سڵاو

عەبدولڕەزاق شەریف

سڵاوێكی گەرم
گەرم وەك خۆت،
ئەی كوانوی لێوان لێو لە ژیلەی گوڕوتین
گەرمتر لەدەستی (كاوانیان.)
لەبەردی ئەیلولی ئەو ساڵەی هەرەس و
دوا شەڕی سەر (سەفین.)
گەرم وەك، جمەی، منەی، هامشۆ و
گفتوگۆكانی ئەو ساڵەی ماڵەكەی مام،
وەك ئاپۆڕەی قاوەخانەیەك لە سەنتەر، سەنتەری (شام.)
گەرم وەك، هەناسەو ورەی پێشمەرگەی حەفتاو شەش
وەك یەكەمین كۆبوونەوەی (شارباژێڕ)ی دەستەی شەش،
وەك كۆبوونەوەكەی (ڕۆستێ.)
وەك مەسافەی ڕێی (هەكار) و
(هەزار ستوون)ی (سورێن)ی مەفرەزەكەی (شارەزوور) و
ئەو هەنگاوانەی تائێستاش،
بەپێوەن و بەڕێوەن و بۆ ئەبەد ناوەستێ.
ئەی ڕەوتی توولەڕێی هەڵزناو
بەگەوەی (قەندیل)ی سەرەتاو
(كێفرینا)ی مێرگی ئاو
بە دوندی بڵندا…
قامەتی تێكسمراو، چەسپاوی پۆڵاین
لە بەردەم ئازارو ئەشكەنجەی زیندانی عەفلەقی ئاگرو ئاسندا،
تەوژمی پیاو
نەپساوی ڕێو ڕۆشتن
لە پێدەشتی ڕەشوڕوتی (جەزیرە)وە
بۆ تەختی (چوارملان)
بۆ هەردەو مۆردەكان،
بۆ سیحری بنچكە ژاڵەو تەروی (ڕۆخانە)
وەك خوڕەمی ئاو
بە هەزاران كێو و بەندا…
ئەم رۆژەی ساڵیادی
ڕسكانی گوڵاڵەی ئاوات و
خستنەوەی كۆرپەلەی شۆڕش و
دامەزراندنی (پیرەمەگرون)ی
بەرگری ئەم گەلەت، پیرۆز
* * *
سڵاو…
ئەی پیتەكانی سەردێڕی ڕۆحی ئێمە
لە چاپخانەی كۆڵەپشتا،
قەڵەمەكانی گیرفانی ئەستێرە سوورەی نامیلكە،
بەیاننامەكانی پەڕەی دڵ
لە (ژیلوان)ی هەواری (مادێنە)و
كوخت و كەڵوەزی پێدەشتا
سڵاو….
شەیالەی رەختی تفەنگێكی ماندوو
لە شانی هەرزەكارێكی شارا
زەمزەمەی تینووێتی
لە وچانی تاشێكی نسارا
تۆ لە دروستبوونا
لە یەكەم بەهارا
پەنجەكانی بزاوتنت
سۆماكانی ڕوانین و
بیركردنەوەت
شەقاوی پێشەوە چوونت
كۆت و كەلەپچە و زیندانی كران.
سڵاو…
(كوڕەكاژاوەكان)ی باڵا زرافی كۆمیتەی هەرێمەكان
لە نەوی بوونی ئێمەدا…
ئاڵا بەرزەكانی چارەنووس،
خوێنە تازەكانی جەستە،
ئومێدەكانی خۆڕاگریی،
لە بێ هیوایی و لەڕولاوازی ئێمەدا…
ئەم رۆژەی ساڵیادی
كەرتی یەك و
پۆلی شەهیدی یەكەم و
یەكەمین شانەی لێدانی دڵەكانت پیرۆز
* * *
سڵاو…
شەپۆلە خێراكانی هەڵچوونی دەریا
تەوژمە یاخییەكانی سەنگەر
تەقینەوەی بەپەلەی كانیاوی دەشت و دەر
لە گەشەكردن و بوژانەوەدا..
چوارینەی دەسەڵاتی مەڵبەندەكانی كوردستان
ژمارەكانی سنووری شارو شارەوانی تیپەكان
ناوچەكانی جەولە
مەفرەزەكانی ڕەبیە
دەستەویەخەكانی مەیدانی شەڕ
شەهیدەكانی تاجی سەر
لە نەسرەوتن و سەركەوتنا
سڵاو…
ئەی مینبەرەكانی ئازادی
ئەو كاتانەی زمانی دەم و دو، بەسترابوو
(بەرگەڵو)ی كتێب و
گۆڤارو
رۆژنامە و
چاپخانە
ئەو سەردەمەی چاوی قەڵەم كتوكوێر كرابوو
ئەنتێنی دەنگی شاخ
دەنگی باخ
دەنگی ناخ
دەنگی ڕاپەڕینی گەل و نیشتمانێكی یاساخ
ئەو ساڵانەی گوێی ئاژانسی دەنگوباسی ئەم دنیایە
وەك گوڵبێنەی تەنوری قوڕ
داخراو، خنرابوو
ئەم رۆژەی ساڵیادی
دروستبوونی دەنگە جیاوازەكان و
تێكەڵاوبوونی رەنگەكان و
یەكەمین نەریتی یەكبوون ‌و پێكەوە بوونت پیرۆز
* * *
سڵاو…
ئەستێرەی كشاو،
رەونەقی كاكێشان،
خەرمانەی مانگەشەوی چۆڵەوانی
لە وێرانە ماڵەكانی پاشماوەی ئەنفالا
(ئاشداخ)ەكانی سومبولی ژیان و مانەوەی نەتەوە
لە فڕان و قڕانی گەرمیانا،
تەنیا زیندووەكانی ڕەشەكوژی، كۆمەڵكوژی، كوردكوژی
لە وێرانەی نیشتمانا
سڵاو …
پەیكی مەشخەڵی نێرگز و گوڵاڵە
تەتەری ڕێ
لە سەرو بەندی ڕاپەڕینا
خەونی خەزاڵ
بروسكی گەواڵەی ڕەش و تاڵ
لە شانەی چەكدارا
لە خەباتی ژێرزەمینی ماڵی شارا
سترانی زەماوەند
لە تۆڵە و هەڵمەت و هاوارا،
ئەم رۆژەی گۆڤەندی
سەبرو تۆڵەت
پیرۆز
* * *
سڵاو …
كاریتەی بڵندی پەرلەمان و حكومەتی سەرلەنوێ
بە تێكەڵەی
لمی سارای ئەو خوارە و
پرچی نازدارانی جاف و
ئێسك و پروسكی ماڵانی خاڵوان و
متومورووی مناڵانی ناو (داوێ)
لە شكاندنی دیوارەكانی خەونی ئۆتۆنۆمیا.
باڵندەی هیوا،
بەرماڵی نماز و نزای دایك،
هونەری تەوارە سركەكان
لە تەونی كینە و تۆڕی پیلانی دراوسێكانا.
دەستەكانی ئاوەدانی
گەرمیان و كوێستانت پیرۆز
* * *
سڵاو …
قەرەوڵی تفەنگەكانی ئازادی عیراق
شونهەڵگری جوامێرەكانی هەڵۆی سوور
(سەندیباد)ی ئەسوارەكانی بەغا و
قەڵەمەكانی دەستوور
لە شایی دیجلە و سەرچۆپی شەپۆلەكانا
لە نیسانی كەوتنی سەنەمەكانا…
ئەم رۆژەی عیراقی فیدراڵ و
دیرۆکی خەباتی مام و
ڕەنج و ئامانجی شۆڕشی نوێ،
هیواكانی خانی و
خەندانت پیرۆز..
سڵاو لە پیرۆزیت
پیرۆزیت لە كوردستان و نەوەی نوێ
لە هەمووان پیرۆز بێ

