەو خواستە كەچ بكەن، بەو پێیەی ناكۆكییەكانی نێوانیان لەسەر دەستنیشانكردنی كەسێتییەكی دیاریكراو بۆ قۆناغەكە، تادێت لە قوڵبوونەوەدان.
گەڕانەوە بۆ عەبدولمەهدی وەك گرتنەبەری رێڕەوێكی ناچاریی، دەبێتە ئەو بەردەبازەی توێژی سیاسی بگەیەنێتە ئاوە گەرمەكان و لەم رەوشە چەقبەستووەی ئێستا قوتارییان بكات، لێرەوە خواستی داواكاریی خۆپیشاندەرانی تەحریر و خەڵانی و حەبوبی و سەدرەین و گۆڕەپانەكانی تری باشوور، بۆ خانەی «خبر كان» دەگوازرێنەوە و لە بری چارەسەركردنی كێشەكانی شەقام، كێشەی نێوان لایەنە سیاسییەكان بەشێوەیەكی كاتی چارەسەردەبێت.
پێكهێنانی حكومەتی سەربەخۆ و بەدوور لە پشكداریی و حزبایەتی، لە پرۆسەی سیاسی عیراقیدا نایەتەدی، تەنانەت گەر بۆ قۆناغی كاتی و رێخۆشكردنیش بێت بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت، هەرچەندە ماوەی پێنج مانگە شەقام داوای دەكات و لەو پێناوەدا سەدان قوربانی بەختكردووە.
گەڕانەوە بۆ دەستگرتن بە چمكی كەواكەی عەبدولمەهدی لەئێستادا بۆتە رێگەچارە و خۆدەربازكردن لەم تەنگژە سیاسییەی كە لە پاش شكستخواردنی محەمەد تۆفیق عەللاوییەوە دروستبووە، رەتكردنەوەشی رەنگە بێهودە بێت و مانای خولانەوە بگەیەنێت لەنێو ئەو بازنە بەتاڵەی كە بێ‌ دەرچەیە.
لەگەڵ مانەوەی رەوشەكە وەك خۆی و تەسلیمبوون بە واقعی رەخساو بەبێ‌ گەیشتن بە رێكەوتنێكی هەمەلایەنە لەپێناو رازیكردنی تێكڕای لایەنەكان بە شەقامیشەوە، عیراق لەبری هەنگاونان بۆ پێشەوە، پاشەكشەكردن هەڵدەبژێرێت و لە چوارچێوەی دەستبەردارنەبوون لە ئیستیحقاقی هەڵبژاردن و دابەشكردنی كێك و ناعەدالەتیدا دەمێنێتەوە.
گەڕانەوە بۆ عەبدولمەهدی، مانای ئاڵۆزیی ناكۆكییە سیاسییەكان و نەگەیشتن بە كەسێتییەكی گونجاو بۆ پڕكردنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران و پێكنەهاتنی فراكسیۆنەكان و رێنەكەوتن لەسەر میكانیزمێكی شیاو بۆ چارەسەركردنی كێشە و تەنگژەكان دەگەیەنێت، رەوشی سیاسی وڵاتیش لە ئێستادا راستی ئەم بۆچوونە پشتڕاستدەكاتەوە.

 408 جار بینراوە