سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » رابیحە حەمەد:نوێبوونەوەی یەکێتی ئومێدێكی تر دەداتە خەڵكی كوردستان

رابیحە حەمەد:نوێبوونەوەی یەکێتی ئومێدێكی تر دەداتە خەڵكی كوردستان

دیداری: تەها عەبدوڵڵا

رابیحە حەمەد ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی بەغدای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەدیدارێكدا لەگەڵ كوردستانی نوێ، گرنگیی نوێبوونەوەو پاراستنی یەكێتیی ناو یەكێتی دەخاتەڕوو، ئاماژەش دەكات بە بەرنامە‌و كارو چالاكییەكانی داهاتوویان لەسنووری مەڵبەندی بەغدا لەئاست پرسە ناوخۆییەكان‌و دەرەوەشدا.

كەمكردنەوەی نەهامەتییەكانی هاووڵاتیان
لەسەرەتای قسەكانیدا، رابیحە حەمەد ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی بەغدای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئاماژەیكرد بە قۆناغەكانی كۆنگرەو ئێستای یەكێتی‌و بەرنامەی نوێبوونەوە و وتی: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، دوای ئەنجامدانی كۆنگرەی چوارەم، هەنگاو بەهەنگاو بە پلان ‌و بەرنامەی گشتگیر، كاردەكات بۆ تەواوكردن ‌و جێبەجێكردنی قۆناغەكانی نوێبوونەوە و بەردەوامیش دەدەین بە رێبازە پیرۆزەكەی سەرۆك مام جەلال، ئاشكراشە بەبەردەوامبوون لەسەر ئەو رێبازە، وەك یەكێتی دەتوانین ببینەوە پێشەنگ‌و لەچوارچێوەی بەرنامەی نوێبوونەوەدا، ئومێدی نوێ و زیاتر بدەینەوە خەڵكی كوردستان، ئەگەریش سەرنج بدرێت ئەوەی تائێستا كراوە لەچوارچێوەی كاری هاوسەرۆكان‌و سەركردایەتیی نوێ ‌و ئۆرگانەكاندا، بۆتە جێگای ئومێدی خەڵكی كوردستان‌و تەنانەت عیراقیش، بەدڵنیاییەوە لەسەر ئەو شێوازی كاركردنەشمان بەردەوام دەبین بەو ئامانجەی بتوانین یەكێتی ببێتە هۆكارێك بۆ رزگاركردن و كەمكردنەوەی نەهامەتییەكانی هاووڵاتیان.

لەدرێژەی دیدارەكەدا، رابیحە حەمەد، قسەی لەسەر دروشمی سەرەكی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی كرد، كە نوێبوونەوە بوو، لەوبارەیەوە، وتی: لەبەر ئەوەی كۆنگرەی چوارەم دوای ماوەیەكی زۆر، بەسترا، هەروەها یەكەم كۆنگرەش بوو لەغیابی سەرۆك مام جەلال-دا، ئەوە جگە لەبوونی چەندین كێشەی كەڵەكەبووی ناوخۆی حزبمان و چەندین كێشەی دیكە، بۆیە بەستنی كۆنگرەیەكی لەو جۆرە بەئامانجی نوێبوونەوەو چارەسەركردنی كێشەكان ‌و كردنی بەرگێكی نوێ بە باڵای یەكێتیدا، زۆر پێویست بوو، ئێستاش بەسوپاس‌و ئومێدی زۆرەوە تەواوی هەڤاڵانی یەكێتی لەهەموو ئاستەكاندا كاردەكەن بۆ دروشمی نوێبوونەوەی یەكێتی‌، كە دواجار یەكێتی بەتایبەتی‌و بەگشتیش كوردستان‌و هاووڵاتیان لێی سوودمەنددەبن. وتیشی: ئەوەی زۆر گرنگە بكرێت ئەوەیە لەهەموو جومگەو كایەكان ‌و هەنگاوەكانی داهاتووی یەكێتیدا نوێبوونەوە دیار بێت، هەروەها بۆ دروستكردنی پەیوەندیی لەگەڵ ناوخۆی كوردستان و عیراق و دەرەوەشدا پێویستە پێداچوونەوەی جددی بكرێت و بەگوێرەی بارودۆخەكەش گۆڕانكاریی بکرێت.

گرنگیی مەڵبەندی بەغدا
لێپرسراوی مەڵبەندی بەغدا لەبارەی تایبەتمەندیی مەڵبەندی یەكێتی لە بەغدا، رایگەیاند: مەڵبەندەکەمان یەكێكە لەمەڵبەندە گرنگەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بۆیە دەبێت بەهەموو شێوەیەك بایەخ بەمەڵبەندەكەمان بدەین، بەتایبەتی لەڕووی رێكخستنەوە، كە ژمارەیەكی زۆری كوردی فەیلی نیشتەجێن لە پارێزگاكەدا‌و بەغداش زۆر فراوانەو كوردانی نیشتەجێی بەغداو بەتایبەتیش كوردانی فەیلی لەچەندین ناوچە نیشتەجێن‌، بۆیە پێویستە لە چواردەوری مەڵبەندەكەمان کۆیان بکەینەوە و پەیوەندییەكانمان لەگەڵیاندا نوێبكەینەوەو بەدەنگەوەچوونمان هەبێت بۆیان، هەروەها پەیوەندییەكانیشمان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عیراق زیاتر پتەوبكەین‌و رێكبخەینەوە، ئەوەش لەو روانگەیەوە كە بەغدا ناوەندی بڕیاری عیراقە و بڕیارە سیاسییەكان لەوێوە دەدرێن‌و یەكلادەكرێنەوە، وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش زۆر پێویستە پێداچوونەوە بەپەیوەندییەكانیدا لە بەغدا بكاتەوەو بەرەوپێشیان ببات، ئەوەشی پێویستە ئێمە وەك یەكێتی لەسنووری مەڵبەندەكەماندا بایەخ بەگەنجان بدەین و لەڕێگای رێكخراوە مەدەنی و دیموكراتییەكانەوە ئاوەڕی زیاتر لە توێژی گەنجان و ژنان و خوێندكاران بدەینەوە و پەیامی نوێی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیان پێبگەیەنین.

