سەرەکی » ئابووری » واده‌ی ناردنی بودجه‌ بۆ نوێنەران ئاشكرا ده‌كرێت

واده‌ی ناردنی بودجه‌ بۆ نوێنەران ئاشكرا ده‌كرێت

كه‌مترین مووچه‌ چه‌ند ده‌بێت؟

ئا: ئه‌ركان جه‌بار

حكومه‌تی عیراق بڕیاریداوه‌ له‌دوای كۆتاییهاتنی پشووه‌كانی جه‌ژن، راسته‌وخۆ ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2020ی عیراق ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی په‌سه‌ند بكرێت.

هاوكات هه‌رچه‌نده‌ وه‌زیری دارایی عیراق‌و راوێژكاری دارایی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه‌ ئاماژه‌ به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌كه‌ن، به‌ڵام لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران هۆشداری له‌و هه‌نگاوه‌ی حكومه‌ت ده‌ده‌ن.

دوای پشووه‌كان، پڕۆژه‌یاساكه‌ ده‌نێردرێته‌ نوێنەران

حه‌سه‌ن مه‌سعودی ئه‌ندامی جێبه‌جێكار له‌ به‌رنامه‌ی حكومه‌ت‌و پلاندانانی ستراتیژی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق رایگه‌یاندووه‌، دوای كۆتاییهاتنی پشووه‌كانی تایبه‌ت به‌ جه‌ژن، راسته‌وخۆ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2020 ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان ده‌كرێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ بكرێت‌و پاشان په‌سه‌ند بكرێت.

وتیشی: “داڕشتن‌و ئاماده‌كردنی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ له‌ ئه‌ركه‌كانی حكومه‌ته‌و په‌رله‌مان هیچ ده‌ستوه‌ردان‌و به‌شدارییه‌كی تێدا نییه‌، به‌ڵام پاش گه‌یشتنی پڕۆژه‌یاساكه‌ بۆ نوێنه‌ران، له‌لایه‌ن لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه‌ تاوتوێ‌ ده‌كرێت‌و ده‌توانرێت تێبینی‌و سه‌رنجی خۆیانی بخه‌ن سه‌روو هه‌ندێك بڕگه‌ی لێ‌ هه‌موار بكرێته‌وه‌.

له‌باری گه‌یشتنی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ بۆ په‌رله‌مان، به‌وته‌ی ئه‌و لێپرسراوه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، وێڕای مه‌ترسییه‌كانی كۆرۆنا، به‌ڵام یه‌كده‌نگییه‌ك هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ خێرایی تێپه‌ڕاندن بۆ پڕۆژه‌یاساكه‌ بكرێت‌و په‌سه‌ند بكرێـت.

ته‌نیا بۆ شه‌ش مانگه‌!

لای خۆیه‌وه‌، ئه‌حمه‌د سه‌فار بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، به‌ ماڵپه‌ڕی (مه‌دا)ی راگه‌یاندوه‌، به‌هۆی قه‌یرانی دارایی‌و دابه‌زینی نرخی نه‌وته‌وه‌، بودجه‌ی ئه‌مساڵی عیراق بۆ ساڵێكی ته‌واو نابێت، به‌ڵكو ته‌نیا بۆ شه‌ش مانگی داهاتووه‌، به‌ جۆرێك حكومه‌ته‌كه‌ی مسته‌فا كازمی ده‌یه‌وێت بودجه‌كه‌ زیاتر بۆ سێكته‌ری كارپێكردن بێت وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ بودجه‌یه‌كی وه‌به‌رهێنان چڕ ببێته‌وه‌.

ده‌شڵێت: “حكومه‌تی نوێ ویستی هه‌یه‌ بودجه‌ی 2020 به‌مه‌به‌ستی دابینكردنی پاره‌ بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران‌و بودجه‌ی تایبه‌ت به‌ روبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا‌و لایه‌نی ئه‌منی، به‌ زوویی تێپه‌ڕێنرێت”.

شێوازی پاشه‌كه‌وتكردنی مووچه‌

هه‌ر په‌یوه‌ست به‌ پرسی بودجه‌و دۆخی دارایی عیراقه‌وه‌، راوێژكارێكی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق، ورده‌كاری ده‌ستكاریكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌خاته‌ڕوو و ده‌ڵێت: “كه‌مترین مووچه‌ 500 هه‌زار دینار ده‌بێت”.

د.مه‌زهه‌ر محه‌مه‌د ساڵح، راوێژكاری دارایی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق رایگه‌یاندوه‌، ئه‌گه‌ر بڕیار له‌ ده‌ستكاریكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بدرێت، ئه‌وا ته‌نیا ده‌رماڵه‌كان ده‌گرێته‌وه‌و ده‌ست بۆ مووچه‌ی بنه‌ڕه‌تی نابرێت. هه‌روه‌ها نابێت كه‌مترین مووچه‌ له‌ 500 هه‌زار دینار كه‌متر بێت.
ئه‌و راوێژكاره‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، ئه‌و پاره‌یه‌ی له‌ ده‌ستكاریكردنی مووچه‌ی فه‌راهه‌م ده‌كرێت، یه‌كێك ده‌بێت له‌ سه‌رچاوه‌كانی به‌رده‌وامیدان به‌ خه‌رجكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران‌و خانه‌نشینان‌و سودمه‌ندبووانی تۆڕی چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی.

نوێنه‌ران هۆشداری ده‌دات

له‌ به‌رامبه‌ردا، لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك ده‌ستبردن بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌‌و داوا ده‌كه‌ن له‌ بری ئه‌و هه‌نگاوه‌، مووچه‌ی گه‌نده‌ڵكاران ببڕن.

له‌وباره‌یه‌وه‌، جه‌مال كۆچه‌ر ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، به‌ میدیا عیراقییه‌كانی راگه‌یاندوه‌، ته‌واوی ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌یان بڕیاریانداوه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك گفتوگۆ له‌سه‌ر پاشكه‌وتكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران نه‌كه‌ن.

ده‌شڵێت: “هه‌نگاوی دیكه‌ هه‌یه‌ كه‌ حكومه‌ت ده‌توانێت له‌ بری پاشكه‌وتكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران جێبه‌جێیبكات، له‌وانه‌ كردنه‌وه‌ی دۆسێیه‌ی گه‌نده‌ڵكاران‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی پاره‌ دزراوه‌كانی عیراق له‌ ده‌ره‌وه‌و بڕینی مووچه‌ نایاساییه‌كان”.

حكومه‌ته‌كه‌ی كازمی له‌ به‌رده‌م قورسترین تاقیكردنه‌وه‌دایه‌، به‌تایبه‌ت له‌باره‌ی ئیداره‌دانی دۆخی دارایی عیراق‌و ئاماده‌كردنی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2020 كه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ئاستی كورتهێنان تێیدا بگاته‌ زیاتر له‌ 55 تریلیۆن دینار.

print

 623 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*