سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » گونده‌كانی نێوان حكومه‌تی‌ هه‌رێم و حكومه‌تی‌ فیدراڵ

وتەی ئەمجارە

گونده‌كانی نێوان حكومه‌تی‌ هه‌رێم و حكومه‌تی‌ فیدراڵ

31

گونده‌كان به‌هۆی دووره‌ ده‌ستی یاخود ناوچه‌ی‌ دوور له‌ چاوی هێزه‌كانی‌ ئاسایش و ده‌وڵه‌ت له‌ دوو وێستگه‌ی‌ جیاوازدا بوونه‌ته‌ جێگای‌ جه‌نگ، جارێك له‌ باشووری‌ كوردستان و جارێك له‌ناوچه‌كانی‌ خوارووی‌ هه‌رێم كه‌ زیاتر ئه‌ركی هێزه‌كانی‌ حكومه‌تی فیدراڵە چاودیاری‌ ناوچه‌كه‌ بكات، ئه‌وه‌ی‌ گونده‌كان له‌ باشووری‌ كوردستان وه‌ك وه‌زیفه‌ی‌ خۆیان ڕۆژانێك جێبه‌جێیان كردووه‌ ئه‌ركی هاوكاری‌ شۆڕش و گروپه‌ پارتیزانییه‌كانی‌ شۆڕش بوون، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ ئێستا له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ی‌ خوارووی هه‌رێم ده‌بینرێت زۆرێكی گونده‌كان بوونه‌ته‌ ناوچه‌یه‌كی دڵنیایی بۆ گروپه‌كانی‌ داعش و هێرشه‌كانیان.

ئه‌گه‌ر به‌راوردێكی نێوان ئه‌م دوو مه‌شهه‌ده‌ ئه‌م دوو تابلۆیه‌ بكه‌ین، حه‌قیقه‌تێكمان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی به‌ تموح و ئاوه‌زی تاكه‌وه‌ هه‌یه‌، گونده‌كانی‌ كوردستان سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو په‌ستان و هێرشانه‌ی‌ به‌عس به‌ تانك و تۆپ و هێرشی سه‌ربازی ده‌یكرده‌سه‌ر باشووری‌ كوردستان و هیچ دڵنیاییه‌ك نه‌بوو بۆ ئاسایی ژیانیان به‌ڵام گوندنشینان به‌ گیانفیدایی و ئه‌وپه‌ڕی‌ دڵسۆزییه‌وه‌ هاوكاری‌ شۆڕشیان كرد و ئه‌توانین بڵێین گونده‌كانی‌ كوردستان پاڵنه‌رێكی زۆر باش و به‌هێز بوون له‌سه‌رخستنی شۆڕش و خه‌باتی ڕزگاری‌ خوازی گه‌له‌كه‌مان، نه‌ك ئه‌مه‌ ته‌نانه‌ت گوندنشینان ماڵه‌كانی‌ خۆیان كردبووه‌ جێ حه‌وانه‌وه‌ و باره‌گای‌ حیزبه‌كان و هه‌ر پێشمه‌رگه‌یه‌ك تاكێكی خێزانه‌كانی‌ گوندنشینان بوو، به‌ڵام ئه‌م مه‌شهه‌ده‌ له‌ گونده‌كانی‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ حكومه‌تی‌ ئێستای‌ فیدراڵدا و به‌تایبه‌ت ئه‌و گوندانه‌ی‌ كه‌وتوونه‌ته‌ نێوانی‌ هه‌رێم و فیدراڵه‌وه‌ ڕۆلێكیتر ده‌بینن كه‌ زیاتر ڕۆڵێكی نێگه‌تیڤ و خراپه‌.

