سەرەکی » وتار » لەبەردەم دەرگای كۆنگرەی یەكێتیدا

لەبەردەم دەرگای كۆنگرەی یەكێتیدا

م. عەلی

2-2
هەر لەكۆنەوە قڕە لەسەر چەندایەتی و چۆنایەتی هەبووە، لەڕووی تیۆرییەوە بایەخ بە چۆنایەتی دەدرێ‌ كەچی لەڕووی پراكتیكییەوە چەندایەتی زاڵدەبێت.. یەكێتیی بووەتە حیزبی چەندایەتی كە لەم شتانەدا رەنگدەداتەوە: فرەیی لە دامودەزگا حیزبییەكان و زۆریی ژمارەی ئەندامانی سەركردایەتی و دوو جێگری سكرتێر و ئەنجومەنی ناوەندی و ئەندام مەكتەبی زۆر و چەندین جیگری مەڵبەند و كادیرێكی زۆری بێكار و بێبەرهەم و بێسوود و ناچاربوون بە خانەنشینكردنیان و تەنانەت فرەیی دروشمەكانی.. هەموو ئەمانە سوودێكیان بۆ گەشەكردنی یەكێتیی لەڕووی ژمارە و چۆنیەتییەوە نەبووە و نییە.

كۆمەڵێك كەموكوڕیی و هەڵەی كردووە
سەركردایەتی یەكێتیی لە ژیانی حیزبی و كاروباری رۆژانەیدا كۆمەڵێك كەموكوڕیی و هەڵەی كردووە كە نەدەبوا بكرایە، وەكو:
– پابەندنەبوون و پێشێلكردنی ئاشكرای پێڕەو چ بە دەستكاریكردنی مادە و بڕگەكان یان پێشێلكردن لەدوای كۆنگرە ئەمەش خەوشێكی گەورەیە حیزب لە پێڕەوەكەی خۆی لابدات كە كۆنگرە بڕیاری لەسەرداوە.
– نەبوونی پرەنسیپی سزا و پاداشت كە حیزبی پێ‌ گەشەدەكات و بەرەوپێشەوە هەنگاودەنێ‌.
– ترسان لە ئۆپۆزیسیۆنبوون بەهەر هۆكارێك بێت.
– یەكێتیی كرایە حیزبی مووچەخۆر و بەرژەوەندخوازیی.
– ناتەبایی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسیی لە هەڵوێست و بڕیاردان لەمەڕ مەسەلە سیاسییە چارەنووسسازەكانی وەكو سازان لەگەڵ حیزب و لایەنەكان و چاوخشاندنەوە بە هاوپەیمانی و دۆستایەتی چ لەئاستی كوردستان و چ لەئاستی عێراق و دەوروبەردا كە زۆرجار هەڵەكان چ توندبن یان نەرم زیان لە دەسەڵات و پێگەی یەكێتیی دەدات و ئەندامەكانی تووشی نیگەرانی دەكات.
– داننەنان بە شكست و هەڵەكاندا بەتایبەتی: لە جیابوونەوەی گۆڕان، لە ئیمزای ریفراندۆم، لە شەڕ لەگەڵ پارتی و ئیسلامی و پەكەكە، لە باش بەڕێوەنەبردنی كاروبارەكانی حكومەت، لە جۆری هەڵبژاردنی دۆست و دۆستایەتی لەگەڵ لایەنە كوردستانی و عێراقی و دەوروبەردا، لە بڕیارنەدان لەسەر دەست لەكارنەكێشانەوەی جێگری سكرتێری گشتی و دروستكردنی قەوارە، لەسەر وازهێنانی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و پێوەندی بە لایەنیترەوە.. هتد، ئەمەش ئەوەدەگەیەنێ‌ كە سەركردایەتی نەخشەڕێگای روونی كاركردن و خۆبەڕێوەبردن و رێكخستنی نەبووە و زۆرتر وەكو دەزگا و دوكانێك خۆی بە بازرگانی و پارەپەیداكردنەوە خەریككردووە بۆ بەخێوكردنی سەركردەكان و دامودەزگای قەبەی بێبەرهەم و ئیمتیازات بەخشینەوە بەوانەی كە ئەندامێكی بۆ زیادناكەن.

