سەرەکی » وتار » ڕه‌سوڵ بۆسكێنی » فیتنه‌ی سیاسی له‌ هه‌رێم دیارده‌یه‌كی مه‌ترسیداره‌

فیتنه‌ی سیاسی له‌ هه‌رێم دیارده‌یه‌كی مه‌ترسیداره‌

له‌گه‌ڵ هه‌ر جووڵانه‌وه‌ و سه‌ركێشی و خه‌باتێكی نه‌ته‌وه‌یی كورددا، دوژمنانی كورد و دۆسته‌كانییان ژان ده‌یانگرێ و له‌گه‌ڵ هاتنه‌ئارای هه‌ر حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتێكی كورد هه‌موو دوژمنه‌كانی كه‌وتوونه‌ته‌، سۆسه‌ و راوێچكه‌ی خراپه‌كاری و چینینی ته‌ونی خیانه‌ت تا به ‌ئامان و زامان ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یان له‌بار بردووه‌ و ئاهی ئاسووده‌ییان به‌دڵ و ده‌روون داهاتووه‌، نموونه‌ی زۆر و زیندوومان له‌ رابردووی دوور و نزیكیشدا هه‌یه‌، سه‌دان جار له‌ ئه‌وجی ده‌سه‌ڵاتدا خلۆریان كردۆته‌وه‌، نزیك ترین جووڵه‌ و كرداری قێزه‌ونی دوژمنه‌كان له‌ دوای راپه‌ڕینی به‌هاری گه‌له‌مان له‌ باشووری كوردستان و دروست بوونی په‌رمان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستی پێكرد، له‌و رۆژه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كوردی له‌م‌ وڵاته‌ خۆشه‌ویسته‌دا كه‌وته‌ خزمه‌ت و ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ی نیشتمانه‌كه‌ی، توركیا و ئێران و سوریا هه‌ر به ‌سێ مانگ جارێك له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نهێنی و چڕ و پڕدا پیلانیان داده‌ڕێژا و دوای ته‌واو بوونی كۆبوونه‌وه‌كه‌شیان زۆر زاڵمانه‌ و بێ شه‌رمانه‌ به‌ئاشكرا له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا زۆر راشكاوانه‌ ده‌یانوت: ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌مان تایبه‌ت بوو به‌ چاره‌نووسی هه‌رێمی كوردستان، له‌ژێره‌وه‌ش ده‌كه‌وتنه‌ چاندنی داوی غه‌در و ناپاكی، تا ئاواته‌كه‌یان به‌دی هات و كورد گیرۆده‌ی شه‌ڕێكی ناوخۆی بێزراو و قێزه‌ون بوو، له‌و رۆژه‌وه‌ ئیتر له‌ رێگای ده‌سنده‌ و چڵكاوخۆره‌كانیان مه‌رامه‌كه‌یان پێكهات و وازیان له‌ كۆبوونه‌وه‌كانیان هێنا، ئه‌و شه‌ڕه‌‌ بووه‌ هۆی وێرانكاری و ماڵوێرانی و نه‌مانی متمانه‌ له‌ نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كان و جه‌ماوه‌ری هه‌رێمی كوردستان، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش چه‌ندان تۆڕی خراپه‌كاری و جاسووسی و خیانه‌تكارانیان له‌ناو خه‌ڵكدا چاند، بۆ له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شاندنی كۆمه‌ڵگای كوردی و نه‌مانی بڕوا و متمانه‌ و بوونه‌ ماكی فیتنه‌ و ئاژاوه‌ نانه‌وه‌ له‌نێو جه‌ماوه‌ری هه‌رێم و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كاندا، كه‌ تۆوی ئاڵۆزی و ئاژاوه‌یان بره‌و پێدا و له‌ رێگای پیاوه ده‌ست چێنه‌‌كانیانه‌وه‌ فیتنه‌ و خراپه‌كاری رۆژ به‌ڕۆژ له‌ هه‌ڵكشاندایه‌، به‌هۆی پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆژیا و كه‌ناڵه‌ جۆربه‌جۆره‌كانه‌وه‌ له‌ رێگای راگه‌یاندن و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانیشه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ی تر بره‌وی پێ درا و به‌ره‌و دوا رۆژێكی ترسناك هه‌نگاو ده‌نێ.

