سەرەکی » راپۆرت » لە سایەی كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوتدایە

عیراق، پێشنیار دەكرێت دراو چاپ بكرێت و جۆرەكانی بەشەخۆراك زیاتر بكرێن

لە سایەی كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوتدایە

ئامادەكردنی: ئیدریس جەبار

لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوت و دەركەوتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا، دۆخێكی دارایی نوێ‌ لە عیراقدا هاتۆتەئاراوە، بۆ روبەڕوبونەوەی تەنگژەكانیش، راوێژكارێكی دارایی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق پێشنیار دەكات، دراوی عیراقی زیاتر چاپبكرێت، پەرلەمانتارێكیش داوا لە وەزارەتی بازرگانی دەكات، جۆرەكانی بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان زیاتربكرێن. مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژكاری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی دەنگوباسی (العراقیە)ی فەرمی ڕایگەیاند “تیمەكەیان لەگەڵ ئەنجومەنی وەزاریدا كاردەكات بۆ داڕشتنەوەی هەرەمی خەرجییەكانی دەوڵەت، ریگەچارەكانیشیان بۆ روبەڕوبونەوەی رەوشی دارایی ئێستا، روو لە گوشارخستنە سەر خەرجییەكانە”.

بە وتەی ئەو راوێژكارەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق “بابەتی چاپكردنی دراو، راوبۆچوونێكی تایبەتی خۆیەتی كە لەگەڵ یاسای بانكی ناوەندیدا ناگونجێت، بەڵام مووچەی فەرمانبەران جێیبایەخی سەرەكی حكومەتە، بۆ ئەمەش رێوشوێنی دارایی هەیە كە نابێتە مایەی لەگەڕكەوتنی”. شانەی بەدواداچوون لە نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراق، لە 27ی ئاداری 2020 رایگەیاندبوو”حكومەت دەتوانێت مووچەی مانگی ئاداری ئێستا دابەشبكات، بەڵام پەنا بۆ هەندێك رێگەچارەی تر دەبات بۆ زامنكردنی دابینكردنی مووچەی مانگی داهاتوو، لەكاتێكدا داهاتی مانگانەی عیراق لە نەوت، لە ئێستادا بە تەنیا دوو ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێت (دوای دابەزینی نرخی بەرمیلێك نەوت بۆ 18 دۆلار).

نوسینگەی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق دەڵێت “مووچەی فەرمانبەران دەگاتە 3 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بۆ یەك مانگ، ئەمەش وا لە عیراق دەكات پەنابباتە بەر چاپكردنی دراو، وەك رێگەچارەی كۆتایی”، بەو پێیەی لە مانگی داهاتووەوە رەوشی دەوڵەت دەكەوێتە ژێركاریگەریی ئەم تەنگژەیەوە”. مستەفا جەبار سەنەد سەرۆكی شانەی بەدواداچوون لە نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو “تەنگژەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كە بۆتە مایەی لەگەڕخستنی ئابووری بەشێوەیەكی گشتی و كەرتی نەوت بەشێوەیەكی تایبەت، بەو هۆیەی داواكاریی جیهانی لەسەر نەوت بۆ 10 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا دابەزیووە، ئەمەش لەماوەی مانگی داهاتوودا بۆ 9 ملیۆن لە رۆژێكدا دادەبەزێت، دابەزینی نرخی نەوتی جیهانیش بە بڕی یەك دۆلار، واتای ئەوەیە بودجەی ساڵانەی عیراق زیانی ملیارێك دۆلاری پێگەیشتووە”.