سەركردایەتی یەكێتی لەبری ئەوەی
– كەمتەرخەمیی سەركردایەتی لەئاستی كەمتەرخەمی و دابڕانی كادیر و نوێنەرەكانی لە حكومەت و لەحیزبدا.
سەركردایەتی یەكێتی لەبری ئەوەی بەرنامەی تۆكمەی هەمەلایەنە بۆ گەشەكردنی كۆمەڵایەتی و فیكری و سیاسی دابڕێژێ‌ و سەرخان و ژێرخانی كۆمەڵگای كوردی بگۆڕێ‌، خۆی بە كاری لابەلای وەكو پلەبەرزكردنەوە و خانەشینی ناڕەوا و پارەبەخشینەوە و ناردنەدەرەوە خەریككردووە، لەبری ئەوەی بەگژ گەندەڵییەكاندا چ لە حیزب و چ لەحكومەتدا بێتەوە كە پارتی دەسەڵاتداری لەپشتەوەیە، یەكێتیش خۆی لەڕێگەی كەسانی نادڵسۆزەوە كەوتە ناو داوی هەمان یاری و بووە بەشێك لە گەمەی گەندەڵی و زیادەڕۆیی.
یەكێتی لەڕێگای دەزگاكانیەوە نەیتوانیوە كادیری سەركردایەتی ئامادەبكات، بەڵكو ئەوانەی دێنەسەرەوە بە رێكەوت یان لەڕێگەی دەستەگەرییەوە سەردەكەون كە نموونەی باشیان لێدەرناچێ‌.. بۆیە دەبینین كادیر رۆڵێكی لاوازیان هەیە و زۆرتر بە دەستكەوتی مادیی و پابەندبوون بە دەستەگەری و خۆبەستنەوە بە جەمسەرەكانەوە خەریكن و ناتوانن ببنە خاوەن پێگەی خۆیان بۆ سەركردایەتیكردن.. تەنانەت كادیری وەسەتیش بەباشی پەروەردەناكرێ‌ با لە پەیمانگای كادیرانیش خولیان بۆ بكرێتەوە چونكە ئەوە تەنیا بۆ تاقیكردنەوەیە، مەكتەبی رێكخستنیش گەورەترین درێغی هەیە و ئەوەندە بە كاری ئیداری و رازیكردنی كادیر و ئەندامەكانییەوە بە ئیمتیازات مژووڵە ئەوەندە فێری زانستی سیاسەت و هونەری حیزبایەتی ناكرێن.

5. چۆن یەكێتیی چاكبكرێ‌؟
یەكێتیی لە دەوڵەت دەچێ‌ نەك لە حیزب، ئەگینا ئەم هەموو ئۆرگانە قەبانە لە سەركردایەتی و مەكتەب و مەڵبەند و كۆمیتە و كەرت و كادیرە چییە بە بەراورد بە ژمارەی ئەندامە فیعلییەكانی رێكخستن و تەنانەت ژمارەی دەنگدەرەكانیشی؟! بۆیە دەبێ‌ ئەم بارە لارە راستبكرێتەوە و یەكێتیی بخرێتەوەسەر رێگای حیزبایەتی راستینە و بەپێی بنەما حیزبییەكان هەڵسوكەوت بكات تا بتوانێ‌ لە جاران بەگوڕتر مومارەسەی ژیانی حیزبیی و سیاسیی بكات و بۆئەمەش دەبێ‌ رێوشوێنی گونجاو بگیرێتەبەر:
* كاركردن بۆ:
– بایەخدان بە لایەنی فیكری و سیاسیی و هوشیاریی.
– نەهێشتنی دیاردەی دەستەگەری زیانبەخش و جەمسەرگەری.
– نەمانی دوو جێگریی.
– نەمانی دەستەی كارگێڕیی.
– نەمانی كادیری زۆر و كەمكردنەوەیان.
– هەڵنەبژاردنی سكرتێر و سەركردە لە دوو خول زۆرتر.
– رێگەنەدان بەو كەسانەی لەسەركردایەتیدا نین لەبری سەركردایەتی دەستوەربدەنە كاروباری حیزبیی و بڕیاربدەن.
– نەهێشتنی راگەیاندنی سەر بە سەركردە و مەكتەب و مەڵبەندەكان و تەنیا یەك راگەیاندنی ناوەندیی هەبێ‌ بەهەموو بەشەكانیەوە وەكو: 1-2 سەتەلایت، 1 رادیۆی ناوەندیی، 1 رۆژنامەی رۆژانە، 1 گۆڤاری تیۆری و سیاسیی، 1 دەزگای چاپ و پەخش.. هتد.