گونده‌كانی‌ خوارووی‌ هه‌رێم كه‌ كوردستانی‌ نین ئه‌م گوندانه‌ نه‌ك ڕۆڵێكی ئه‌رێنی و باش نابینن له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ داعش و هاوكاری حكومه‌تی‌ ناوه‌ند ناكه‌ن بۆ كۆتاییهێنان به‌ جوڵه‌ تیرۆریستی و كرده‌وه‌كانی‌ داعش، به‌ڵكو ئه‌و گوندانه‌ ئێستا به‌شێكن له‌ ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ی‌ داعش و ده‌توانین بڵێین گونده‌كان بوونه‌ته‌ هۆی به‌هێزبوونه‌وه‌ی‌ داعش و خۆ ته‌یاركردنه‌وه‌ی‌ داعش، ئه‌گه‌ر داعش پشتی به‌ گونده‌كان نه‌به‌ستایه‌ ئه‌وا نه‌یده‌توانی‌ له‌ بیابانه‌كانی‌ ناوه‌ڕاست و خوارووی‌ عیراق دا به‌رگه‌ی‌ گه‌رماو ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ هێزه‌ عراقییه‌كان بگرێت، به‌ڵام چونكه‌ گونده‌كان بوونه‌ته‌ مۆڵگه‌ی‌ داعش ئه‌وا داعش ڕیشه‌كێش نه‌كراوه‌ و به‌شێوه‌ی‌ گروپ و تاقم تاقم خۆیانیان ڕێكخستۆته‌وه‌ و ئێستا داعش له‌و ناوچانه‌ زۆرترین چالاكی تیرۆریستی ئه‌نجام ده‌ده‌ن به‌شێوه‌یه‌ك داعش په‌لاماری‌ هێزه‌كانی‌ حه‌شدی شه‌عبی ده‌ده‌ن. ئه‌مه‌ش دوو لایه‌نه‌ له‌لایه‌ك هاوڵاتیانی گونده‌كان خۆیان ناتوانن ڕووبه‌ڕووی داعش بووه‌ستنه‌وه‌ و شه‌ڕی پیلان و نێته‌ شه‌ڕانییه‌كانی‌ داعش بكه‌ن له‌لایه‌كیتریشه‌وه‌ هه‌ندێك هاوڵاتی و گوندنشین خزمه‌تی‌ پیلانه‌ خراپه‌كانی‌ داعش ده‌كه‌ن ئه‌مه‌ش به‌هۆی هاوئاوازی‌ بێت یاخود به‌هۆی كڕینیان بێت به‌ پاره‌و بودجه‌یه‌كی زۆر.

له‌ به‌رامبه‌ردا حكومه‌تی‌ عیراقیش به‌ دوو ڕوانگه‌ هیچ ئاوڕی له‌ناوچه‌كه‌ نه‌داوه‌ته‌وه‌ له‌لایه‌ك هێزه‌كانی‌ عێراق چاودێری ته‌واو و وردی ناوچه‌كه‌ ناكه‌ن و بنكه‌ی‌ زۆر و به‌هێزی سه‌ربازیان له‌ناوچه‌كه‌دا بڵاونه‌كردۆته‌وه‌ له‌ لایه‌كیتریشه‌وه‌ ده‌بێت حكومه‌تی‌ عێراقی هه‌وڵبدات پرۆژه‌ی خزمه‌تكردنی‌ گونده‌كان بخاته‌ بواری‌ جێبه‌جێكردنه‌وه‌ و گوندنشینانیش جێبكاته‌وه‌ له‌ناو هێزه‌كانی‌ ده‌وڵه‌تدا بۆئه‌وه‌ی‌ بتوانن ناوچه‌كانی‌ خۆیان له‌ داعش و هه‌ر لایه‌ن و گروپێكیتری تیرۆریستی بپارێزن.

له‌دوای‌ ساڵانی‌ 2003ه‌وه‌ كه‌ عێراق توشی دۆخێكی خراپی ئه‌منی بووه‌ته‌وه‌ و دڵنیایی ئه‌منی له‌ شاره‌كاندا نییه‌ ئه‌وا گونده‌كان بووه‌ته‌ جێ حه‌وانه‌وه‌ و مانه‌وه‌ی گروپه‌ تیرۆریستییه‌كان و بۆ جێبه‌جێكردنی پیلانه‌كانیشیان سود له‌ خراپی ئه‌منی ناوه‌ندی شاره‌كان وه‌رده‌گرن و كرده‌وه‌كانیان به‌ ئه‌نجام ده‌گه‌یه‌نن، دواین نمونه‌ش ئه‌و هێرشه‌ی داعش كه‌ له‌ ئیسحاق كردویانه‌ته‌سه‌ر هێزه‌كانی‌ عێراق و كوشتار و برینداریان هه‌بووه‌، ئه‌مه‌ پێمانده‌ڵێت هێزێكی تیرۆریستی وه‌ك داعش ئه‌گه‌ر په‌ناگه‌یه‌كیان نه‌بێت بۆ خۆ به‌هێزكردنه‌وه‌ چۆن توانیویانه‌ به‌ماوه‌یه‌كی كه‌م دوای‌ ڕاگه‌یاندنی سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعشدا جارێكیتر په‌لاماری‌ هێزه‌ عێراقییه‌كان بده‌نه‌وه‌ و هه‌ڵبێن بۆ شوێنی نادیارو چۆڵ.

print

 379 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*