سەرەکی » دۆسێ » روسیا پرسی كورد به‌رامبه‌ر توركیا به‌كارده‌هێنێت

خاكی ره‌ش

روسیا پرسی كورد به‌رامبه‌ر توركیا به‌كارده‌هێنێت

*هه‌ركاتێك روسیا كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ توركیادا هه‌بێت، پرسی كورد له‌ میدیاكاندا ده‌هێننه‌ گۆڕێ
*خه‌ڵكی رۆژئاوا زانیارییان له‌باره‌ی باشوور وه‌كو پێویست نییه‌
جیاوازیی مووچه‌ى ئه‌وێ ناگاته‌ دوو ئه‌وه‌نده‌، كه‌چی له‌ باشوور ده‌گاته‌ 30 جار زیاتر

سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر

به‌شی پێنجه‌م

بۆ پاش نیوه‌ڕۆ واده‌ی دیداری ئاڵدار خه‌لیل هاوسه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی جێبه‌جێكردنی ته‌ڤده‌م (ته‌ڤگه‌رى گه‌لانی دیموكرات)م هه‌بوو. ده‌مزانی دیداره‌كه‌ له‌ قامیشلۆیه‌، به‌ڵام شوێنی دیداره‌كه‌م نه‌ده‌زانی. پێیان وتم چاوه‌ڕێ بكه‌ پێشوه‌خته‌ ئاگادارت ده‌كه‌ینه‌وه‌.
له‌به‌ر بارودۆخی ئه‌منی، به‌شێك له‌ سه‌ركردایه‌تی رۆژئاوای كوردستان شوێنی خۆیان ئاشكرا ناكه‌ن. دواى نیوه‌ڕۆ له‌ڕێى واتس ئاپ ئاگاداركرامه‌وه‌ كه‌ بچمه‌ شوێنێكی دیاریكراو. له‌ڕێگه‌ به‌ره‌و ئه‌و شوێنه‌ ئۆتۆمبێلێك ئاماژه‌ى بۆ كردین و ئێمه‌ى به‌ره‌و شوێنی مانه‌وه‌ى ئالدار خه‌لیل برد. ئه‌و شوێنه‌ى ئالدار خه‌لیلی لێ بوو، ته‌نها 5 كیلۆمه‌ترێك له‌ سنورى توركیاوه‌ دوور بوو، بۆیه‌ ئه‌وان زۆر به‌ئاگاییه‌وه‌ هاتوچۆ ده‌كه‌ن و ده‌مێننه‌وه‌.
به‌هه‌رحاڵ ئێمه‌ گه‌یشتینه‌ شوێنی مه‌به‌ست كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ى قامیشلۆ بوو، كه‌ گه‌یشتم ، له‌به‌رده‌رگا زۆر به‌گه‌رمی به‌بێ رێكاری ئه‌منی پێشوازیی كردم و پێى وتم: ئه‌وه‌ جارێكی دیكه‌ش یه‌كترمان بینیه‌وه‌. له‌گه‌ڵ ئاڵدار یه‌كه‌مجار له‌ كۆتایی 2014 له‌گه‌رمه‌ى هاوكاریكردنی كۆبانێ له‌لایه‌ن یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌ بینیم. پیاوێكی ساده‌ و سه‌رڕاسته‌.
ئه‌و شوێنه‌ى بینیم, شوێنی مانه‌وه‌ى ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ بریندارانی هێزه‌كانی یه‌په‌گه‌ و هه‌سه‌ده‌ بوو، ده‌توانین بڵێن ناوزه‌دكرابوو به‌ ماڵی برینداران. له‌هۆده‌یه‌كی ساده‌ له‌سه‌ر دۆشه‌ك دانیشتین.
وه‌ك هه‌موو ئه‌وانه‌ى بینیمن یه‌كه‌مجار هه‌واڵی كۆنگره‌ى یه‌كێتیی له‌من پرسی. ئه‌و پرسینه‌ى هه‌مووان له‌ هه‌واڵی ئه‌نجامی كۆنگره‌ى یه‌كێتی، هه‌ستێكی لا دروستكردم كه‌ كه‌مێك په‌رۆشی پێوه‌ دیاربوو. ده‌یانگوت یه‌كێتی پێویستی به‌ نوێبوونه‌وه‌یه‌، ئه‌گه‌ر دۆخی یه‌كێتی باش بێت، ئه‌وا بۆ ئێمه‌ش باشتره‌، چونكه‌ هه‌میشه‌ پشتیوان و هاوكارمانن.