دەبێ‌ ئەم خاڵانە رەچاوبكرێ‌
* لە هەڵبژاردنی سەركردایەتیدا دەبێ‌ ئەم خاڵانە رەچاوبكرێ‌:
– سەركردایەتی ئیقلیمگیر بێت بەپێی بەرنامەیەك لەهەموو شوێن و ناوچەكانەوە سەركردە هەڵبژێردرێ‌.
– هیچكەس لە دەرەوەی هەڵبژاردن نەهێنرێت.
– كەس بەبێ‌ دەنگدان نەبێتە سەركردایەتی.
– كەمكردنەوەی ژمارەی ئەندامانی سەركردایەتی، ئەو پەنجایەی پێڕەوی ناوخۆ كەمبكرێتەوە بۆ 21 ئەندامی سەركردایەتی كارا و 5 ئەندامی یەدەك، مەكتەبی سیاسیی 7 ئەندام بە سكرتێر و 1 جێگرەوە، ئەنجومەنی ناوەندی بۆ 51 ئەندام، مەكتەبەكان بۆ 5 مەكتەب، مەڵبەندەكان بۆ 12 مەڵبەند، هەر مەڵبەندە 4 بەش و 4 كارگێڕ و 4 ئەندام مەڵبەند، هەر قەزایەك 1 كۆمیتە، هەر كۆمیتەیەك 2 كارگێڕ و 4 ئەندام كۆمیتە و هەر شارۆچكەیەك 1 كەرت.. هتد، پەند لە زۆریی سەركردەدا نییە، بەڵكو وەكو وتراوە سەری سەركردە گرنگە.
– بەهیچ شێوەیەك هیچكەسێكی نەخوێنەوار نەكرێتە سەركردە تەنانەت پێشمەرگە و تێكۆشەری دێرینیش، چونكە سەردەمی حیزبی سەروەرییەكان كۆتاییهات و دەبێ‌ واقیعییانە مامەڵەبكەین.
– دووركەوتنەوەی سەركردە لە كاری بازرگانیی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ و پشكی كۆمپانیا و خاوەندارێتی راگەیاندنی تایبەتی و خزانەناو گەندەڵییە جۆراوجۆرەكانەوە، گەر بازرگانیش بوو دەبێ‌ چالاكیی بازرگانیی خۆی بوەستێنێ‌، ئەمە لەپێڕەودا نووسراوە، بەڵام كاری پێناكرێ‌ و نەكراوە!!
– ئیمتیازاتی ماددیی بۆ ناوماڵە و خانووكڕین و ئۆتۆمبیل و خەرجیی هاتوچۆی دەرەوە و پاسەوانی زۆر نەمێنێ‌، مەگەر بۆ پاداشت و نەخۆشیی و كاری فەرمیی، تاكو سەركردە نەبێتە بار بەسەر دارایی حیزبەوە یان وەكو كەسێكی مشەخۆری جیاواز لە ئەندامانیتر تەماشابكرێ‌.

