سەرەکی » ئاراستە » مله‌سووره‌،مه‌مله‌كه‌تێكی ئازاراوی

شۆڕش بەم گوندەدا تێپەڕی

مله‌سووره‌،مه‌مله‌كه‌تێكی ئازاراوی

29

م. عەلی

هه‌میشه‌ گوندەکان خانه‌خوێی شۆڕش و ماڵه‌ جووتیاره‌كان دێوه‌خانی پێشمه‌رگه‌ بوون، بۆیه‌ لادێ‌ و شۆڕش جمكانه‌ی یه‌كتری بوون و لێكجیانه‌كراونه‌ته‌وه‌

ده‌ڵێن مله‌یه‌كه‌ خۆڵه‌كه‌ی سووركه‌ و لم و ره‌مه‌ن و تاوێری قاتقاته‌، به‌وشوێنه‌ی به‌نداوه‌كه‌ی تیاكراوه‌ یه‌ژن قوته‌سوور.. گۆڕستانێكی به‌ناوی خزنه‌كه‌وه‌ له‌پاڵ ئه‌ومله‌یه‌دا تیایه‌ زۆر كۆنه‌، له‌ناوماڵه‌كاندا شوێنه‌واری وه‌كو گۆزه‌ كه‌ مردووی تیابووه‌، هه‌روه‌ها موورووی و شتیتری تیادۆزراوه‌ته‌وه‌.

كۆزی زستانه‌ی ئه‌م دێیه‌ هه‌واره‌لاره‌ بووه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوان شارۆچكه‌ی سه‌رقه‌ڵا و دێی مله‌سووره‌، دواجار ساڵی 1951 به‌یه‌كجاریی له‌م هه‌واره‌ی ئێستای مله‌سووره‌دا خه‌ڵكه‌كه‌ی جێگیربوون.

ئه‌م دێیه‌ له‌ ده‌شت و هه‌رده‌یه‌كی دێمدایه‌، سه‌ر به‌ كه‌رتی 50ی پیازه‌جاڕ – مله‌سووره‌یه‌ و خاوه‌نی 1702 دۆنم زه‌وی كشتوكاڵییه‌ و 23 جووتیاری له‌سه‌ره‌، یاڵێكی به‌رزی به‌ناوی قوته‌ی مه‌یكه‌ی چگنی تیایه‌ كه‌ مه‌یكه‌ پیاوێكی ئازا و چاونه‌ترسی كاتی خۆی بووه‌.. جه‌وه‌ڵی به‌ڕه‌سیڵه‌ش ده‌كه‌وێته‌ خواره‌وه‌ی دێیه‌كه‌ پووش و پاوه‌نێكی زۆری هه‌یه‌ بۆ له‌وه‌ڕخۆری، ئاژه‌ڵداره‌كانی ناوچه‌كه‌ سوودی زۆریان لێبینیوه‌ و له‌زستاندا روویانتێكردووه‌.

كاتی خۆی دانیشتووانه‌كه‌ی خۆیان له‌ قه‌ره‌ی 30 ماڵ ده‌دا، دێیه‌كی كه‌مئاو بووه‌، سه‌رچاوه‌ی ئاویان كانی و بیر بووه‌، خۆیان مزگه‌وتێكیان دروستكردبوو، حكومه‌تیش قوتابخانه‌یه‌كی بۆ كردبوونه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌ شارۆچكه‌ی سه‌رقه‌ڵاوه‌ ته‌وژمی هێڵی كاره‌با به‌پاڵ دێیه‌كه‌دا بۆ رووناككردنه‌وه‌ی شارۆچكه‌ی تیله‌كۆ ره‌تده‌بوو، به‌ڵام ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ مرۆڤكوژه‌ به‌ ره‌وای نه‌بینیبوو رووناكی كاره‌با به‌م دێیه‌ و دێهاته‌كانیتریش بگه‌یه‌نێ‌.. له‌بنه‌ڕه‌تیشدا دروستكردنی شارۆچكه‌ی تیله‌كۆ بۆ ئاوه‌دانی و خۆشگوزه‌رانی و كارڕایی كاروباری خه‌ڵكه‌كه‌ی نه‌بووه‌، به‌ڵكو بۆ كۆنترۆڵكردنی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ له‌ڕووی سه‌ربازییه‌وه‌ به‌رانبه‌ر جموجووڵی هێزی پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی نوێ‌ بووه‌، كه‌ كه‌وتبوونه‌ چالاكی و هێزه‌كانی حكومه‌ت و ده‌زگاكانی هه‌راسانبووبوون.