له‌گه‌ڵ دانیشتن و ده‌ستپێكردنی گفتوگۆكه‌مان، دوو بریندار كه‌ له‌سه‌ر عه‌ره‌بانه‌ بوون، هاتنه‌ ژوورێ و به‌خێرهاتنیان كردین، رادیۆیه‌كی بچكۆلانه‌شیان پێبوو، گوێیان له‌ سروود و سترانی شۆڕشگێڕیی یه‌په‌گه‌ ده‌گرت!
له‌ گفتوگۆكه‌مدا له‌گه‌ڵ ئه‌و پیاوه‌، هه‌ڵوێستی نوێ له‌ یه‌په‌گه‌ گوێبیست بووم. پێشتر به‌و شێوه‌یه‌ قسه‌یان له‌سه‌ر ئه‌مریكا و روسیا نه‌ده‌كرد، به‌ڵام دواى داگیركارییه‌كانی سه‌رێكانی و گرێ سپی له‌لایه‌ن توركیاوه‌، ئیدی زۆر به‌ڕوونی له‌باره‌ى سیاسه‌تی ئه‌مریكا و روسیا قسه‌ ده‌كه‌ن.
ئه‌و پێی وابوو ئه‌مریكا سیاسه‌تی روون نییه‌ له‌ سوریا، وتی تێناگه‌ین ئه‌مریكا چی ده‌كات و ده‌یه‌وێ به‌چی بگات، له‌باره‌ى ئاینده‌ى سوریا بێده‌نگه‌ و له‌باشترین حاڵه‌تدا ده‌ڵێن ئه‌وه‌ى گه‌لی سوریا بڕیار بدات یان ئه‌وه‌ى له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان رێككه‌وتنی له‌باره‌وه‌ ده‌كرێت، ئێمه‌ پشتیوانیی ده‌كه‌ین! ئه‌و پێى وابوو روسه‌كان له‌ راگه‌یاندن جارجار باسی مافی گه‌لی كورد له‌سوریا ده‌كه‌ن، هه‌ندێجار رژدن له‌سه‌ر به‌شداریی كورد له‌ كۆبونه‌وه‌كانی جنێڤ یان پێویستی گفتوگۆی نێوان كورد و رژێمی سوریا! به‌ڵام له‌ڕاستیدا ئه‌و باسكردنه‌ بازرگانیكردنه‌ به‌ كورده‌وه‌ به‌رامبه‌ر توركیا یان سوریا. ئه‌و هه‌روه‌ها وتی: له‌گه‌ڵ هه‌ر لێدوانێكی ئیجابیی روسه‌كاندا له‌سه‌ر كورد، ئه‌وا دڵنیابن دوای چه‌ند رۆژێك كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ توركه‌كاندا هه‌یه‌ و كورد وه‌ك كارتی گوشار به‌كارده‌هێنن و شتێك ده‌فرۆشن و شتێك وه‌رده‌گرن.
له‌به‌ر هۆكارى ئه‌منی له‌م سه‌فه‌ره‌م له‌ قامیشلۆ دوور نه‌كه‌وتمه‌وه‌، جموجۆڵ و سه‌ردانه‌كانم وه‌ك جاره‌كانی دیكه‌ نه‌بوو، چونكه‌ دۆخی ئه‌منی به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی وه‌كو پێشوو نه‌بوو. ئه‌مجاره‌ ترس له‌داعش نه‌بوو، به‌ڵكو ترسی گه‌وره‌ له‌ فڕۆكه‌ى بێفڕۆكه‌وان و گروپه‌ تیرۆریسته‌ نزیكه‌كانی توركیا بوو، بۆیه‌ ئه‌وانه‌ى كه‌ چاویان له‌سه‌ر بوو له‌ رۆژئاوای كوردستان، جموجۆڵیان زۆر كه‌م بوو، به‌نهێنی هاتوچۆیان ده‌كرد، دیداره‌كانی منیش له‌گه‌ڵ به‌شێك له‌و لێپرسراوانه‌ بوو، بۆیه‌ ده‌بوو ئه‌و دۆخه‌ ره‌چاو بكه‌م.
