سەرەکی » راپۆرت » كابینەی نوێ هاوسەنگی دەپارێزێت؟

شرۆڤەی رۆژ

كابینەی نوێ هاوسەنگی دەپارێزێت؟

هەواڵ و بەدواداچوون

دەوترێت، كاتێك مستەفا كازمی بووە سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی عیراق، دەزگاكەی لە هەر جۆرە دەستوەردانێكی دەرەكی پاراست و نەیهێشێت وڵاتانی دەرەكی دەستوەربدەنە كاروباری دەزگاكەوە. ئەمە بۆ كارەكتەری كازمی لەئێستادا هەمان پرسیاری لە پۆستی سەرۆك وەزیران هێناوەتە ئاراوە، ئەویش ئەوەیە ئایا بە هەمان بەرنامەی سیاسییەوە دەتوانێت كار بكات بۆ دوورخستنەوەی عیراق لە ململانێی نێوان وڵاتان بەتایبەت ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و كۆماری ئیسلامیی ئێران، یان دواجار هاوسەنگییەكە لە بەرژەوەندیی یەكێكیان تێكدەدات؟.

هێشتا زووە باس لە لایەنداری كازمی بەهۆی چەندین هۆكار بۆ یەكێك لەو دوو وڵاتە بكرێت، هەم ئێران و هەم ئەمریكا لە چەندین لایەنەوە دەتوانن كار بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانیان بكەن، بەڵام ئەوەی دواجار بڕیاری مامەڵەی هەمە لایەنە و هاوسەنگ دەدات، كازمی خۆیەتی.

كازمی جەخت لە پاراستنی هاوسەنگی دەکاتەوە

لە دوای دەستبەكاربوونی وەك سەرۆك وەزیرانی عیراق، كازمی بە جیا لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریكا و ئێران لە بەغدا كۆبۆوە، وەك دەوترێت لە كۆبوونەوەكاندا كازمی جەختی لە پاراستنی هاوسەنگیی مامەڵەكردن لە نێوان هەردوو لایەندا كردۆتەوە.

ئێران و ئەمریكا، نیگەران نین بەوەی كازمی بۆتە سەرۆك وەزیران، ئەمریكا لەسەر ئاستی وەزارەتی دەرەوە پشتیوانیی خۆی بۆ حكومەتی نوێ دووپاتكردۆتەوە، هەر ئەوەش وایكرد واشنتۆن بۆ ماوەی 4 مانگی دیكە رێگەی داوە حكومەتی عیراق بۆ پڕكردنەوەی وزەی كارەبا پشت بە ئێران ببەستێت، ئەمەش وەك هەوڵێك بۆ ئەوەی حكومەتەكەی كازمی هەر لە سەرەتاوە روبەڕوی تەنگژە نەبێتەوە. بەوپێیەی چاودێرانی سیاسی پێیانوایە 4 مانگی سەرەتای حكومەتی نوێی عیراق، چوار مانگی ئارام و بێ كێشە دەبێت.

ئەرکێکی قورسە

لای خۆیەوە ئێران بە هەمانشێوە، پشتیوانیی كازمی دەكات لە پۆستەكەیدا، لە نوێترین پەیوەندیشدا رۆژی دووشەممە سەرۆك كۆماری ئیسلامیی ئێران بە كازمی راگەیاندووە «ئێران وەك هەمیشە پشتیوانی عیراق دەبێت».

دیسان، ئەركە قورسەكە لەسەر شانی كازمی دەبێت، بەوەی كە ئایا سەركەوتوو دەبێت لە پاراستنی هاوسەنگی و كۆتاییهێنان بە ململانێی نێوان هەردوو وڵات لەسەر خاكی عیراق؟.

print

 219 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*