پەراوێزەکان:
کێفرینا: ناوی ئەو مێرگەیە کە مام بۆ یەکەمجار هاتەوە خاکی کوردستانی باشوور یەکەم خێمەی تیا هەڵدا لە ناوچەی سێ سنوورە، کاک نەوشیروان باسی دەکا مێرگێکی خۆش و تەڕو پاراوە.

ئاشداخ: شاخێکە لەباشووری خۆرهەڵاتی سەنگاو بەسەر گەرمیاندا دەڕوانێ لەدوای ئەنفال شوێنی پارتیزانەکان بووە.

هەزار ستون: ئەو ئەشکەوتەیە مەفرەزەکەی شارەزور ئەچوونە ناوی لە شاخی سوورێن.

کۆبوونەوەی دەستەی شەش: یەکەم کۆبوونەوەی سەرکردایەتی کۆمیتەی هەرێمەکانە لەگەڵ عەلی عەسکەری و دکتۆر خالید، حسێن بابە شێخ، ملازم عومەر، سالار عەزیز، شەهید ئارام، لە شارباژێڕ.

کاوانیان: ئاماژەیە بۆ دوا شەڕی شۆڕشی ئەیلول کە لە دوای هەرەس لە شاخی سەفین حەمید کاوانی و هاوڕێکانی کردیان.

جەزیرە: مەبەست رۆژاوایە، لە دەشتی جەزیرەوە مەفرەزە سەرەتاییەکان داخڵی باشوور بوون.

چوار ملان: هەڵەت و بەرزایییەکە لە گەرمیان دیوێکی بەسەر زەردەلیکاوداو دیوێکی بەسەر شێخ تەویل و گەرمیاندا دەڕوانێ و تونی بابا لە ژێریدایە.

رۆخانە: چەم یان رووباری باسەڕەیە لە جەباری و نزیکی قادرکەرەم پێی دەڵین رۆخانە.

مادێنە: هەوارگەیەکە لە بناری شاخی ژیلوان یەکەم چاپخانەی سادەو یەکەم بەیانی شۆڕشی نوێی تیا چاپ و بڵاوکرایەوە.

شەیالە: قایشی سەرشانی تاقم و تفەنگی پ م.

زەمزەمی: مەتارەی ئاوی قەدی پ م.

رەخت: تاقم و فیشەکدان و کەلوپەلی شان و قەدی پ م.

چوارینەی دەسەڵات: مەبەست چوار مەڵبەندەکەیە.

بەرگەڵو: ئاماژەیە بۆ مقەری ئیعلام و ئیزگە ی شۆڕش.

ناو داوێ: مەبەست ناوچەی داودەی گەرمیانە کە زۆریان بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتن.

کۆپلەکە ئاماژەیە بۆ گۆڕینی شیعاری ئۆتۆنۆمی بۆ مافی چارەنووس و بڕیاری فیدڕاڵی لە پەرلەمان.

دووا کۆپلە مەبەست چوونی یەکەم دەستەی سەرکردایەتی یەکێتییە لە رۆژی روخانی سەدام نۆی چوار.

print

 319 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*