سەرەکی » راپۆرت » گوندەکان وەک پەناگەیەکی دژە نەخۆشی

گوندەکان وەک پەناگەیەکی دژە نەخۆشی

ئامادەکردنی: گوندستانی نوێ

هاووڵاتیان لە شارەکاندا بەکارێکی قورس و نامۆی دەبینن کە بەهۆی کۆرۆناوە خۆیان کەرەنتینە دەکەن، کاتێک لەگەڵ هەر هاووڵاتییەکی شارنشین دەدوێیت و چیرۆکی مانەوەیانت لە ماڵەکانیاندا بۆدەگێڕنەوە، بۆت دەردەکەوێت کە ئەو دۆخە لە تاقەت و ویستی ئەوان بەدەرە و ناچاری نەبێت ناتوانن لەماڵەوە دانیشن و بمێننەوە، بۆیە هەمیشە لە دەلاقەیەک و رێگایەک دەگەڕێن لەو دۆخە بیانباتە دەرەوە و دەستیان بگاتە گوندەکان.

هاووڵاتییەک کە پێشتر پشکنینی کۆرۆنای بۆ کراوە و نێگەتیڤ بووە و ئێستا لە گوندەکەی خۆی دادەنیشێت، بۆ گوندستانی نوێ دەدوێت و پێیوایە گوندەکان پەناگەیەکن دژی هەموو جۆرە نەخۆشییەک.
ئەو هاوڵاتییە دەڵێت: ئێستا گەڕاومەتەوە گوندەکەی خۆم و لە جەنجاڵیی شار رامکردووە!. شار بەهۆی جەنجاڵییەکەیەوە ئەگەری بڵاوبوونەوەی هەموو جۆرە نەخۆشییەکی هەیە و بەهۆی سەردانیکردن و بەریەککەوتنەکانەوە ناتوانین خۆمان لە هیچ پەتایەک بپارێزین، لەکاتێکدا ئەم بارودۆخە لە گوندەکاندا تەواو پێچەوانەیە و ژیانی هاووڵاتیان لە گوندەکاندا زۆر سادە و بێ کێشە دەڕوات و مەترسیی نەخۆشییەکان کەمترە و هەمووان سەرقاڵن بە ئیشوکاری خۆیانەوە.

ئەو هاووڵاتییە ئاماژەشی بەوە داوە کە لەکۆنەوە تائێستا هەمیشە گوندەکان جێگایەکی دوورەدەست بوون، هەندێکجار ئەم دوورە دەستییە خراپ بووە، بەڵام زۆربەی جارەکان ئەم سوودی هەبووە.

حسێن حەمەئەمین کە خاوەن کارە لەشاردا، بەڵام ئێستا دووکانەکەی کڵۆم داوە و لەگوند نیشتەجێیە، ئەو چیرۆکەکان جیاواز دەگێڕێتەوە و دەڵێت: چەند رۆژی سەرەتای قەدەغەی هاتووچۆ کە دەهاتینە بەردەرگا و کەسمان نەدەبینی زۆر حاڵەتێکی دەروونی ناخۆش بوو، چونکە ئێمە بەدۆخێکی لەو شێوەیە رانەهاتبووین. بۆیە نەمتوانی ئەوکاتە زۆرەی کەرەنتینە لەشار بەسەر بەرم.
حسێن دەڵێت: لەشاردا هاتووچۆ وەستاوە، بۆیە کاسپی و ئیشوکاریش وەستاوە و کردنەوەی بازاڕو دوکانیش سوودێکی ئەوتۆی نییە. بەڵام کە گەڕامەوە گوندەکەمان بەتەواوی پێچەوانەی شارە، لەگوند ژیانێکی سادە و خۆش، کەس هەر باسی کۆرۆناش ناکات.

ئەو دەڵێت: یەکەم بەیانی کە لەگوند هەستام و سەرقاڵی خەڵکم بینی بە ئیشوکار و ئاژەڵدارییەوە، ئەوەم بۆ دەرکەوت کە گوندەکان جێگایەکی باشە بۆ دۆخی دەروونی هاووڵاتیان و دوورکەوتنەوە لەو دۆخە گشتییەی باڵی بەسەر ژیانی شاردا کێشاوە و کەس ناوێرێت لەماڵ بچێتە دەرەوە.

هەر لەدرێژەی قسەکانیشیدا دەڵێت: وەرە سەیری دەمەتەقێی خەڵکی شار و خەڵکی گوند بکە بەوەدا بۆت دەردەکەوێت هەردوو ژینگەکە جیاوازە، لەشاردا هەموو دەمەتەقێیەک بووەتە باسی کۆرۆنا، بەڵام لەگوند کەمترین قسە و دەمەتەقێ باسی ئەم نەخۆشییەیە و کەس بیریشی لێ ناکاتەوە.

print

 255 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*