سەرەکی » زانست » ئاژەڵی لاما و هاوشێوەكانی بۆ…

ئاژەڵی لاما و هاوشێوەكانی بۆ…

ئاژەڵی لاما و هاوشێوەكانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا

زاناكان ئاشكرایانكردوە جۆرە ئاژەڵێكی خێزانی لاما دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ لەناوبردنی ڤایرۆسی كۆڤید-19.

زانایانی سەنتەری( ڤیب یو جنت)ی بلژیكی بۆ تەكنەلۆژیای پزیشكیی زیندەیی و زانكۆی تەكساسی ئەمریكا لە ئۆستن لە گۆڤاری (Cell)دا توێژینەوەیەكیان بڵاو كردووەتەوە و تێیدا ئاماژەیان بەوەداوە كە دەكرێت ئاژەڵی وینتەر كە لە خێزانی(لاما)یە بەسوود بێت لەو هەوڵانەی دەدرێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ پەتای كۆرۆنا، ئەمەش دوای ئەوە دێت كە تەنۆلكەیەكیان لە خوێنی ئەو ئاژەڵەدا دۆزیوەتەوە كە پێدەچێت ڤایرۆسی (كۆڤید -19) لەناوبەرێت.

ئەم تیمە هاوبەشە ماوەی (٤) ساڵە توێژینەوەكانیان لەسەر ئەو دژە تەنانە دەكەن كە دەتوانێت ڕێگریی لە ڤایرۆسی (سارس) بكات كە لە ساڵی (٢٠٠٣)دا بڵاو بووەوە و هەروەها ڤایرۆسی(مێرس)یش كە لەساڵی (٢٠١٢) دا بڵاو بووە، ئەم دوو جۆر ڤایرۆسەش لەگەڵ ڤایرۆسی كۆرۆنا هاوشێوەن و هەموویان سەر بە ڤایرۆسە تاجدارەكانن.

(كزافییە سیلینس) سەرۆكی بەشی بەلژیكای تیمەكە دەڵێت» لە ماوەی (٤) ساڵی ڕابردوودا دەستمان كردووە بە توێژینەوەكانمان و بۆیە ئەو جۆرە ئاژەڵەشمان هەڵبژاردووە كە لە خێزانی ئاژەڵانی وەك حوشتر و لامایە، چونكە ئەم جۆرە ئاژەڵانە تایبەتمەندییەكیان هەیە كە كۆئەندامی بەرگرییان دژە تەنی بچووكیان هەیە كە زانایان دەتوانن بە ئاسانی كاری لەسەر بكەن».

ئەو وتیشی» لە ساڵانی ڕابردوودا هەندێك لە ئاژەڵانی لاما بە دەرزی ڤایرۆسی (سارس) و(مێرس)یان لێدراوە و دواتر نمونەی خوێنیان وەرگیراوە بۆ ئەوەی توێژینەوە لەسەر گۆڕانكارییەكان بكرێن و هەندێك ئەنجامی ئەرێنی هەبووە.

هەروەها ئەوەشی دوپاتكردەوە كە لەبەر ئەوەی ئەم ڤایرۆسە نوێیە نەوەی ڤایرۆسی(سارس)ە، بۆیە هەروەك ئەو تاجدارە دەتوانین بڵیین گرێی شێوە بزماریی هەیە كە دژەتەنەكە پێوەی بنوسێت، هەربۆیە بەشی زۆر بچوكی ئەو دژە تەنانەی ئاژەڵی (وینتەر)ی بۆ هەڵدەبژێردرێت كە بە( تەنی نانۆیی) ناسراوە بۆ ئەوەی بزانرێت كامیان زۆرتر بە ڤایرۆسەكەوە دەلكێت.

زاناكان هەوڵ دەدەن گەشەبدەن بە ڤاكسینێك بۆ مرۆڤ كە لە دژە تەنی ناو خوێنی لاما و ئاژەڵەكانی تری ئەو خێزانە دروست دەكرێت، ئەو دژە تەنە هێندە بچووكە كە چەندین جار بچووكترە لەوانەی لەخوێنی مرۆڤدا هەیە، بۆیە ئەندازەكەی ڕێگە خۆشكەرە بۆ بەكارهێنانی تەكنیكێكی زانستیی لە دژایەتی ڤایرۆسی كۆرۆنادا بە شێوەیەك كاری ئەو دژە تەنە لەسەر لوتكە تیژەكانی دەوروبەری ڤایرۆسەكە چڕ دەكرێتەوە بەر لەوەی هێرش بەرێت بۆ ناوەوەی ڤایرۆسەكە و لە ناوی بەرێت.

ئەو تیمە ئێستا سەرقاڵی ئەوەن دەست بكەن بە تاقیكردنەوەكانیان لەسەر ئاژەڵ و بە نیازن لە كۆتایی ئەمساڵدا تاقیكردنەوەكانیان لەسەر مرۆڤیش دەست پێبكەن و گەر ئەو تاقیكردنەوانەش سەركەوتوو بوو ئەوا دەست دەكەن بە گفتوگۆ لەگەڵ كۆمپانیاكانی دەرمان بۆ گەشەپێدانی دەرمانێكی دژە كۆرۆنا.

 

سەرچاوە: Reuters

print

 183 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*