سەرەکی » کەلتوور » كوژرانی كابرای كتێبفرۆش، ڕۆمانێک لەسەر عیراق

كوژرانی كابرای كتێبفرۆش، ڕۆمانێک لەسەر عیراق

ئارام سدیق

ماوەی چەند ساڵێکە بە سەرنجەوە ڕۆمانی عێراقی دەخوێنمەوە و سەرنج لەو گەشەکردن و پێشکەوتنانەی رۆمانی عێراقی دەدەم. بێگومان ڕۆماننوسانی عێراق، ڕۆمانووسی نێو کارەسات و ئەو نەهامەتیانەن کە سەدەیەکە بەرۆکی تاکی عێراقی بەرنادات. تاکێک کە گومان لەسەر بوونیشی هەیە. چونکە من تەواو لەگەڵ ئەو بۆچوونەی «پارک خانا»دام کە لایوایە شتێک نییە ناوی «هاوڵاتی عێراقی» بێت، بەڵکو ئەوەی هەیە «هاوڵاتی عەرەبی سوونی» و «هاوڵاتی عەرەبی شیعی» و «هاوڵاتی کورد»، «هاوڵاتی تورکمان»…هتدە. ئەم توێژەرە دەیەوێت ئەوە بخاتەڕوو هەر بۆیە عێراق وڵاتێکە کەس خۆی بە خاوەنی ڕاستەقینەی نازانێت و هەموان لە پێناو خۆیاندا شەڕ دەکەن نەک لە پێناو بونیادنانی وڵاتەکەیاندا کە دواجار هەموان تێیدا بحەسێنەوە. ئیشی ڕۆمانووسانی عێراقی کارکردنە لەسەر ئەم پانتاییە ئاڵۆزە و پیشاندانی ئەم هاوڵاتییە بێ شوناسەیە. هەر بۆیە لەنێو هەناوی ئەم کارەساتانەدا گرنگی ئەدەبی گێڕانەوە بە گشتی و رۆمان بە تایبەتی دەردەکەوێت و دەشێ رۆماننووسانیش لەم نێوانەدا ڕۆڵی خۆیان بگێڕن.
لە دوای خوێندنەوەی رۆمانەکانی هەر یەک لە رۆمانووسان عەلی بەدر و ئەحمەد سەعداوی، کە چەند ڕۆمانێکی ئەم دوو نووسەرەم خوێندەوە. سەعد محەمەد ڕەحیم یەکێکی دیکەیە لەو رۆمانووسە گرنگانەی عێراق، کە ڕۆمانەکەی بۆم جێگەی سەرنج و بایەخ بوو. ئەم نووسەرە بونیادی رۆمانەکەی لەسەر ئەو کێشانە ڕۆ ناوە، کە لە عێراقی نوێدا ڕوو دەدەن، ئەویش کێشەی کوشتن و ئەو فەزا پڕ توندوتیژییەیە کە میلیشیا و چەکبەدەستەکان دروستیان کردووە. هەر وەکو چۆن ئەحمەد سەعداوی لە رۆمانی «فرانکشتاین لە بەغدایە» ئەوەی کردووە و لە رێی کۆنەفرۆشێکەوە چیرۆکی کوشتار و تەقینەوەکانی عێراق دەگێڕێتەوە. هاوکات سه‌عد محه‌مه‌د ڕه‌حیم لە رێی کابرایەکی کتێبفرۆشە چیرۆکی تیرۆرکردن و کوژرانی هەڕەمەکی دۆخی عێراقمان لە دە دوازدە ساڵی ڕابردوودا بۆ دەگێڕێتەوە. هەروەک چۆن عەلی بەدریش لە رۆمانی توتنەوانەکە و بابا سارتەردا دیسان دەیەوێن دوو زەمەنی جاواز و دوو وێنەی عێراق پیشان بدات، کە بە تەواوی لەم وێنانە جیاوازن، کە ئەحمەد سەعداوی و سەعد محەمەد پیشانی داوین.