ئێواره‌ هاتینه‌وه‌ قامیشلۆ، ده‌مزانی تا دره‌نگانی شه‌و ناخه‌وین، چونكه‌ هێشتا شه‌وچه‌ره‌ و شه‌ونخونی له‌ رۆژئاوای كوردستان وه‌كو خۆیه‌تی. خه‌ڵك تا سه‌عات یه‌ك بۆ دووی شه‌و ناخه‌وێت و به‌یانیانیش دره‌نگ ده‌چنه‌ سه‌ر كار. خه‌می گه‌وره‌ى من جگه‌ره‌ كێشانى ئه‌وان بوو له‌ ژووره‌وه‌! له‌ رۆژئاوای كوردستان زۆرینه‌ی خه‌ڵك جگه‌ره‌كێشن، به‌تایبه‌ت پیاوان، به‌ڵكو دیارده‌یه‌كی ئاساییه‌، له‌وه‌ زۆر خراپتر ئه‌وه‌یه‌ له‌ژووره‌وه‌ جگه‌ره‌ ده‌كێشرێت، به‌تایبه‌تی له‌زستاندا كه‌ به‌هۆی سه‌رماوه‌ ده‌رگاو په‌نجه‌ره‌ داده‌خرێن و دووكه‌ڵی جگه‌ره‌ش له‌ژووره‌وه‌ په‌نگاوان ده‌داته‌وه‌!
من له‌ماڵی هاوڕێیه‌كی دێرینی خۆم ده‌مامه‌وه‌، میواندۆستانی رۆژئاوام له‌وه‌ ئاگاداركرده‌وه‌ كه‌ من چه‌ندرۆژێك له‌گه‌ڵ ئه‌و هاوڕێیه‌م ده‌بم، تا دڵیان شتێك نه‌كات كه‌ بۆچی من له‌ میوانخانه‌كه‌دا نامێنمه‌وه‌، هاوكات ئاگاداریش بن له‌شوێنی مانه‌وه‌م، چونكه‌ ئه‌وانه‌ى له‌ ئیداره‌ى رۆژئاوا ئاگاداری سه‌فه‌ره‌كه‌ى من بوون، ئه‌و هاوڕێیه‌ى منیان ده‌ناسی، بۆیه‌ دڵنیابوون له‌ شوێنی مانه‌وه‌ى من.
بۆ نانی ئێواره‌ لاڤاخان كوتیلكی كورده‌واریی ئاماده‌كردبوو، به‌ده‌م باسكردنی خواردنی كورده‌واریی سوحبه‌ت و گاڵته‌وه‌ باس و خواسمان گه‌رمكردبوو. شه‌و د. جوان ته‌ممۆ كه‌ پزیشكێكی ناسراوی ددان بوو له‌شارى قامیشلۆ، یه‌كێك له‌و باسانه‌ى ئه‌و پزیشكه‌ حه‌زیكرد روونكردنه‌وه‌ى له‌سه‌ر بدات، پرسی گرانبوونی نرخی عیاده‌ی پزیشك و چاره‌سه‌رى نه‌خۆش و چاره‌سه‌رى ددان بوو، ئه‌مه‌ش به‌هۆی دابه‌زینی نرخی لیره‌ و گرانبونی نرخی دۆلار بوو.
جوان ته‌مۆ نرخی سه‌ردانی عیاده‌ و چاره‌سه‌رى ددانی گران نه‌كردبوو، ئه‌مه‌ له‌سه‌ر تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی ره‌نگدانه‌وه‌ى زۆری دروستكردبوو، به‌شێك له‌ پزیشكه‌كان ره‌خنه‌یان له‌و گرتبوو، هاوكات به‌شێك له‌ هاووڵاتیانیش ده‌ستخۆشیان لێكردبوو.
ئه‌وه‌ى لێره‌دا گرنگه‌ باسی بكه‌ین كه‌رتی ته‌ندروستییه‌ له‌ رۆژئاوای كوردستان، كه‌ له‌دۆخێكی خراپدایه‌ و خزمه‌تگوزارییه‌كانی پێشكه‌ش ده‌كرێن ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ پێویسته‌. هۆكارى خراپی خزمه‌تگوزارییه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خراپی باری ئابوریی و هاوكات خراپی سیستمی ته‌ندروستیی له‌و وڵاته‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی!
هه‌رچی كه‌رتی تایبه‌تیشه‌ ئه‌وه‌نده‌ له‌پێش نه‌بوو، واته‌ هه‌م ژماره‌ى نه‌خۆشخانه‌كان كه‌م بوو، هه‌میش ئاستی خزمه‌تگوزارییان ئه‌وه‌نده‌ پێشكه‌وتوو نه‌بوو.
