سەرەکی » وتار » بارزان شێخ عوسمان‌ » برایم ئەحمەد، ئەو رابەرەی کە رێبازەکەی ھەمیشە…

برایم ئەحمەد، ئەو رابەرەی کە رێبازەکەی ھەمیشە…

برایم ئەحمەد، ئەو رابەرەی کە رێبازەکەی ھەمیشە ئاوەدان و فراوانتر دەبێت

ھەر لەگەڵ ناوی مامۆستای نەمر برایم ئەحمەد دێتە گوێم، یان نووسینێکی ئەو زاتە گەورەیە دەخوێنمەوە، دەستبەجێ رستە بەناوبانگەکەی ناو وتارە بە پێزەکەی کاک نەوشیروانی سەرکردەم بیردەکەوێتەوە کە لەرۆژی مەراسیمی شادکردنی جەستەی مامۆستا برایم ئەحمەد بە خاکی دایک لە گردی سەلیم بەگ پێشکەشی کرد و تیایدا ئاماژەی کرد بەوەی کە نابێت بەھۆی ململانێ سیاسییەکانەوە رۆڵی گرنگی ئەم رۆڵە ھەڵکەوتووەی گەلەکەمان فەرامۆش بکرێت لە قۆناغە سەخت و دژوارەکانی خەباتدا.

لەوتارەکەیدا کاک نەوشیروان ئەو شەڕە قورسەی بەبیر ھێنایەوە کە مامۆستا برایم ئەحمەد بە تەنیا لە رۆژنامەی زمانحاڵی پ.د.ک دا لە سەرەتای ساڵی 1961 لە بەرامبەر بەعسییە قەومچییەکان کردی بۆ داکۆکی و سەلماندنی رەوایی مافەکانی کورد لە دەستووری عیراقدا.

بەڵێ مامۆستای نەمر وەک چۆن لە سەرەتا و تافی لاوییەوە خۆی تەرخانکردبوو بۆ خزمەتکردنی گەلەکەی لەسەر بنەمایەکی زانستیی و پێشکەوتنخوازیی، کە چووە ناو ژیانی سیاسیشەوە، ئیتر ھەموو بوارەکانی بیرکردنەوە و روانینەکانی خۆی خستە خزمەتی کوردایەتییەوە کە قوربانیدان بە پلە وەزیفیە قانونییەکانی خۆی کردە قوربانی بەردەوامبوونی گۆڤاری گەلاوێژ تا درێژە بە ژیانی ئەو گۆڤارە بدات لە پێناوی ئەو ئامانجە پیرۆز و رەوایەی کە بەرنامەی بۆ داڕشتبوو و خزمەتی گەلەکەی پێ بکات و بە رزگاریی و سەربەخۆیی شاد بکات.

مامۆستای نەمر لە میانەی تێکۆشانیدا لەنێو ھەموو پارتە سیاسییەکانی پێش(پارتی)دا، مەدرەسە و رێبازێکی ھاوچەرخی دامەزراندبوو کە دەیان رۆڵەی تیادا پەروەردە ببوو، بۆیە لەگەڵ دامەزراندنی پارتیدا ریزەکانی ئەو حزبە بووە مەیدان و چەقی خەباتی بەشی ھەرە زۆری ئەو رۆڵە بەئەمەکانەی کە بە رێباز و فکری برایم ئەحمەد گۆش کرابوون.

راستگۆیی ئەم کەسایەتییە رووناکبیر و بلیمەتەی گەلی کوردستان لەگەڵ بیروباوەڕ و رێبازە سیاسیی و ئینسانییەکەیدا لە بوارەکانی پارێزەریی، ئەدەبیی، رۆژنامەگەریی و سیاسییدا رەنگی دابۆوە کە مۆرکێکی پێشکەوتنخوازیی، دیموکراسیی، مرۆڤدۆستیی، دادپەروەریی، یەکسانی ، چینایەتیی و ھاوچەرخیی لەخۆگرتبوو.