سەركردە دەبێ‌ پرۆژەی حیزبیی هەبێ‌
– ماڵ و موڵكی یەكێتیی بۆ یەكێتیی بمێنێتەوە نەك سەركردەكان بۆ خۆیانی ببەن بەتایبەتی دوای نەمانیان لە پۆستەكانیان.
– سەركردە دەبێ‌ پرۆژەی حیزبیی هەبێ‌، كار بۆ دەوڵەمەندكردنی بەرنامە و گەشەكردنی سیاسەتی حیزب بكات.
– ئەرك بەسەر سەركردەدا دابەشبكرێ‌ و بێكار نەمێنێتەوە، واتا لە ئۆرگانێكی حیزبیدا كاربكات تا هەست بە بەرپرسیارێتی بكات و رۆڵی لە گەشەكردنی حیزبدا هەبێ‌ و لەئەركیشدا فرەكار و كوێخا نەبێ‌.
– سەركردە نابێ‌ دەستوپێ‌ سپیبێت و هەمیشە خوتەوبۆڵەكەربێت و هەمیشە گلەیی لە بارودۆخ بكات.
– سەركردە لە دەرەوەی بەرنامەی كاری حیزب بەڵێننەدەن و لەخۆیانەوە قسە و لێدواننەدەن.
– دەستنەوەرنەدانی سەركردەكان لە كاروباری حكومەت و پەرلەمان كە یەكێتیی لەڕێگەی نوێنەرەكانیەوە دەتوانێ‌ هەموو سیاسەت و هەڵوێستەكانی بە رێنوێنیكردنیان جێبەجێبكرێت.
– پێوەندیی نێوان سەركردە و ئەندامان و خەڵكیی لەئاستێكی بەرزدابێت و هەمیشە سەركردە خەمی خزمەتی خەڵكیی و پەرۆشی چارەنووسیان بێت و خۆی لێیانجیانەكاتەوە، چونكە دابڕانێك لەنێوان سەركردە و سەركردایەتی و كادیران و ئەندامانی خوارەوە هەیە.
* نابێ‌ یەكێتیی تەنیا بایەخ بە جوانكاریی دەرەوە و بارەگا و دەزگای زۆر و پۆستی زل و بێناوەڕۆك و دوورگرتن لە خەڵكیی و پۆزلێدان بەڕابردووەوە بدات.
* بایەخنەدان بە زۆریی ئەندامان كە نەتوانرێ‌ ئیدارەبدرێن، بەڵكو بایەخدان بە پەیداكردنی دەنگ و پشتیوانیی جەماوەریی بۆ كاتی هەڵبژاردن لەڕێگەی پرۆژە و بەرنامەی تیروتەسەلی خزمەتگوزاریی، چونكە یەكێتیی وەكو حیزبی هەڵبژاردن خۆی تەرحدەكات و دەبێ‌ لەو ئاستەدا رۆڵببینێ‌ .
* ئۆرگانەكانی یەكێتی سەرەڕای زۆریی ماندوون، بەرپرس و كادیرەكانی لەناو ململانێدا نوقمن، زەمینەش بۆ پێگەیاندنی كەسیتر خۆشناكرێ‌ بێنە پێشەوە و بەشداربن لە داڕشتنی سیاسەتی یەكێتیی.
* لە مەكتەبی هەڵبژاردندا بەشێك بۆ هەڵسەنگاندنی كاندیداكانی سەركردایەتی و پەرلەمانتاران و وەزیر و بەڕێوەبەری گشتیی و بریكارەكانیان و پارێزگار و قایمقام بكرێتەوە بەپێی كۆمەڵێك پرەنسیپ دەستنیشانبكرێن تا لەئاستی ئەركەكانیاندا بن.
* كاراكردن و جوانتركردنی حیزبایەتی و دوورخستنەوەی یەكێتیی لەوەی وەكو سۆپەرماركێتێكی بەلاش تەماشابكرێ‌ و هێزێكی مشەخۆر لە سەركردە و كادیر و ئەندام بۆ ئیمتیازات لە دەوری كۆبێتەوە، كە ئاستی حیزبی و رێكخستن و ئینتیمابوون و هوشیاری لەژێر سفرەوەیە.
* حیزب كادیر بەرهەمدێنێ‌، بۆیە دەبێ‌ كادیرەكانی نەوعیبن، بۆ دانانی كادیر دەبێ‌ لێكۆڵینەوەیەك بۆ مەكتەبی رێكخستن ئامادەبكات و لەلایەن لیژنەیەكی پسپۆڕەوە هەڵبسەنگێنرێت، چونكە ئەمڕۆ حیزب بووەتە شوێنی كەسانی لاواز و هەلپەرست و نەزان و نەشارەزا.
بەرنامەی درێژخایەن و كورتخایەن هەبێ‌
– بۆ سەركەوتنی هەر دەزگایەك پێویستە:
* ستافی كارا و بەتوانا دابنرێ‌
* بەرنامەی درێژخایەن و كورتخایەن هەبێ‌ بۆ پێوەندی لەگەڵ حكومەت و خەڵكیی و لایەنەكان و رووناكبیران و ئاگاداربوون لە رەوتی رووداوەكان و ئامادەیی بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان و پتەوكردنی پێگەی یەكێتیی تا بتوانێ‌ لەهەڵبژاردنەكاندا دەنگی پێویست مسۆگەربكات.
* لیژنەی راوێژكاریی لە كادیرە باڵاكانی سنووری هەر مەڵبەندێك دروستبكرێت بۆ هاوكاریكردن و دەستگرتن و دەوڵەمەندكردنی كاروبارەكانی رێكخستن و توندوتۆڵكردنی هەنگاوە حیزبییەكان و پتەوكردنی پێوەندییەكان لەگەڵ توێژە جیاكانی ناو كۆمەڵ لەڕێگەی پرۆژەی جۆراوجۆرەوە.
* لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە دەبێ‌ یەكێتیی لە ترازان و جیابوونەوەی ئەو سەركردە و بەرپرسانە نەترسێ‌ كە هەمیشە لە بۆسەی بەرژەوەندیدا خۆیان مەڵاسداوە و بەئیمتیازاتەوە یەكێتییان گەرەكە، ئەوانە هەركاتێ‌ بێت هەر دەڕۆن و یەكێتیی بەجێدەهێڵن، ئیتر بۆ لەوە بترسین كە سەنگەرەكانی یەكێتیی چۆڵدەبێت، من دەڵێم ئەوجۆرە خەڵكانە زیادەن رۆژێك زووتر بڕۆن قازانجترە.
ئیتر بەرەو كۆنگرەیەك یەكێتیی لە تەنگژە و ئاڵۆزییەكانی دەربازبكات و خوێنی بەجۆشوخرۆشیی تێبزێتەوە و بكەوێتەوەسەر رێڕەوی راستەقینەی حیزبایەتی و نموونەیەكی سەردەمییانە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*