سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » پاگانینی شەیتانی کەمانچە

پاگانینی شەیتانی کەمانچە

ئەدەب و هونەر

پیاوێک بەکۆمەڵێک خوو و خدەی سەیرەوە، موزیک ژەنێک لە کەناری شێتیدا داهێنانێکی هێندە گەورەی کرد موزیکی لەسەر ئاستی جیهان پێشخست. بەجۆرێک دەڵێن موزیک بەبێ پاگانینی کەم و کورتی هەیە. هەربۆیە لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی ناپلیۆندا ئەم پیاوە بەجۆرێک نازی دەکێشرا کە هەرچی بکردایە چاوپۆشی لێ دەکرا.

پاگانینی شەیتانی کەمانچە ئەو هونەرمەندە مەزنەی جیهان لە ئاستی هونەرەکەیدا سەراسیمەیە. هێشتاش کارەکانی ئەو هونەرمەندە، ئاوازەکانی هێندە بەرز و هونەرین کە زۆر زەحمەتە لاسایی بکرێتەوە.

ئەم کەمانچەژەنە بلیمەتە ژیانێکی سەیری هەبووە. پیاوێکی زۆر سێکسی بووە، هاوکات زۆر رەزیل بووە، سەرباری ئەو دەوڵەمەندی و سەروەتە زۆرەی کە بەهۆی موزیکەوە هەیبووە کەچی ئەوەندە رەزیل بووە رۆڕ ئەستەمبووە شتێکی لێ هەڵبکڕێندرێ. شتی سەیر لەسەر ژیانی ئەم پیاوە دەگێڕدرێتەوە، بۆ نموونە پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ خوشکەکانی ناپلیۆن هەبووە، کاتێک ئەمە ئاشکرابووە ناپلیۆن نەیتوانیوە هیچی بەرانبەر بکات، چونکە پاگانینی پیاوێکی ئەوەندە بەتوانا بووە بۆ نموونە ئەگەر بکوژرایە لەوانە بوو موزیک لەسەر ئاستی جیهان دوابکەوتایە. هەر بۆیە ناپلیۆن لەپێناوی گەشەکردنی ئەو بەهرەیە چاو لەو کارە دەپۆشێ کە پاگانینی بەرانبەر خوشکەکانی کردوویەتی. دەبێ ئەوەش بڵێین سۆناتای سەربازی کە پاگانینی دایناوە و کارێکە بەیەکێ لە شاکارە گەورەکان دادەنرێ. گەلێک خوو و خدەی سەیر لەم پیاوە دەگێڕدرێتەوە.

نیکۆلا پاگانینی ساڵی 1782 لەجەنوە – ئیتاڵیا لەدایک بووە و ساڵی 1840 مردووە بەیەکێ لە ئاواز دانەر و کەمانچە ژەنە ناودارەکانی دنیا دادەنرێ.

پاگانینی هەر لە منداڵییەوە بەدوای هەوا و هەوەسی ڕۆحیدا دەڕوات، لە تەمەنی پێنج ساڵییەوە ئاشنای موزیک دەبێ. بەهرە و توانای خێرا گەشە دەکات و زۆر بەئاسانی و زوو بەزوو پێش دەکەوێت. باوکیشی ڕۆڵی گرنگی هەبووە لە پێگەیاندنیدا و ڕۆژانە ناچاری کردووە کە دوانزە سەعات راهێنان بکات. ئەو بەهرە سیحر ئاسایە وای کرد پاگانینی لە تەمەنی هەشت ساڵیدا یەکەم سۆناتا دانێ.

دوای ئەوەی لەساڵی 1796 فەرەنسا باکووری ئیتالیا داگیر دەکات. پاگانینی لەگەڵ باوکیدا دەچێ بۆ لیفۆرنۆ و بەشداری ئاهەنگە مۆسیقییەکان دەکات. وردە ردە ناوبانگ و بەهرە دەیگەیەنێت بە کۆشکی ناپلیۆن. بەئەندازەیەک ناوبانگ دەردەکات کاتێ ئاهەنگی گێڕاوە سەرباری گرانی بلیتی ئاهەنگەکە خەڵکێکی زۆرهەبوون بلیتیان بەرنەکەوتووە.

وردە وردە پاگانینی چووەتە نێو دڵی خەڵکەوە و موزیکە ڕۆح کێشەکەی بەجۆرێک بووە گەیشتووەتە هەر وڵاتێکی ئەوروپا خێرا ناووناوبانگی ڕۆیشتووە و جەماوەر لە دەوری کۆبوونەتەوە. ئەمەش جگە لەوەی لەتەکنیک و هونەری موزیکدا شارەزا و بلیمەت بووە، ئاوازەکانیشی سۆزداری بوون، بەجۆرێک خەڵکی کاتێ گوێیان لە دەنگی ئاوازی کەمانچەکەی وی بووە هەستی سۆزداری و ئەوین و سێکسیان بزواوە.
.

print

 161 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*