رێبازە پیرۆزەکەی مامۆستای نەمر بریتیی بوو لە سەلماندنی مافەکانی گەلی کوردستان بەو جۆرەی کە خۆی بڕیاری لەسەر دەدات لە سایەی سیستمێکی دیموکراسییدا کە ھەموو چەوساندنەوە نەتەوەیی و چینایەتییەکانی تیادا بنبڕ بکرێت، شان بەشانی گەلان و میللەتانی ھاوسێی.
رێبازو مەدرەسە ئینسانییە پێشکەوتنخوازەکەی مامۆستا برایم ئەحمەدی نەمر لەسەر بنەمای یەکپارچەیی کورد و خاکەکەی بنیات نراوە کە کورد خاوەنی یەک مەسەلەیە، بەڕەچاوکردنی ھەلومەرج و بارودۆخی ھەر پارچەیەکیدا، ئەویش رزگاریی و ئازادیی و شادبوونە بە مافی چارەنووسی خۆی.
لەبارەی نەھێشتنی ستەمی رەگەزیی سەر ژنانیش مامۆستای نەمر بایەخێکی تایبەتی بەم لایەنە داوە کە ھانی رۆڵەکانی گەل دەدات پێگەی ژنان بەھەند وەربگرن، ژنانیش خۆیان تەرخان بکەن بۆ چڕکردنەوەی خەباتیان لە پێناوی یەکسانیی و بەشدارییکردنیان لە کایەکانی ژیانی سیاسیی و فەرھەنگیی و کۆمەڵایەتیی و ئابورییدا.

ئەو خاڵە گەشانەی کە دڵۆپێکن لە دەریای رێباز و فیکری مامۆستای نەمر ئاماژەن کە رێبازەکەی برایم ئەحمەد راستوڕەوایە و دەریچەی رزگاریی و ئازادییە، مەدرەسەیەکی گشتگیریی سەرتاسەرییە بۆ گەلی کوردستان و تەواوی دیموکراتخواز و پێشکەوتنخوازەکانی گەلانی دراوسێ و ھاوبەشمان، ھەموو پێشبینیی و نەخشەڕێگەکانیش بۆ بەدیھێنانی خواستە رەواکانی گەل کە دەیان ساڵ لەمەوبەر مامۆستای نەمر لە پەیامەکانیدا ئاماژەی بۆ کردوون، هێشتاش ھەر بە گەشاوەیی ماون، بۆیە رێبازە پیرۆزەکەی رۆژبەڕۆژ ئاوەدانتر و فراوانتر دەبێت.

ئەمڕۆش کە یادی دوو دەیەی ماڵئاوایی ئەم کەسایەتییە مەزنەیە، جێگەی خۆشحاڵییە کە رێکخراوی برایم ئەحمەد فاوندەیشن لەم باردۆخە تایبەتەدا کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە هاتۆتە پێشەوە و بە شێوازێکیتر راسپاردە و ئاواتەکانی مامۆستای نەمر جێبەجێ دەکات و تێچووی خەڵاتی ساڵانەی بلەی تەرخانکردووە بۆ دابینکردنی خۆراک و پێداویستی ڕۆژانە بۆ 350 خێزانی کەم دەرامەت لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان کە پێکدێن لە (کەسوکاری شەهیدان و ئەو خێزانانەی بەهۆی کێشەی سیاسییەوە رۆژهەڵات و رۆژئاوای کوردستانیان بەجێهێشتووە و ئێستا لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، هەروەها گەیاندنی خۆراک و دابینکردنی پێداویستی رۆژانە بۆ 450 خێزانی سودمەند لە پڕۆژەی (گرتنەخۆ و پاراستنی منداڵ)ی منداڵپارێزی کوردستان، گەیاندنی خواردن و پێداویستی رۆژانە بۆ ژمارەیەک خێزانی کەمدەرامەت و دابینکردنی پێداویستی پزیشکی بۆ تیمە تەندروستییەکانی قەزای شنگال و دەوروبەری ، گرتنەئەستۆی کرێی خانووی ژمارەیەک خێزانی کەم دەرامەت لەناوەندی شاری سلێمانی و دابینکردنی بودجەی پێویست بە چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی مۆنۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجە کە بەهۆی رەشەباوە زیانی بەرکەوتووە .

ھەزاران درود بۆ گیانی مامۆستا برایم ئەحمەدی رابەر و روناکبیر و پارێزەر و رۆژنامەنووس و ئەدیبی گەورەی گەلەکەمان، ھەر رۆشن بێت مەدرەسە و رێبازە ئینسانیی و کوردایەتییەڤ ھاوچەرخە پێشکەوتنخوازەکەی.

print

 321 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*