بێگومان یه‌كێك له‌و پرسیارانه‌ى هه‌میشه‌ روبه‌رووی من ده‌كرایه‌وه‌ ئاستی بژێوی ژیان و خزمه‌تگوزارییه‌ گشتییه‌كان بوو له‌ باشووری كوردستان، ئه‌وان تێگه‌یشتنێكی جیاوازییان هه‌بوو له‌باره‌ى ژیان له‌باشووری كوردستان! زۆربه‌ى ئه‌وانه‌ى پرسیاریان لێده‌كردم پێیانوابوو ژیان لای ئێمه‌ وه‌ك وڵاتانی كه‌نداو پاره‌یه‌كی زۆر هه‌یه‌ و ئاستی خزمه‌تگوزارییه‌كان زۆر پێشكه‌وتووه‌. بێگومان زۆربه‌ى ئه‌وانه‌ى پرسیاریان ده‌كرد خزم و كه‌سو ناسیاریان له‌ باشوور هه‌بوو، یان ئه‌و كه‌سه‌ جارێك سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانی كردبوو، به‌ڵام وه‌كو پێویست له‌ ورده‌كاریی ژیان له‌ باشووری كوردستان شاره‌زا نه‌بوو.
به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی هه‌روه‌ك چۆن خه‌ڵك له‌ باشووری كوردستان وه‌ك پێویست شاره‌زای رۆژئاوای كوردستان نییه‌ و ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ به‌شێك له‌ راستییه‌كان له‌ شاشه‌ى چه‌ند ته‌له‌فزیۆنێكی كوردستان یان له‌ سۆشیال میدیاوه‌ ده‌بینیت! ئاوهاش خه‌ڵكی رۆژئاوای كوردستان راستییه‌كانی باشووری كوردستان وه‌ك و خۆی نازانن. زۆرجار ده‌مگوت ده‌ی بزانم پێتانوایه‌ ژیان له‌ باشووری كوردستان چۆنه‌؟ كه‌ گوێم ده‌گرت زیاده‌ڕۆییه‌كی زۆر هه‌بوو له‌ زانیارییه‌كان، یه‌كێك له‌هۆكاره‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی كه‌ ئه‌و راستیانه‌ وه‌كو خۆی ناگاته‌ ئه‌وێ، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زۆربه‌ى خه‌ڵك باشووری كوردستان له‌ڕێى چه‌ند كه‌ناڵێكی دیاریكراوه‌وه‌ ده‌بینن كه‌ هه‌میشه‌ وێنه‌ى زۆر جوانی باشوور ده‌گوێزنه‌وه‌ و دیوه‌كانی دیكه‌ فه‌رامۆش ده‌كه‌ن یان وه‌كوخۆی نایگوێزنه‌وه‌، هاوكات ئه‌و میدیایانه‌ى له‌ رۆژئاوای كوردستانیش هه‌ن كه‌ زۆربه‌یان حزبیین، نه‌یانتوانیووه‌ وه‌كو پێویست شێوه‌ى ژیان و شێوه‌ى حوكمڕانیی و باری سیاسی و كه‌لتوریی و ته‌نانه‌ت كه‌لتور و مۆسیقای باشووری كوردستان بگوێزنه‌وه‌ بۆ رۆژئاوای كوردستان، ئه‌مه‌ش كه‌موكوڕییه‌كی گه‌وره‌یه‌ بۆ میدیاى رۆژئاوا.
له‌رۆژئاوای كوردستان خه‌ڵك به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی ئاگاداری ململانێی سیاسی و گرفته‌كانی حوكمڕانیی و نه‌بوونی مووچه‌ و داخستنی په‌رله‌مان و ناشه‌فافییه‌تی نه‌وتی هه‌رێم و به‌قاچاخبردنی نه‌وت و رووداوه‌كان نین! له‌و هه‌واڵ و رووداوانه‌ نزیكن كه‌ په‌یوه‌ندیی راسته‌وخۆی به‌وانه‌وه‌ هه‌یه‌، بۆنمونه‌ داخستنی سنووری رۆژئاوای كوردستان له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، یان هاوكاریكردنی رۆژئاوای كوردستان له‌لایه‌ن خه‌ڵك یان حزبه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌.
