سەرەکی » وتار » شیلان ده‌رگه‌ڵه‌یی » خوایە وڵات… تەختكەی!

خوایە وڵات… تەختكەی!

ئەوە نزای كابرایەكی وڵاتێكی عەرەبی تا سەرئێسقان ئیسلامیە، لە ناخۆشیەكانی زیندانی وڵاتەكەی زیاتر، هیچی تری بیر نەماوە. زیاد لە شەش مانگە لەگەڵ دەروونناسێك ئەو نەخۆشە دەبینین، ئەو بە چارەسەر و منیش وەرگێڕان. هەموو كاتێكی رۆژ و شەو، بیرەوەرییەكی تاڵی زیندان و ئەشكەنجەدانی بیردێنێتەوە. هەفتەی ڕابردوو لە منی پرسی: باشە تۆش وەك من خەڵكی وڵاتێكی رۆژهەڵاتی و لە هەمان باكگراوندەوە هاتووی، ئەگەر وەك من چاو بنووقێنی و هەڵبێنی هەر تاڵیەكانی ئەوێت بێنەوەیاد، چ نزایەك دەكەیت و هیوای چی بۆ وڵات و میللەتەكەت دەخوازیت، دەزانی من بەدڵ دەخوازم وڵاتەكەم تەختبێ و میللەتەكەشم هەمووی لەناوچێ، بەڵكو ئەوانەش بگرێتەوە كە ئەشكەنجەیانداوم و منیان كردە (نیوەپیاو). بێگومان من بۆم نییە وەڵامی ئەو بدەمەوە، بەڵام پرسیارەكەم بۆ دەروونناسەكە وەرگێڕا. من لە ئازاری ئەو تێگەیشتووم، هەر لە یەكەم دیدارەوە وێنەی دوای ئازادبوونی پیشانداین كاتێك دكتۆرەكان (كرم) لە برینەی شان و قۆڵی دەردەهێنن، ئەو رۆژە هەستمكرد جەستە و دەروونی چەند ئازاردراوە و ژیانی خۆی و هاوسەر و منداڵە وردیلەكانیشی چۆن لێ بۆتە دۆزەخ . ئەو ناتوانێ لەو یادگاریە تاڵانە ڕزگاری ببێ، لەسایەی سەركردە و جەللادەكانی زیندان كە هەر كوڕی وڵات و نەتەوە و ئایینی خۆی بوون، هاتووە لێرەش دەروونناسێكی ( کافر) بە قەولی موسڵمانانی عەیار 24 چارەسەری ده‌كات. من هەرگیز نزای بەد بۆ وڵات و میللەتم ناكەم، بەڵام دەڵێم: ئەگەر خوا هەیە و هێز و مهر و خۆشەویستی بۆ ئەو مەخلووقە هەیە، كە خۆی دروستیكردووە و ناوی مرۆڤە، با چیتر ئەوە قبوول نەكات. هەندێك پڕبن و هەندێك قڕ. هەندێك مووچەیان ده‌یان هه‌زار دۆلاربێ، هەندێكیش پارەی كڕینی دەفتەرێكی سی پەڕی نەبێ بۆ مناڵەكەی. هەندێك ببنە قەڵغانی سەنگەر و هەندێكیش لە تەڕی لەوەڕبكەن و لە وشكی بخەون. هەندێك بە كۆڵبه‌ری لەپشت بازگەكانی گومرگەوە باره‌كان ئاودیوی سنوور بكەن، تاكو بۆ بژێوی ماڵ و مناڵیان ده‌ستبه‌ر بكه‌ن و ململانێی مه‌رگ بكه‌ن و هەندێكیش لە خاڵەكانی گومرگەوە وڵاتێك بە سەروەت و سامانەوە ئاودیوی گیرفان و قاسه‌ و حساب بانكیه‌ شه‌خسییه‌كانی خۆیان بكه‌ن. هەندێك بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن بە ستوونی كارەبا هەڵگەڕێن و كارەبا بیانگرێ هەندێكیش بۆ تاهەتایە لە دەسكەوتەكانی دەرچوون لە هەڵبژاردن بخۆن. هەندێك ببنە پەیژە بۆ سەركەوتنی بەشێك و هەندێكیش بە کورسیەوە بنووسێن. بەشێكی زۆری تاوانی خۆمانە و هەموو ئەوانەمان قبوولكردووە. خوایە وەرە دەنگ، وڵات ئاوەدانكە بە وەرگێڕانی تەختی ئەو دز و شڕەخۆر و جاشانە، وڵات با هه‌ر ئاوه‌دان بێت، گۆڕ و هه‌پرون بوونی فیعه‌ونه‌ ناعدایله‌كانیش به‌شێك بێ له‌
گوڵزاری وڵات.

print

 19 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*