فیتنه‌ی سیاسی دیاردەیەکی ترسناکە، ده‌بێ رێگای لێ بگیرێ، نەک لەبەر ئەوەی قسە لەسەر رووداوە سیاسییەکان ده‌كه‌ن، یا وه‌ك خۆیان له‌ گوێی خه‌ڵكی ده‌چرپێنن نهێنی و خراپه‌كارییه‌كان بۆ خزمه‌تی هاووڵاتیان رووداوه‌ سیاسییه‌كانی هەرێمی کوردستان ئاشكرا ده‌كه‌ن، بەڵکو لەبەر ئەوەی نیه‌ته‌ خراپه‌كانیان له‌ هه‌ستی خه‌ڵكی كوردستان ده‌چه‌سپێنن و به‌رده‌وام خەریکی وروژاندنی هه‌ستی جەماوەری كوردستانن، له‌لایه‌كی تر كه‌وتوونه‌ نانه‌وه‌ی فیتنه‌ی سیاسی و دنه‌دانی جه‌ماوه‌ری لایەنێک دژ بەلایەنێکی تر بره‌و پێده‌ده‌ن. ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ كۆنتڕۆڵ كراوانه‌ له‌ناو كوردا كه‌م نین، كه‌ له‌هه‌ر بۆشاییه‌كی سیاسی و ئیداری و ئابوور…هتد، ئاماده‌ییان هه‌یه‌، عه‌لی جه‌وانمه‌ردی وه‌ك نموونه‌: ئەم پیاوە چەندین جارە بێ له‌به‌رچاوگرتنی دۆخی هه‌ستیاری كوردستان له ‌كاتی هه‌ر رووداو و پێشهاتێكدا فرسه‌ت دێنێ و ژه‌هره‌كه‌ی خۆی ده‌ڕێژێت، هه‌ر وه‌ك لە كاتی هێرش و لەشکرکێشیەکانی تورکیا بۆسەر بنكه‌ و باره‌گاكانی پەکەکە، له‌ فه‌رمایشته‌كانیدا تورکی وەکو هێزێكی خاوه‌ن ماف و پەکەکەی وەکو دوژمنی کورد و هێزێکی ئیرانی ده‌ناساند، به‌ گوتاره‌ تورکانە و تێروانینه‌ میتیەكه‌ی ئه‌وه‌ی توركیا به‌هێزی سه‌ربازی و به‌پێشكه‌وتووترین چه‌كی ناتۆ نه‌یده‌توانی بیكات، ئه‌و ده‌یویست له‌ رێگای به‌شینه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی نیشتمانی و كوردایه‌تی و جووڵاندنی هه‌ست و سۆزی خه‌ڵك بۆ توركیای ئه‌نجام بدات. هه‌روه‌ها له‌كاتی موشه‌ك باران كردنی حزبی دیموكراتی كوردستان له‌ كۆیه‌، كه‌ به‌داخه‌وه‌ زیانی گیانی به‌شێك له‌ كادره‌كانی ئه‌و حزبه‌ی لێكه‌وته‌وه‌، له‌و كاته‌دا وای بڵاوده‌كرده‌وه‌ كه‌ بنكه‌ی ئه‌و موشه‌كانه‌ سه‌رچاوه‌كه‌یان له ‌سلێمانی و له‌ناو هه‌رێمه‌وه‌ ئاراسته‌ ده‌كرێت، زۆرجا قسه‌ی وا بڵاو ده‌كاته‌وه‌ گوایه‌ ئەرتەشی ئێرانی هاتۆته‌ ناو هەرێمی کوردستان و زۆنی سەوز و خاكی هەرێم له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ داگیركراوه‌. ئه‌وه‌ی زۆر گرنگه‌ و زیاتر سه‌رنجڕاده‌كێشێت ئه‌وه‌ یه‌ له‌ هه‌ر دۆخێكی هه‌ستیاری هه‌رێم كه‌ دێته‌ پێش بارودۆخی ناسكی هه‌رێم به‌ ئامانج ده‌گرێ و به‌شێوه‌یه‌ك جه‌ماوه‌ری هه‌ردوو حزبی سه‌ره‌كی پارتی و یەکێتی ده‌وروژێنێ، دۆخه‌كه‌ به‌ئاراسته‌یه‌كدا ده‌بات له‌ لێواری بەرپاکردنی شەڕێکی ترسناکدا به‌جێی دێڵێ.