ڕۆمانی «كوژرانی كابرای كتێبفرۆش» رۆمانێکە لە نووسینی «سه‌عد محه‌مه‌د ڕه‌حیم» و وه‌رگێڕانی «سه‌باح ئیسماعیل»ە و ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م لە دوتوێی 281 لاپەڕدا چاپ و بڵاویکردۆتەوە. ڕووداوه‌كانی ڕۆمانی (كوژرانی كابرای كتێبفرۆش) له‌ چوارچێوه‌یه‌كی به‌رینی جوگرافیدا ڕووده‌ده‌ن، حیکایەتی کاراکتەرەکانی ڕۆمانەکە له‌ عێراقه‌وه‌ درێژ ده‌بنه‌وه‌ تاكو ئه‌وروپا، به‌درێژایی زه‌مه‌نێك نزیكه‌ی نیو سه‌ده‌ ده‌خایه‌نێت، له‌سه‌ر باگڕاوندی گۆڕانكاریی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیی، كه‌ له‌و ساڵانەدا ڕوویانداوە. بەڵام ئامانجی سەرەکی ئەم رۆمانە عێراقی دوای سەدام حسێنە. عێراقێک کە خاڵی نییە لە تیرۆر و کوژرانی لە پڕ و هەڕەمەکیانە. نووسەر دەیەوێت بە وردی وێنەیەکی ئێستای عێراق بکێشێت. وێنەیەک جیاواز لەو وێنە ساختەیەی لە شاشەی تیڤییەکان و لە زمانی سیاسییەکانەوە پیشان دەدرێت. هاوکات دەشیەوێت ئەوە بخاتەڕوو، کە ئەم وێنەیە بەر ئەنجامی مێژوویەکە کە سەرتاپای کوشتن و ڕاوەدونان بووە.
لەم ڕۆمانەدا نووسەر دەیەوێت دوو زەمەنی جیا پێکەوە گرێبدات. یەکەمیان‌ زه‌مه‌نی ڕۆمانه‌كەیە، کە‌ جیایه‌ له‌ زه‌مه‌نی گێڕانه‌وه‌، واتە دەیەوێت ئێستای عێراق، واته‌ عێراقی پاش دیكتاتۆرییه‌ت بخاته‌ قاڵبی ڕۆمانه‌وه‌. ویستوویەتی‌ له‌ ڕێگه‌ی كاراكته‌رێكی تاڕادەیەک نادیاره‌وه‌ مێژووی ئه‌م دوایییه‌ی عێراق ده‌نووسێته‌وه‌. هه‌ڵبه‌ت هه‌ر وه‌ك چۆن مێژوو به‌ئاره‌زووی ده‌سه‌ڵاتداران نووسراوه‌ته‌وه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ له‌م ڕۆمانه‌شدا كاراكته‌ره‌كان به‌مه‌به‌ستی ئاشكراكردن و په‌رده‌لادان له‌سه‌ر نهێنییه‌كانی مێژووی ژیانی مه‌حمود مه‌رزوقی شێوه‌كار و ئاشقی موزیك و ئه‌ده‌ب و زمان و كتێب و جوانی و پێوه‌ندییه‌ مرۆیییه‌كان، به‌ئاره‌زووی دڵی خۆیان گه‌واهیی ده‌ده‌ن.
یەکێک لە خاڵە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم رۆمانە ئەوەیە کە نووسەر لە رێی چەندین جۆر گێڕانەوەوە توانیویەتی کۆی چیرۆکی مه‌حمود مه‌رزوقی شێوه‌كار و کتێبفرۆش بگێڕێتەوە. جارێکی لە رێی دەفتەری بیرەوەرییەکانییەوە و جارێکی دیکە پارچەیەکی دیکەی ژیانی لە رێی وەسفی وێنەکانی مەحمود و بەشێکی دیکەی حیکایەتی ژیانی ئەم فیگۆرە لە رێی نامە بە جێماوەکانی و هاوکات تابلۆکانیشی بەشێک لە ژیانی ئەومان پێ دەناسێنن. ئەمە بێجگە لە رێی چاتی ماسینجەریشەوە خوێنەر بەشێکی دیکەی لە حیکایەتی ئەم کتێبفرۆشە کوژراوە دەخوێنێتەوە. کۆی ئەم پارچانە دەبنە جەستەیەک بۆ حیکایەتی کوژرانی محمودی شێوەکار و کتێبفرۆش.
