سەرەکی » مانشێت » سه‌رۆكایه‌تیی یه‌كێتی: كوردستان له‌ هه‌مووكات زیاتر پێویستی به‌ سیاسه‌تی حه‌كیمانه‌ی مام جه‌لال و راشكاویی كاك نه‌وشیروانه‌

سه‌رۆكایه‌تیی یه‌كێتی: كوردستان له‌ هه‌مووكات زیاتر پێویستی به‌ سیاسه‌تی حه‌كیمانه‌ی مام جه‌لال و راشكاویی كاك نه‌وشیروانه‌

*یه‌كێتی هه‌میشه‌ به‌ چاوی وه‌فادارییه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ خه‌باتی كاك نه‌وشیروان و هه‌ڤاڵه‌كانی له‌ناو یه‌كێتی

 

*له‌ یادمانه‌ دوا هه‌نگاوی سیاسیی مام جه‌لال و كاك نه‌وشیروان، كاركردن بووه‌ بۆ دروستكردنی سه‌ركردایه‌تیی هاوبه‌شی یه‌كێتی و گۆڕان. ئه‌مڕۆ ئێمه‌ درێژه‌دان به‌و هه‌نگاوه،‌ به‌ ئه‌ركێكی سه‌ره‌كیی خۆمان ده‌زانین و خه‌باتی بۆ ده‌كه‌ین

ئه‌مڕۆ ساڵیادی كۆچی دوایی سه‌ركرده‌یه‌كی قاره‌مانی كوردستانه‌. له‌م یاده‌دا سەری رێز و وەفا بۆ هزر و خه‌بات و قەڵەمی نیشتمانپەروەرێك دادەنەوێنین، کە بەدەم رێگای سه‌خت و دووری تێكۆشانه‌وه‌، گوڵچنی كولتوور و ئەدەب و مێژووی شۆڕشی کوردستانی کردووە. دوای خۆیشی، گه‌نجینه‌یه‌كی گه‌وره‌ی سیاسی، مێژوویی، كۆمه‌ڵایه‌تی و زمانه‌وانی بۆ ‌جێهێشتووین.

یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، هه‌میشه‌ به‌ چاوی وه‌فادارییه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ خه‌باتی كاك نه‌وشیروان و هه‌ڤاڵه‌كانی له‌ناو یه‌كێتی، كه‌ له‌پێناو ئازادی و دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری و مافی چاره‌ی خۆنووسیندا، شۆڕشی نوێی گه‌لی كوردستانیان هه‌ڵگیرساند. ئه‌مڕۆ و نزیك به‌ نیو سه‌ده‌ دوای ئه‌و رۆژگاره‌، كوردستان له‌ هه‌مووكات زیاتر پێویستی به‌ سیاسه‌تی حه‌كیمانه‌ی مام جه‌لال و راشكاویی كاك نه‌وشیروانه‌ و جێگه‌ی خاڵیی ئه‌م دوو هاوڕێیه‌ی خه‌بات، به‌ روونی له‌ تانوپۆی كورده‌واریدا هه‌ستی پێده‌كرێت.

له‌ یادمانه‌ دوا هه‌نگاوی سیاسیی مام جه‌لال و كاك نه‌وشیروان، كاركردن بووه‌ بۆ دروستكردنی سه‌ركردایه‌تیی هاوبه‌شی یه‌كێتی و گۆڕان. ئه‌مڕۆ ئێمه‌ درێژه‌دان به‌و هه‌نگاوه،‌ به‌ ئه‌ركێكی سه‌ره‌كیی خۆمان ده‌زانین و خه‌باتی بۆ ده‌كه‌ین. به‌و هیوایه‌ی یەکخستنی ریزەکانمان لەپێناو خزمەتکردنی شایسته‌ی خه‌ڵكی كوردستان، رۆحی ئه‌وان و سەرجەم شەهید و تێكۆشه‌رانی ئه‌م رێبازه‌ ئاسووده‌ بكات.

 

سه‌رۆكایه‌تیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان

١٩ی ٥ی ٢٠٢٠

print

 213 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*