هه‌موومان له‌بیرمانه‌ لە کاتی رێفراندۆم نه‌ لایه‌نگرانی پارتی و خه‌ڵكانی هه‌رێم هێنده‌ی ئه‌و‌ پیاوه‌ دڵگه‌رم بوون، له‌سه‌رخستنی ریفراندۆم و نه‌ له‌ كاتی هێرشه‌كانی سوپای عیراق بۆ ناوچه‌ رزگاركراوه‌كان و كه‌ركوك له‌ 16ی ئۆکتۆبەردا جه‌ماوه‌ر و هێزه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كانی عیراق هێنده‌ كارا و دڵخۆش بوون، له‌ دنەدانی كادر و لایه‌نگرانی هه‌ردوو حزب به‌ئاراسته‌ی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ ژه‌هری ده‌ڕشت. دواجاریش بەسوودوەرگرتن لە هەڵهاتنی زیندانییەکانی سەقز، مسته‌فا سه‌لمیی كرده‌ بیانوو هاته‌وه‌ ناو گۆڕه‌پانه‌كه‌ و دۆخی هه‌رێمی وروژاند، له‌كاتێكدا هیچ له‌لایه‌نێك له‌ حزبه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان نه‌یانگرته‌خۆ و راشیان گه‌یاند له‌كاتی هه‌ڵاتنی زیندانیه‌كان ناوبراو له‌ شاری بانه‌ گیراوه‌ته‌وه‌، كه‌چی ئه‌و پیاوه‌ دووباره‌ كه‌وته‌ وروژاندنی لایه‌نه‌كان دژی یه‌كتر، بێباك له‌ ئه‌نجامی ئه‌م فیته‌نه‌كاریی وئاژوه‌گێڕییه‌ چی رووده‌دا و كاردانه‌وه‌كانی چی ده‌بێ.

ئه‌وه‌ی ئه‌م كاره‌ی بۆ فیتنه‌چییه‌كان ئاسان كردووه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هەرکەس به‌پێوه‌ری پارتی كوردایه‌تی نه‌كات و لەگەڵ کوردایەتییه‌کەی ئەودا نەیه‌تەوە، ئەوە به‌ خائین و خۆفرۆش ناوزه‌دی ده‌كات، ئه‌گه‌رچی ئه‌مه‌ ره‌گێكی قووڵی هه‌یه‌، به‌ڵام پارتیش پێویسته‌ ئه‌و راستیه‌ باش بزانێت، كه‌ فیتنه‌ی سیاسی جۆرێكی خه‌ته‌رناكه‌ له‌ پڕوپاگه‌نده‌ و له‌وانه‌یه‌ به‌بێ ویستی خۆمان بكه‌وینه‌ ناو ته‌ڵه‌كه‌وه‌، ئه‌و كاته‌ هه‌موو شتێك كۆتایی دێت، ئێستا ئه‌م جۆره‌ فیتنه‌یه‌ به‌جۆرێك ئه‌م هه‌رێمه‌ی شه‌كه‌ت كردووه‌، داهاتوومان نادره‌، بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م دۆخه‌ پێویسته‌ هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان و به‌تایبه‌ت پارتی و یه‌كێتی ئه‌وه‌ بزانن، ئه‌گه‌ر هوشیارانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م كاره‌ نه‌كرێت، له‌وانه‌یه‌ له‌هه‌ر كاتێكدا فیتنەی سیاسی كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ و خه‌مهێنه‌ر لە هەرێمی کوردستان ده‌خوڵقێنێ، ئه‌و كاته‌ په‌شیمانی هیچ گرنگییه‌كی نییه.

print

 79 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*