سەرەکی » دۆسێ » هیومان رایتس وۆچ شوێنی بێسەروشوێنكراوەكانی دەستی داعش ئاشكرا دەكاتپەڕە 24

چاڵێكە لە باكووری خۆرهەڵاتی سوریا

هیومان رایتس وۆچ شوێنی بێسەروشوێنكراوەكانی دەستی داعش ئاشكرا دەكات

رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ دەڵێت، رێكخراوی ناسراو بە دەوڵەتی ئیسلامی، چاڵێكی لە باكووری خۆرهەڵاتی سوریا بەكارهێناوە بە شاردنەوەی تەرمی ئەو كەسانەی رفاندبوونی و دەستبەسەری كردبوون لەكاتی دەستبەسەرداگرتنی ناوچەكە.

توێژەران دەستییان بە لێكۆ ڵینەوە كرد دوای ئەوەی گرتەیەكی ڤیدیۆییان بەدەست گەیشت كە لە ساڵی 2014دا وێنەگیراوە و تێیدا چەكدارانی رێكخراوەكە دەردەكەون كە تەرمەكان فڕێدەدەن ئەو چاڵەی قوڵییەكەی دەگاتە 50 مەتر لە دۆڵی (الهوتە)ی ریفی شاری رەقەی سوریا.

رێكخراوە مافپەروەرە نێودەوڵەتییەكە پێیوایە، شاردنەوەی تەرمەكان لەو شوێنەدا لەماوەی دەسەڵاتی رێكخراوەكە لە ناوچەكەدا بەردەوام بووە.

هیومان رایتس وۆچ داوای لە دەسەڵاتە خۆجێییەكان كردبوو لە سوریا، ئەو شوێنە بپارێزن و روفاتەكان هەڵبگرنەوە و بەڵگەكانیش بۆ لایەنەكانی لێكۆڵینەوە بپارێزن.

زیاتر لە 20 گۆڕی بەكۆمەڵ دۆزرانەوە كە هەزاران تەرمییان لەخۆگرتووە لەو ناوچانەی لەیەن رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامییەوە لە سوریادا دەستییان بەسەرداگیرابوو.

پێشبینی دەكرێت لەنێوان ئەو قوربانیانەی لەو گۆڕە بەكۆمەڵانەدا نێژراون، چالاكوانان و كارمەندانی بواری مافەكانی مرۆڤ و رۆژنامەنوسان و ئەو دانیشتوانەی تێدا بێتی كە هەوڵیانداوە لەو ناوچانە هەڵبێن كە لەژێر دەستی جیهادییەكاندایە.

رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی دەستی بەسەر نزیكەی 88 كیلۆمەتر چوارگۆشەدا گرتبوو لە سوریا كە لە خۆرئاوای سوریاوە بۆ خۆرهەڵاتی عیراق درێژدەبۆوە، لەو نێوەندەشدا دەسەڵاتە وەحشیگەراییەی بەسەر نزیكەی 8 ملیۆن كەسی دانیشتووی ئەو ناوچانەدا سەپاندبوو.

دۆڵی (الهوتە) نزیكەی 85 كیلۆمەتر لە باكووری شاری رەقەوە دوورە كە لەیەن رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامییەوە كرابووە پایتەخت و بە گرنگترین مەزارە گەشتییەكانیش دادەنرێت كە دیمەنی سروشتی سەرنجڕاكێشی لەخۆگرتووە. بەڵام ئەو شوێنە كرابووە «جێگەی تۆقاندن و سزادان» لە ماوەی ساڵانی 2013 و 2015 لەكاتی دەسەڵاتی چەكدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی بەسەر ناوچەكە، وەك سارە ئەلكیالی توێژەر لە هیومن رایتس وۆچ ئاماژەی پێدەكات.

بە وتەی ئەلكیالی»ئاشكراكردنی ئەوەی لە (الهوتە) و شوێنەكانی تری گۆڕە بەكۆمەڵەكان لە سوریا ڕویداوە، بە كارێكی سەرەكی دادەنرێت بۆ دۆزینەوەی چارەنوسی ئەو هەزارانەی كە بەدەستی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لەسێدارەدراون، و بۆ لێپێچینەوە لە بكوژەكانیان».

بەپێی راپۆرتێكی هیومان رایتس وۆچ كە لە 4ی ئایاری 2020 بڵاوكرایەوە»هەندێك لە دانیشتووەكانی ناوچەكە وەك شاسەتحاڵ باسیان لەوەكردووە كە لەلایەن چەكدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامییەوە هەڕەشەیان لێكراوە كە فڕێدەدرێنە نێو چاڵی (الهوتە)-ەوە. هەندێك لەوانەش دەڵێن كە تەرمی لەبەریەكهەڵوەشاوییان لە دەوروبەری و لێواری شیوەكە بینیوە.

لە دیمەنێكی ڤیدیۆیی كە لە ساڵی 2014دا لەلایەن رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامییەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكرایەوە، ژمارەیەك چەكداری رێكخراوەكە دەردەكەون كە چۆن تەرمی دوو كەس لەپاش كوشتنیان فڕێدەدەن نێو چاڵی (الهوتە)-ەوە.

توێژەرانی سەر بە رێكخراوە مافپەروەرە نێودەوڵەتییەكە فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانیان رەوانەی نێو چاڵی دۆڵی (الهوتە) كرد، تا بزانن چی تێدایە، لە ئەنجامی ئەو كارەشدا تەرمی 6 كەس دۆزرانەوە كە بەسەر ئاوی نێو شیوەكەوە بوون. لە ئەنجامی توێكاریش دەركەوت ئەو كەسانە بەر لە ماوەیەكی زۆر لەوەی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ناوچەكە بەجێبهێڵێت، كوژراون.

نەخشە جوگرافییەكان و نمونە تۆبۆگرافییەكان پێشبینی دەكەن، قوڵی دۆڵەكە زۆر لەوە گەورەتر بێت كە فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان بتوانن روماڵی بكەن، بۆیە پێدەچێت زۆرێك لە تەرمەكان لە ژێرەوە كەوتبێتنە ژێر ئاوەوە، ئەمەش بەپێی راپۆرتەكەی هیومان رایتس وۆچ.

رێكخراوە نێودەوڵەتییەكە پێیوایە، ئەو لایەنەی دەستی بەسەر دۆڵەكەدا گرتووە، پێویستە وەك شانۆی تاوان مامەڵە لەگەڵ شوێنەكەدا بكات و ونبووەكان بدۆزێتەوە و لێكۆڵینەوە لە گەڵ بكوژەكاندا بكات.

ئەو ناوچەیەی دەكەوێتە دەوروبەری دۆڵی (الهوتە) لەلایەن گروپە ئۆپۆزسیۆنەكانی سوریاوە كە لەلایەن توركیاوە پشتیوانیان لێدەكرێت و خۆیان بە سوپای سوریای نیشتمانی ناودەبەن، كۆنترۆڵكراوە.

ئەو گروپانە لە ساڵی رابردوودا دەستییان ئەو ناوچەیەدا گرت، لە دوای پێكداهەڵپژان لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات كە هاوپەیمانییەكە و لەلایەن كوردەكانەوە سەركردایەتی دەكرێت و زۆربەی ناوچەكانی باكووری خۆرهەڵاتی سوریای لە چنگی چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی ڕزگاركرد.

print

 611 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*