سەرەکی » راپۆرت » یەكێتی دەستپێشخەرییەك بۆ ئازادكردنی گیراوانی كەركوك دەخاتەڕوو

یەكێتی دەستپێشخەرییەك بۆ ئازادكردنی گیراوانی كەركوك دەخاتەڕوو

پارێزگاری كەركوك: پێشوازیی لەو دەستپێشخەرییە دەكەین

فەرماندەی ژووری ئۆپەراسیۆنەكان: لیژنەیەك بۆ وەرگرتنەوەی گیراوان پێكهاتووە

كەركوك، كوردستانی نوێ

دوێنێ لە دیوانی پارێزگای كەركوك كۆبوونەوەیەكی هاوبەش لە نێوان لێپرسراوانی باڵای ئیداری و ئەمنیی شارەكە و مەڵبەندی كەركوكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا بەڕێوەچوو.

لە كۆبوونەوەكەدا ئاماژە بۆ دۆسێی گیراوانی كەركوك کرا كە لە زیندانەكانی هەرێمی كوردستانن. دوای كۆبوونەوەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا دەستپێشخەرییەك خرایەڕوو بەپێی ئەو دەستپێشخەرییە، ی.ن.ك، تەواوی گیراوانی كەركوك كە لە زیندانەكانی سنووری سلێمانیدان، رادەستی دەزگا ئەمنییەكانی حكومەتی فیدراڵ لە پارێزگای كەركوك دەكاتەوە.

لە كۆنگرە رۆژنامەنووسییەكەدا راكان سەعید جبوری پارێزگاری كەركوك و فەریق روكن سەعد حەربیە فەرماندەی ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی حكومەتی عیراق لە كەركوك ستایشی ئەو دەستپێشخەرییەیان كرد و بە هەنگاوێك بۆ پتەوتركردنی پەیوەندیی نێوان پێكهاتەكانی كەركوك ناوزەدیان كرد.

محەمەد عوسمان لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتیش رایگەیاند: دوای راوێژ بە هاوسەرۆكانی یەكێتی، بڕیاریانداوە ئەو گیراوانەی كەركوك كە لە سەردەمی بۆشایی ئەمنیدا لە كەركوك لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی هەرێمەوە دەستگیركراون، رادەستی دەزگا ئەمنییەكانی حكومەتی عیراق لە پارێزگای كەركوك بكرێنەوە.

لە كۆنگرەكە رۆژنامەنووسییەكەدا راشگەیەنرا: لیژنەیەكی باڵا لە بارەگای فەرماندەیی ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك پێكهێنراوە بۆ وەرگرتنەوەی ئەو گیراوانە و پێداچوونەوە بە دۆسێكانیان و ئەوانەی تۆمەتبارن بەپێی ئەو تاوانەی ئەنجامیانداوە، دەدرێنەوە دادگا.

print

 267 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*