ئه‌و شه‌وه‌ به‌دیار ئاگردانی زستانی سارده‌وه‌ گفتوگۆی زۆرمانكرد. له‌هه‌موو ماڵێك زۆپایه‌كی نه‌وتی یان گازۆیل هه‌یه‌ و به‌لوله‌ دوكه‌ڵه‌كه‌ى ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌. له‌باشووری كوردستان به‌وجۆره‌ زۆپایه‌ ده‌ڵێن زۆپای سوری. كه‌ ئه‌مبارێك نه‌وته‌ و دڵۆپ دڵۆپ گاز یان نه‌وته‌كه‌ ده‌رژێته‌ سه‌ر به‌ردێكی تایبه‌ت له‌ناو لوله‌یه‌ك و ئاگرێكی به‌رده‌وامیی هه‌یه‌. گاز یان دوكه‌ڵه‌كه‌یشی به‌ لوله‌یه‌ك بۆ سه‌ره‌وه‌ ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام چڕه‌ دوكه‌ڵی جگه‌ره‌ شێتی كردبووم، هه‌ندێجار ناچار په‌نجه‌ره‌یه‌كم لێوه‌ نزیك بوو ده‌مكرده‌وه‌، به‌ڵكو هه‌ندێك هه‌وای ده‌ره‌وه‌ بێته‌ ژووره‌وه‌. هه‌وای ده‌ره‌وه‌ گه‌لێك سارد بوو، بۆیه‌ ده‌بوو زوو دایبخه‌م.
به‌هه‌رحاڵ به‌دیار چا خواردن و چه‌ره‌زاته‌وه‌ باسی هه‌رێمی كوردستانم بۆ ده‌كردن، زۆربه‌ى زانیارییه‌كانم بۆ ئه‌وان نوێ بوو، سه‌باره‌ت به‌هه‌ندێ زانیاریی برۆیان ده‌هێنایه‌وه‌ یه‌ك، وه‌ك نالی ده‌ڵێت: وه‌ك شكڵی (لا)! به‌لایانه‌وه‌ سه‌یر بوو، چونكه‌ ئه‌وان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ تێگه‌یشتبوون.
كاتێك باسی قه‌یرانی دارایی كوردستانم بۆ كردن به‌هۆی بڕینی به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێم له‌ به‌غداوه‌، به‌لایانه‌وه‌ سه‌یر بوو، چونكه‌ له‌واقیعی سیاسی و ژیان و حوكمڕانی هه‌رێم باش شاره‌زا نه‌بوون. ئه‌وه‌م بۆ باسكردن كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم له‌ 2014 هه‌تا ئێستا گرفتی مووچه‌دانی فه‌رمانبه‌رانی هه‌یه‌ و سه‌ره‌تای ساڵی 2014 هه‌تا ئێستا یان مووچه‌ى چه‌ند مانگێك دابه‌شكردووه‌ یان مووچه‌ى خه‌ڵك بڕاوه‌و به‌نیوه‌ مووچه‌ فه‌رمانبه‌رانی به‌ڕێكردووه‌! هه‌روه‌ك باسی ئه‌وه‌مكرد كه‌ هه‌رێم له‌به‌ر بێ پلانیی ناتوانێت به‌بێ به‌غدا مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران دابین بكات سه‌رباری ئه‌و نه‌وته‌ى ده‌ینێرێته‌ ده‌ره‌وه‌.
زۆریان به‌لاوه‌ سه‌یر بوو كاتێك ده‌مگوت ساڵانه‌ له‌ 2003 تاوه‌كو 2013 پاره‌یه‌كی زۆر هاتۆته‌ هه‌رێم، به‌جۆرێك نزیكه‌ى 7 ساڵ هه‌ر ساڵانه‌ زیاتر له‌ 10 ملیار دۆلار له‌به‌غداوه‌ هاتۆته‌ هه‌رێم و داهاتی ناوخۆی هه‌رێمیش به‌گومرگ و فرۆشتنی نه‌وته‌وه‌ له‌ 5 ملیار دۆلار كه‌متر نه‌بووه‌، كه‌چی هێشتا نه‌توانراوه‌ وه‌كو پێویست بنیاتی ئابوورییه‌كی به‌هێز و بناغه‌ی ژێرخانێكی حوكمڕانی تۆكمه‌ دابڕێژرێت. بۆیه‌ له‌دوای ریفراندۆم هه‌رێم روبه‌ڕووی دۆخێكی زۆر خراپ بۆوه‌ و ناچار به‌سازش و ده‌ستبه‌رداربوونی به‌شێك له‌و داواكارییانه‌ى بوو كه‌ پێش ریفراندۆم بۆی ده‌چووه‌ سه‌ر، بۆ نموونه‌ 17%ی بودجه‌ى عیراق له‌دوای شكستی ریفراندۆم كرایه‌ نزیكه‌ى له‌ 12%ی بودجه‌ى عیراق و ئه‌ویش به‌نیوه‌ ناچڵی و به‌مه‌رج خه‌رجی ده‌كه‌ن!
