سەرەکی » زانست » رووبار و جۆگەكانی ڤینیسیای سازگار كردۆتەوە

كۆرۆنا

رووبار و جۆگەكانی ڤینیسیای سازگار كردۆتەوە

كەشتیی نوح

هەرچەندە ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە مۆتەكەیەك و زۆربەی زۆری وڵاتانی جیهانیی گرتەوە، بەڵام وەك دەوترێت هەندێك لێكەوتەی ئەرێنیشی هەبووە.
بەپێی هەندێك سەرچاوەی نزیك لە ئیتالیاوە كە ئێستا زۆرترین تووشبوو بەو ڤایرۆسەی تێدا تۆماركراوە، چەند دیاردەیەكی سەرنجڕاكێش دەبینرێت كە ماوەیەكی زۆر بووە نەبینراوە.

وەك ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان پێداوە لە شارێكی وەك ڤینیسیادا كە یەكێكە لە شارە جوان و ناوازەكانی ئیتالیا و ساڵانەو بەرلە هاتنەئارای ئەم ڤایرۆسە بە ملیۆنان گەشتیار لە سەرانسەری جیهانەوە دەچوونە سەردانی، بەڵام ماوەی چەند هەفتەیەكە بەهۆی ئەوەی هەموو جۆرە جووڵەیەكی گەشتیاریی و جووڵەی هاووڵاتیانی ئەو شارە راگیراوە، ئاوی جۆگە و رووبارەكان بە شێوەیەك روون و سازگار بوونەتەوە كە چەندین دەیە بووە بەهۆی كەشتیی و بەلەمەكانەوە دیمەنی وا ناوازە نەبینراوە.
چەند هاووڵاتییەك لە لاپەڕەكانی خۆیاندا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دیمەنی ئاوی رووبار و جۆگەكانیان داناوە كە هێندە روونن تەنانەت ماسییەكان بە جوانی لە ناو ئاوەكەدا دەبینرێن.

هەندێك نووسیویانە راستە ڤایرۆسی كۆرۆنا ڤایرۆسێكی نەگریسە و هەموو جووڵەیەكی لێ زەوت كردووین و لە ماڵەكانمان گۆشەگیر كراوین، بەڵام لە لایەكی ترەوە سوودێكی هەبووە كە ژینگەی شار و ناو رووبارەكانی پاك كردۆتەوە.
هاووڵاتییەكی تر نووسیویەتی بە هۆی چۆڵی ناو ئاوەكان و نەمانی بەلەمەكانەوە، جارێكی تر قوڵینگە جوانەكان دەبینینەوە كە پێشتر لە بینیان بێبەش ببووین و ئەوانیش لەبەر جموجۆڵی زۆری ئێمە، ژیانیان لە مەترسیدا بوو، هەروەها بەلەمەكانیش پشكی گەورەیان هەبوو لە پیسكردنی ژینگەی شاری ڤینیسیا.
هاووڵاتییەكی تری ئیتاڵی لە لاپەرەی خۆی لە تویتەر جریوەیەكی كردووە و دەڵێت: “پێشتر ئێمە زۆر ستەمكار بووین لە ئاست ژیانی دەریایی و ئاژەڵ و باڵندەكان، بەڵام ئێستا بەهۆی چۆڵی ناو رووبارەكان و كەناری دەریاكانەوە ماسی و باڵندە كێوییەكان ئازادانەتر دێن و دەچن و چێژ لە ژیان وەردەگرن”.

هەروەها دەڵێت: ” رەنگە ئەمە تۆڵەی گۆی زەوی بێت لە ئێمەی مرۆڤ كە جگە لە خۆشی خۆمان نە گوێمان بە سروشت دەدا و نە بە زیندەوەر و ئاژەڵان كە هاوبەشن لەگەڵماندا و وەك ئێمە لەسەر ئەم هەسارەیە دەژین”.
هەر لەو چوارچێوەیەشدا و بە پێی هەندێك توێژینەوە، دەركەوتووە كە ئەم ڤایرۆسە رەنگە كاریگەریی ئەرێنی هەبووبێت بۆ ژینگە لە سەرانسەری جیهاندا ، چونكە لە زۆر شوێنی دونیادا بەهۆی كەمبوونەوەی هاتوچۆی ئۆتۆمبیل و شەمەندەفەر و فڕۆكە و كەشتییەكان و چالاكیی كارگەكان بە شێوەیەكی گشتیی، ژینگەی گۆی زەوی پاكبووەتەوە.

بە گوێرەی زانیارییە نوێیەكانی مانگی دەستكردی (كۆپەرنیكوس سنتینل-5-B)ی سەربە ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەوروپا ئاوو هەوای زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا و لە ناویشیاندا ئیتاڵیا پاكتر دەردەكەوێت و رێژەی پیسبوونی ژینگەش بە شێوەیەكی بەرچاو كەمبووەتەوە.

سەرچاوە: Ghadi news

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*