بە وتەی سەنەد “لەنێوان ئەو رێگەچارانەی كە حكومەتی وڵات پەنایان بۆدەبات چاپكردنی دراوە، ئەمەش ناكرێت بەبێ‌ بوونی روپۆشی زێڕ و دراوی قورس، لەگەڵ ئەوەشدا رێگەچارەكە بە دوایین رێگەچارەی پێشنیاركراو دادەنرێت، چونكە رەنگە كاروبارەكان بۆ مانگێك یان دوو مانگ بەمشێوەیە رایی بكرێن”. ڕاشیگەیاندووە”ویلایەتە یەكگرتووەكان لە 28ی ئاداری 2020 لەڕێی كۆنگرێسەوە بڕیاریدا بە بەهای دوو ترلیۆن دۆلار دراو چاپبكات كە یەكەم دەوڵەتە لە جیهاندا، بەڵام پابەندی پرسی چاپكردنی دراو نەبووە، ئیتر بۆ ناكرێت وڵاتانی تر كە پشت بە دۆلار دەبەستن (وەك ئاماژەكردنێك بۆ عیراق)، پەنا بۆ ئەو رێگەچارەیە ببەن”.

هەر لە سایەی دابەزینی نرخی نەوت و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵاتدا، حێسن عەقابی پەرلەمانتاری فراكسیۆنی نەهجی نیشتمانیی عیراقی، داوای لە وەزارەتی بازرگانی كردبوو، لەماوەی قەدەغەكردنی هاتووچۆ، جۆرەكانی بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان زیاتر بكات و پەلە بكات لە گەیاندنی بە هاووڵاتیان، بەتایبەت بۆ ئەوانەی داهاتیان سنووردارە. عەقابی لە بەیاننامەیەكدا كە لە 28ی ئاداری 2020 بڵاویكردەوە رایگەیاندووە “خێزانە عیراقییەكان لەماوەی قەدەغەكردنی هاتووچۆدا كە لە چوارچێوەی رێوشوێنەكانی شانەی قەیرانی حكومیدا بۆ روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ‌ درێژكرایەوە، روبەڕوی رەوشێكی دژوار بوونەتەوە”.

بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە “كاسبكاران و ئەوانەی فەرمانبەر نین و داهاتێكی سنوورداریان هەیە، لەگەڵ هەندێك لە توێژەكانی تری فەرمانبەران، بەدەست رەوشێكی گوزەرانی قورسەوە دەناڵێنن بەهۆی ئەم رێوشوێنانەی لەئێستادا گیراونەتەبەر كە پێویستی بە هەنگاوی جددی و دەستپێشخەریی مەیدانی خێرا هەیە بۆ تێپەڕاندنی رۆتین و رێوشوێنە ئاڵۆزە باوەكان”.

عەقابی داوای لە حكومەت و وەزارەتی بازرگانی كردبوو “جۆرەكانی بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان زیاتر بكەن، بەجۆرێك كە خێزانی عیراقی سوودیان لێوەربگرێت، لە سایەی ئەم رەوشەی هاتۆتەئاراوە تا باری سەرشانیان سووك ببێت، بە تایبەت زیادكردنی جۆری پاقلەمەنی و وشكە و لەقوتونراو و چا و پاكژكەرەوەكان و ئەوانی تر”، جەختیشی لەسەر پێویستی پەلەكردن لە گەیاندنی ئەو خۆراكانە كردبۆوە بۆ چەند توێژێك كە لەئێستادا بە رەوشێكی ناهەمواردا تێدەپەڕن.

پەرلەمانتارەكەی فراكسیۆنی نەهجی نیشتمانی پێیوایە”ئەم رەوشە ناهەموارەی گەلی عیراقی پێدا تێدەپەڕێت، پێویستی بە خستنەگەڕی هەوڵی زیاتر و هەماهەنگی و یەكڕیزیی نێوان هەموو لایەنەكان و چالاكییە فەرمی و میللییەكان هەیە”.

لە كۆتایی بەیاننامەکەشدا حسێن عەقابی رایگەیاندووە”هەندێك چالاكی دڵخۆشكەر بەدیكران لەڕووی دەستپێشخەری میللی خۆبەخشانە كە تەئكیدكردنەوە بوون لەسەر غیرەتی عیراقی و گیانی مرۆڤایەتی نێو رۆڵەكانی گەلی عیراق”.

print

 33 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*