زۆریان به‌لاوه‌ سه‌یر بوو كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم ناتوانێت مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانی دابین بكات، چونكه‌ له‌لای ئه‌وان مووچه‌ دواناكه‌وێت و باسێك نییه‌ مشتومڕی له‌سه‌ر بكرێت، چ ئه‌و موچه‌یه‌ى حكومه‌تی سوریا بۆ فه‌رمانبه‌رانی داموده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت دابینی ده‌كات، چ ئه‌و موچه‌یه‌ى رێڤه‌به‌رى خۆسه‌ر بۆ فه‌رمانبه‌رانی دابینی ده‌كات.
له‌باره‌ى جیاوازیی مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ هه‌ندێك قسه‌م بۆ كردن بۆ ئه‌وان جێى سه‌رسوڕمان بوو، بۆنمونه‌ له‌ رۆژئاوای كوردستان جیاوازیی نێوان به‌رزترین مووچه‌ و نزمترین مووچه‌ نزیكه‌ى دوو ئه‌وه‌نده‌یه‌، بۆ نموونه‌ كه‌مترین مووچه‌ی رێڤه‌به‌رى خۆسه‌ر ئه‌وه‌ى پێانگوتم نزیكه‌ى 90 هه‌زار لیره‌یه‌ك بوو، به‌رزترینیشی ده‌گه‌یشته‌ 170 هه‌زارێك، واته‌ له‌نێوان 85 دۆلارێك بۆ نزیكه‌ى 150 دۆلارێك، كه‌چی له‌باشوری كوردستان مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رى باڵا هه‌یه‌ به‌ده‌رماڵه‌وه‌ ده‌گاته‌ 10 هه‌زار دۆلار، به‌ڵام فه‌رمانبه‌ریش هه‌یه‌ مووچه‌كه‌ى نزیكه‌ى 335 دۆلارێكه‌! واته‌ جیاوازییه‌كه‌ 30 جار زیاتره‌.
به‌دڵنیاییه‌وه‌ پێشكه‌وتنه‌كانی كوردستان به‌راورد ناكرێت به‌ باشوری عیراق و ناوچه‌كانی دیكه‌ زۆر پێشكه‌وتوتره‌، به‌ڵام ئه‌و پێشكه‌وتنانه‌ى هاتوونه‌ته‌دی به‌راورد به‌و پاره‌یه‌ى هاتۆته‌ كوردستان له‌ماوه‌ى لانیكه‌م 17 ساڵی رابردوودا، به‌دڵنیاییه‌وه‌ ده‌بوو زۆر پێشكه‌وتوترو ئاوه‌دانتر بێت. به‌واتایه‌كی دیكه‌ ده‌بوو پێشكه‌وتنی كوردستان زۆر له‌وه‌ زیاتر بێت كه‌ ئێستا ده‌بینرێت، چونكه‌ ساڵانه‌ نزیكه‌ى 15 ملیار دۆلار داهاتی حكومه‌تی هه‌رێم بووه‌، كه‌وایه‌ ده‌بوو كوردستان زیاتر ئاوه‌دان بوایه‌ و ژێرخانێكی ئابووریی زۆر به‌هێزی هه‌بوایه‌ به‌جۆرێك ببوایه‌ته‌ له‌مپه‌رێكی به‌هێزو هۆكارێكی به‌هێز بۆ قۆناغێكی دیكه‌ له‌ رێگای رزگاریی نیشتیمانی، به‌تایبه‌تی له‌دواى ریفراندۆم ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌و ئابوورییه‌ى هه‌یه‌ كارتێك نییه‌ به‌ده‌ستی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ تا خۆی راگرێت و له‌به‌رامبه‌ر گوشاره‌كانی ناوخۆ و وڵاتانی هه‌رێمه‌كه‌. تاكه‌ هۆكارى سه‌ره‌كی ئه‌و خراپییه‌ى باسی ده‌كه‌ین، بوونی گه‌نده‌ڵی و خراپ به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵات بووه‌ له‌لایه‌ن حزب و به‌شێك له‌ حوكمڕانانه‌وه‌.

print

 47 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*