سەرەکی » وتار » ئەكرەم میهرداد » کۆرۆنا لەنێوان و ئاشتیی جیهاندا

کۆرۆنا لەنێوان و ئاشتیی جیهاندا

 

پۆست مۆدێرنەکان و مارکسییەکان بەردەوام وتویانە کە سیستمی سەرمایەداری و مۆدێرن تەنیا لەکاتی پەیدابوونی دوژمن و مەرگەساتی هاوبەشدا هاوکاریی و ئاشتی لەگەڵ یەکتردا دەکەن، بەڵام لەسەردەمی ئاساییدا هەمیشە لە ململانێ و دژایەتی و ناپاکیدان لەگەڵ یەکتریی .

ئەگەرچی هەموو سیستمە مۆدێرن و سەرمایەدارەکانی جیهان بە دروشمەکانی ئازادیی و یەکسانی و برایەتی، یان بەناوی سۆسیالیزمەوە هاتنە مەیدان و هەتا ئێستاش بەو ناوانەوە شانازیی بەخۆیانەوە دەکەن، بەڵام هەتا بۆیان کرابێت لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتەکانیشیان ئەو مافانەیان لە خەڵک درێغ کردووە، ئەو کەمە ئازادیی و مافانەی کە لە هەندێک وڵاتیش ئەگەر هەبن، بێگومان لەژێر گوشار و کاریگەریی بزووتنەوە و داواکارییەکانی خەڵکدا بەدیهاتوون.

هەمووان دەزانن کە مێژووی ململانێ و نەیاریی دەوڵەتانی سەرمایەداری دوو جەنگی جیهانی و دەیان و سەدان جەنگی ناوخۆ و هەرێمایەتیشیان کردووە بە کارەسات و ماڵوێرانی و کوشتار بۆ خەڵکی جیهان و سەدان ملیۆن کەسیان کردۆتە قوربانی. تەنانەت لەسەردەمی نەخۆشی و پەتا درمییەکانیشدا وازیان لەم ناکۆکی و ململانێ و جەنگانە نەهێناوە، یان جەنگەکانی ئەوان ژینگەی لەباری بۆ دەیان و سەدان نەخۆشیی هێناوەتەدی.

ئێستا هەندێک لەوانەی بڕوای خۆیان دەرخستووە سەبارەت بە پەتای کۆرۆنا، دوو بەشن: هەندێکیان دەڵێن ئەمە کۆتایی سەرمایەداریی و ململانێی جیهانییە و هەندێکی دیکەشیان دەڵێن ئەمە سەرەتای مەرگێکی فراوانتر و وێرانکارییەکی دیکەی ململانێ و جەنگی نێوان وڵاتانی سەرمایەدارییە بەهەردوو شێوەکەی دەوڵەتی دیموکراسی لیبرالی و دەوڵەتی تۆتالیتاری بەناو سۆسیالیستی یان دیکتاتۆریی خۆرهەڵاتی.

ئێستا زۆرێک لە چاودێران و رووناکبیران و خەڵکی جیهان چاوەڕێ و خوازیاری هاوکاریی و ئاشتی جیهانی نێوان وڵاتان و بەتایبەتی زلهێزەکانن بۆ جەنگی دژبە کۆرۆنا و ڕزگارکردنی خەڵک لە مەرگەساتی ئەم پەتا جیهانییە، بەڵام بەداخەوە زیاتر لە جاران نەیاریی و ململانێکانیان توندتر کردەوە و زیاتر یەکتریان تاوانبار کرد و تەنانەت یەکێتیی ئەوروپا فریای کارەساتی وڵاتەکانی خۆشیان نەکەوتن یان زۆر درەنگ بیریان لێکردەوە .

لەناوبردنی پەتای کۆرۆنا و رزگارکردنی مرۆڤایەتی لە مەرگ و لەناوچوونی دڵنیا، تەنیا بە ئاشتی و هاوکاریی و یارمەتیدانی یەکتریی دەبێ و هەتا نەیاری و دژایەتی نێوان دەوڵەتان هەبێ و بەهێز بێ، کۆرۆنای دوژمنی هاوبەشمان زیاتر پێمان دەوێرێت و زەفەرمان زۆرتر پێ دەبات .

print

 13 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*