پەیوەندیی باش لەگەڵ لایەنەكانی عیراقدا
هەروەها، وتیشی: باشتركردنی پەیوەندییەكانی مەڵبەندی یەكێتی لەبەغدا لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و خەڵكی سنوورەكەمان تەنیا بۆ خودی مەڵبەندەكەمان گرنگ نییە، بەڵكو بۆ یەكێتی و هەرێمی كوردستانیش گرنگ و پێویستە،‌ ئەوەش بەو مەبەستەی بتوانین داكۆكی لەتەواوی مافەكانی گەلەكەمان‌و بەتایبەتیش ناوچە دابڕێنراوەكان بكەین و هەوڵی چارەسەركردنی هەموو ئەو كێشانە بدرێ كە لەماوەی رابردوودا لە نێوان هەرێم و بەغدا بەهەڵواسراوەیی ماوەتەوە، بەتایبەتیش ئەوەی پەیوەندی بە مادەی 140 هەیە، ئێمەش هەوڵدەدە‌ین بەبەرنامەیەكی تازە كار لەسەر ئەو دۆسێیانە بكەین، هەروەك زۆربەی ئەو ناوچانەشی دەكەوێتە‌ چوارچێوەی مادەی 140، بۆیە پێویستە‌ وەك یەكێتی كاری جدی بۆ بكەین، ئەو كارەش بەوە دەكرێت پەیوەندییەكی باشمان لەگەڵ لایەنەكانی دیكەی عیراقدا هەبێت.

ئاشتكردنەوەی جەماوەر و داكۆكیكردن لە مافەكانیان
گرنگیی پاراستنی یەكێتیی ناو یەكێتی، خاڵێكی دیكەی دیدارەكە بوو، سەبارەت بەوە لێپرسراوی مەڵبەندی بەغدا، تەئكیدیكردەوە كە یەكێتیی ناو یەكێتی وەك ئەوەی هەڤاڵ مام جەلال، جەختی لەسەر دەكردەوە دەبێ بیپارێزین و گەشەی پێبدەین، كە لەكاتی ئێستادا ناوماڵی یەكێتی لەئاستێكی زۆر باشدایەو ناكۆكییەكان بەتەواوی وەلانراون‌و بوونیان نەماوە، لەكۆنگرەو بەرنامەی نوێبوونەوەشدا بەهەموو شێوەیەك جەخت لەسەر پاراستنی یەكێتیی ناو یەكێتی كراوەتەوە، بەجۆرێك كاربكرێت بۆ ئاشتكردنەوەی هەموو ئەو هەڤاڵانەی بەهەر هۆكارێك بێت رەنجاون تاكو دەست لەناو دەست كاربكەین بۆ جێبەجێكردنی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی، كە لەسەر بنەمای خزمەتكردن بە خەڵكی كوردستان داڕێژراوە، بۆیە ئاساییبوونەوەی ناوخۆی یەكێتی و بەیەكەوە كاركردنی هەڤاڵان، وەك سەرۆك مام جەلال، جەختی لەسەر دەكردەوە، لەگەڵ جەماوەر خۆمان ئاشتدەكەینەوەو داكۆكی لە مافەكانیان دەكەین، ئاشكراشە هەمیشەو لەهەموو قۆناغەكاندا خەڵكی كوردستان چاوەڕوانی كاری باشترو زیاتر لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكەن، بۆیە لەئێستاو داهاتووشدا بەبەرنامەیەكی تازەوە، كە نوێبوونەوەیە و دروشمی سەرەكیی كۆنگرە بوو و هەموو هەڤاڵانیش‌ جەختیان لەسەر كردۆتەوە، لە خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان زیاتر لە جاران بەردەوام دەبین.

تا ئەوپەڕی توانا خزمەتی هاووڵاتیان دەكەین
لەكۆتایی دیدارەكەشدا، لێپرسراوی مەڵبەندی بەغدا، ئاماژەی كرد بەبارودۆخی ئێستای جیهان و عیراق و ناوچەكە‌و بەتایبەتیش هەرێمی كوردستان‌و تەئكیدیكردەوە كە وەك هاوسەرۆكانی یەكێتی و سەركردایەتی‌و تەواوی هەڤاڵانمان لەهەموو ئاستەكانداو بەتایبەت لەم قۆناغەدا، لە خزمەتكردنی خەڵك بەردەوام دەبین وەك چۆن لە چەند مانگی رابردوودا توانراوە كاربكەین بۆ پێشكەشكردنی پێداویستیی خۆراكی و پزیشكی‌و تا ئەوپەڕی تواناش هاوكاریی خەڵك و حكومەت و دامودەزگاكان دەكەین.

print

 645 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*