كۆن ئه‌م دێیه‌ سه‌ر به‌ شارۆچكه‌كانی سه‌رقه‌ڵا و تیله‌كۆ و ئێستاش سه‌ر به‌ شارۆچكه‌ی رزگارییه‌.. له‌دوای راپه‌ڕینیش ئاوه‌دانكرایه‌وه‌، 12 ماڵی تێهاتووه‌ته‌وه‌ و بژێوی دانیشتووانه‌كه‌ی له‌سه‌ر به‌خێوكردنی ئاژه‌ل و كشتوكاڵه‌.. حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پرۆژه‌كانی: ئاو و كاره‌با و قوتابخانه‌ و مزگه‌وتی پێگه‌یاندوون و رێگاوبانه‌كانی چه‌وڕێژه‌..

ساڵی 2014 به‌نداوێكیان بۆ دروستكراوه‌ كه‌ پشت به‌ باراناو ده‌به‌ستێ‌ و جوانییه‌كی به‌ سنووره‌كه‌ی به‌خشیوه‌، كه‌ له‌ئایینده‌شدا كاریگه‌رێتی له‌سه‌ر ئاوی ژێرزه‌وی ناوچكه‌ ده‌بێت.. له‌م ساڵانه‌ی دواییدا ده‌ركه‌وت كه‌ خاكی ئه‌م دێیه‌ ته‌نیا له‌ڕووی كشتوكاڵه‌وه‌ به‌پیتنییه‌، به‌ڵكو له‌ سامانی ژێرزه‌مینیشدا به‌تایبه‌تی نه‌وت ده‌وڵه‌مه‌نده‌، كۆمپانیای گازپرۆمی رووسی ساڵی 2017 بیره‌ نه‌وتێكی به‌ناوی سه‌رقه‌ڵا 2 له‌ناوزه‌وییه‌كانیدا هه‌ڵكه‌ندووه‌، كه‌ نزیكی بیره‌نه‌وتی حه‌سیره‌یه‌.

مله‌سووره‌ له‌ رووداوه‌كانی كوردایه‌تیدا دوورنه‌بووه‌، له‌ شۆڕشی ئه‌یلولدا پێشمه‌رگه‌ و پشتگیریی هه‌بووه‌، ساڵی 1963 كه‌ حكومه‌تی عێراق هێرشده‌كاته‌سه‌ر دێهاته‌كانی كانیماران و درۆزنه‌كان و به‌ ده‌سته‌ ره‌شه‌كانی حه‌ره‌سقه‌ومییه‌كان ده‌سووتێنرێن و 7 كه‌سی بێتاوانیان شه‌هیدده‌كرێن، به‌ره‌و دێی مله‌سووره‌ش ده‌چن، به‌ڵام نه‌یانسووتاندووه‌.

ساڵی 1988 ساڵی تاوانی به‌عسییه‌كان بوو، كه‌ تاوانی جینۆسایدیان له‌چه‌ند قۆناغێكدا به‌رانبه‌ر خه‌ڵكی بێده‌ره‌تانی كوردستان ئه‌نجامدا كه‌ بریتیبووله‌: كوشتنی به‌كۆمه‌ڵ، رووخاندنی دێهات و خاپووركردنی قوتابخانه‌ و شوێنه‌ ئایینییه‌كان، بێسه‌روشوێنكردنی خه‌ڵكیی و تاڵانكردنی سامانه‌كانیان.. قۆناغی سێی ئه‌نفال سنووری گه‌رمیانی گرته‌وه‌ و به‌سه‌ختترین شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال داده‌نرێ‌.. ئه‌م تاوانه‌ به‌ به‌شداریی فه‌یله‌قه‌كانی 1و2 و فه‌وجه‌ سووكه‌كان و به‌شی هه‌واڵگریی و فڕۆكه‌ی جه‌نگیی و یه‌كه‌ ئاسایشییه‌كان كرا. یه‌كێك له‌ قۆڵه‌كانی ئه‌م شاڵاوه‌ كه‌لار- تیله‌كۆ بوو، مله‌سووره‌ش كه‌وتبووه‌ سنووری ئه‌و هێزه‌ی رائید مونزیر ئیبراهیم یاسین فه‌رمانده‌ییده‌كرد، ده‌سته‌ تاوانكارییه‌كه‌ی هێزه‌كانی به‌عس ئه‌م دێیه‌شی كاولكرد و 55 كه‌سیشیان بێسه‌روشوێنكران.