خاڵێکی دیکەی سەرنجڕاکێش لەم رۆمانەدا ئەو گفتوگۆ فیکرییانەیە کە لەسەر مارکسیزم و بوونگەرایی و خۆرئاوا وەکو نوێنەری لیبراڵیزم خوێنەر دەیخوێنێتەوە، کە بەلای منەوە ئەمە بەشێک لە جوانی رۆمانەکەن، هەرچەندە گفتوگۆکان زۆر قووڵ و فیکری نین و منی خوێنەر تێر ناکەن، بەڵام بوونیان گرنگی خۆی هەیە و لاموایە یەکێک لە کەموکوڕییەکانی بەشێک لە رۆماننووسان نەبوونی، یان لاوازی ئەم جۆرە گفتوگۆ فیکرییانەیە. ڕەنگە کەسێک بڵێت ڕۆمان جێگەی ئەمەی تێدا نابێتەوە. بێگومان من تەواو پێچەوانەی ئەم بۆچوونەم، چونکە ئەوەی رۆمان لە حیکایەتی گوێئاگردان و فۆلکلۆری جیا دەکاتەوە، تەنها تەکنیک و گەمەکردن نییە بە زەمەن و شێوازی گێڕانەوە نییە، بەڵکو بوونی گفتوگۆی فیکرییە، کە ڕۆمانی مۆدێرن کاری لەسەر دەکات و نموونەی باڵای ئەم جۆرە لە رۆمانووسان میلان کۆندێرای چیکییە، کە لەم بوارەدا جێگەی ئاماژە پێدانە. ڕەنگە سەخت بێت رۆمانێکی وەها جوان و گرنگ لە ڕانانێکی وەها کورتدا بخرێتەڕوو، بەڵام ئەوەی دەمەوێت لە دواجاردا ئاماژەی بۆ بکەم ئەوەیە کە ڕۆمانی «كوژرانی كابرای كتێبفرۆش»، ڕۆمانێکە لەسەر عێراقێک تژی لە کوشتن و تیرۆرکردن، عێراقێک کە ڕاستە دیکتاتۆرێک لە 2003 ەوە نەماوە بەڵام دەیان وردە دیکتاتۆر هەر یەکە و لە قەڵەمڕەوی خۆیەوە حوکمی خۆی دەکات و ئەمەش عێراقی کردۆتە عێراقێک کە هاوڵاتییەکانی نەتوانن هەناسەیەکی ئارامی تێدا هەڵمژن و پشوویەکی کورتی تێدا بدەن. ئەم رۆمانە واقیعێک پیشاندەدات، کە عێراقی شاشەی تیڤییەکان ساختەیە و راستەقینە لەنێو ئەم رۆمانەدایە، کە مرۆڤەکان بە ناهەق و بەبێ هیچ دادگاییەک دەکوژرێن و کەسیش لەسەر کوشتنەکەیان دادگایی ناکرێت. هەر ئەمەشە ئیشی ئەدەبی ڕاستەقینە کە ئەو وێنەیە پیشان بدات کە میدیاکان بەردەوامن لە شێواندنیدا و ئەو دێت وێنە ڕاستەقینەکەی ژیان و بوون پیشان دەدات نەک وێنەیەکی ماکیاژکراو.
دەستخۆشی بۆ وەرگێڕانە جوانەکەی سەباح ئیسماعیل و بەهیوای بەردەوامی لە کاری وەرگێڕان و دەوڵەمەندکردنی کتێبخانەی کوردی بەم تێکستە گرنگانە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

کتێبی بیرەوەرییەکانی ئانا فرانک

کەریم مەلا رەشید چوارشەممە، ١٦/٢/١٩٤٤ کیتی گیان! ئەمڕۆ ساڵرۆژی لەدایکبونی ...