نه‌ك هه‌ر ئه‌مه‌، به‌ڵكو مله‌سووره‌ له‌ ده‌رگایه‌كی خه‌مناكه‌وه‌ چووه‌ناو مێژووی ئازاراویی میلله‌ته‌كه‌مانه‌وه‌، بووه‌ سه‌نته‌رێكی كۆكردنه‌وه‌ی خه‌ڵكیی دێهاته‌كانی سنووری زه‌نگنه‌ و داوده‌ و جاف و گل و هه‌ندێك خه‌ڵكی قه‌ره‌داغیش كه‌ له‌ڕێگه‌ی به‌ڵێنی درۆینه‌ی سه‌رۆكجاشه‌كانه‌وه‌ روویانكردبووه‌ ئه‌م مه‌مله‌كه‌ته‌ خوێناوییه‌، قه‌ره‌باڵغییه‌كی زۆر بۆ رزگاربوون له‌ چنگی دوژمنی ئه‌نفالیست دروستبووبوو، كه‌چی ئه‌و ئاپۆرا زۆره‌ی خه‌ڵكی بێده‌ره‌تان خۆی له‌چه‌ندین هه‌زار كه‌س ده‌دا، له‌ژێر لووله‌ی تفه‌نگی سه‌رباز و ئه‌من و جاشه‌ خۆفرۆشه‌كان و چاودێریی هه‌لیكۆپته‌ره‌كان به‌ ئیڤای سه‌ربازیی ره‌وانه‌ی قه‌ڵای قۆره‌توو و تۆپزاوا كران و ئینجا دواجار بۆ پاكسازی و له‌ناوبردن به‌ره‌و بیابانه‌ لماوییه‌كانی عه‌رعه‌ری خوارووی عێراق بران.. ئه‌و به‌سته‌زمانانه‌ له‌ پرۆسه‌یه‌كی نامرۆڤانه‌دا كه‌ سه‌رده‌م به‌خۆیه‌وه‌ی نه‌دیبوو زینده‌به‌چاڵكران، له‌و دووره‌ وڵاتییه‌دا سه‌دان هه‌زار چاوی پڕ له‌ عه‌شقی نیشتمانی خوێناوی، پڕ له‌ لمی تاوانكاریی رژێمی به‌عسی عه‌ره‌بی – ئیسلامی كران و چرای ئۆمیدیان كوژایه‌وه‌ و هیچ هه‌واڵێك له‌ چاره‌نووسیان نه‌بوو جگه‌له‌ گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ نه‌بێت!

مله‌سووره‌ حیكایه‌تی تاوانی رژێمێكی دیكتاتۆریی ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ بڕیاریدابوو نه‌ك تۆڵه‌ له‌ شۆڕشه‌ چه‌كدارییه‌كه‌ی كورد بكاته‌وه‌، به‌ڵكو بڕیاریدابوو سزای خه‌ڵكه‌ سڤیله‌ بێچه‌كه‌كه‌شی بدات و دێهاته‌كان كاولبكات، كه‌ پشتیوانی شۆڕش و په‌نای هێزی پێشمه‌رگه‌ بوون.

ده‌بوایه‌ مله‌سووره‌ به‌ پێته‌ختی كرده‌ڕه‌هاتی ئه‌نفال دابنرایه‌، مۆنۆمێنتێكی گه‌وره‌ی تیادروستبكرایه‌ له‌گه‌ڵ مۆزه‌خانه‌یه‌كی سه‌رده‌مییانه‌ كه‌ هه‌رچی پاشماوه‌كانی ئه‌نفال هه‌یه‌ تیادابنرایه‌، هه‌موو ساڵێك كۆته‌ڵی ئه‌نفال و یادی ئه‌و قوربانییانه‌ی تیابكرایه‌ته‌وه‌، تا نه‌وه‌كانی ئایینده‌ی ئه‌م گه‌له‌ ئاگایان له‌و چاره‌نووسه‌ پڕ مه‌ینه‌تییه‌ی ئه‌و هه‌زاره‌ها مرۆڤه‌ ونبووه‌ی مێژووی جینۆسایدی كورد بێت.. به‌داخه‌وه‌ ته‌نانه‌ت مۆنۆمێنته‌كه‌ی دێبنه‌ش ئه‌و بایه‌خه‌ دێكۆمێنتییه‌ی نه‌دراوه‌تێ‌ جگه‌له‌و ئێسكپرووسكانه‌ی له‌ گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كانی خوارووی عێراقه‌وه‌ هێنراونه‌ته‌وه‌

print

 271 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*