سەرەکی » کەلتوور » كۆنگره‌ی‌ زانستی‌ مه‌لا عه‌بدوڵڵای‌ بێتوشی‌ له‌ سه‌رده‌شت

كۆنگره‌ی‌ زانستی‌ مه‌لا عه‌بدوڵڵای‌ بێتوشی‌ له‌ سه‌رده‌شت

د.ئاراس محه‌مه‌د ساڵح

له‌ شاری‌ سه‌رده‌شتی‌ ڕۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان زانكۆی‌ ئازادی‌ سه‌رده‌شت‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ ڕۆشنبیری‌‌و فه‌رهه‌نگی‌ سه‌رده‌شت كۆنگره‌یه‌كی‌ زانستی‌ بۆ ژیان‌و به‌رهه‌مه‌كانی‌ مه‌لا عه‌بدوڵڵای‌ بێتوشی‌ ئه‌نجامدا، كۆنگره‌كه‌ نزیكه‌ی‌ 12 توێژینه‌وه‌و چه‌ند وتارێكی‌ تێدا پێشكه‌شكرا.
له‌ ته‌وه‌ری‌ یه‌كه‌می‌ كۆنگره‌كه‌دا حه‌وت توێژینه‌وه‌ پێشكه‌شكران له‌لایه‌ن توێژه‌ران: (د.نادر كه‌ریمیان، محه‌مه‌د عه‌لی‌ قه‌ره‌داغی‌، دكتۆره‌ شوعله‌ زه‌هیری‌، مامۆستا بورهانی‌، د.به‌هرۆز خدری‌، د. شه‌هباز موحسینی‌، د. ره‌ئوف عوسمان). هه‌موو توێژه‌كان باسی توانای‌ زانستی‌ و پێگه‌ی‌ بێتوشی‌ له‌ زانسته‌ زمانه‌وانیه‌كان و ئاینی‌ و ئه‌ده‌بیه‌كاندا كرد.
له‌ ته‌وه‌ری‌ دووه‌می‌ كۆنگره‌كه‌دا هه‌ریه‌كه‌ له‌: (د.عه‌دنان هه‌ورامانی‌، م. عه‌بدوڵا قه‌ره‌داغی‌، د.عه‌بدولسه‌لامی‌ ئیمامی‌، د.محه‌مه‌د سۆرانی‌، محه‌مه‌د بایز زبێری‌) توێژینه‌وه‌یان پێشكه‌شكرد له‌سه‌ر به‌رهه‌م‌و نوسینه‌كانی‌ بێتوشی‌.
له‌ ئێواریه‌یه‌كی‌ پایزی‌ ئاڵتونی‌ شاره‌ جوانه‌كه‌ی‌ سه‌رده‌شتدا به‌ دابه‌شكردنی‌ خه‌ڵات‌و بڕوانامه‌ به‌سه‌ر به‌شدار بووه‌كانی‌ كۆنگره‌دا كۆتایی به‌رنامه‌كانی‌ كۆنگره‌ هات.
كۆنگره‌كه‌ كه‌ له‌كۆتایی مانگی‌ یانزه‌ی‌ ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌چوو، به‌ناوی‌ مه‌لا عه‌بدوڵڵای‌ بێتوشی‌ كوڕی‌ مه‌لا محه‌مه‌دی‌ بێتوشیه‌وه‌ بوو، له‌ ساڵی‌ (1726ز) له‌ گوندی‌ بێتوشی‌ ناوچه‌ی‌ ئالانی‌ سه‌رده‌شت له‌دایك بووه‌، له‌ خێزانێكی‌ زانستپه‌روه‌رو خوێنده‌واردا گه‌شه‌ی‌ كردووه‌، سه‌ره‌تای‌ خوێندنی‌ لای‌ باوكی‌ بووه‌ له‌ خوێندنگه‌ی‌ بێتوش، باوكی‌ زانایه‌كی‌ گه‌وره‌و خاوه‌نی‌ خوێندنگه‌ بووه‌و له‌هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ فه‌قێ ڕوویان تێكردووه‌، پاشان له‌لای‌ برا گه‌وره‌كه‌ی‌ مه‌لا مه‌حمودی‌ بێتووشی‌ خوێندوویه‌تی‌، دوای‌ ته‌واوكردنی‌ سه‌ره‌تاكانی‌ خوێندنی‌ حوجره‌، له‌گه‌ڵ مه‌لا مه‌حمودی‌ برا گه‌وره‌یدا بۆ درێژه‌دان به‌ خوێندن ڕوو ده‌كه‌نه‌ خوێندنگه‌ی‌ سنجوێ‌و لای‌ زانای‌ گه‌وره‌ی‌ كورد مه‌لا محه‌مه‌دی‌ ئیبنولحاجی‌ سنجوێی‌ هه‌زارمێردی‌ درێژه‌ به‌ خوێدن ده‌ده‌ن، دوای‌ چه‌ند ساڵێك مانه‌وه‌و لای‌ ئه‌و زانا گه‌وره‌یه‌ بۆ ته‌واوكردنی‌ خوێندن ده‌چنه‌ گوندی‌ ماوه‌ران و لای‌ زانای‌ گه‌وره‌ی‌ ڕۆژگاری‌ خۆی‌ سیبغه‌توڵای‌ حه‌یده‌ری‌ قۆناغه‌كانی‌ خوێندنی‌ ئه‌وكات ته‌واو ده‌كه‌ن.
بێتووشی‌ به‌هۆی‌ نائارامی‌ بارودۆخی‌ سیاسی كوردستانه‌وه‌و ناچار بووه‌ كۆچی‌ كردوه‌ بۆ به‌غداد‌و پاشان به‌سره‌و ئه‌حسا‌و به‌شێكی‌ زۆری‌ ژیانی‌ له‌ تاراوگه‌و دوور له‌ كوردستان به‌سه‌ر بردووه‌، ژیانی‌ تاراوگه‌و دووری‌ له‌ خاكی‌ نیشتمانه‌وه‌ كاریگه‌ری‌ زۆری‌ هه‌بووه‌ له‌سه‌ر بێتوشی‌ له‌ شیعره‌كانی‌ ڕه‌نگی‌ داوه‌ته‌وه‌، به‌شێك له‌ شیعره‌كانی‌ به‌ هه‌ردوو زمانی‌ عه‌ره‌بی‌و فارسی نوسیونی‌ ناڵه‌ی‌ ده‌رون‌و گریانێكی‌ به‌كوڵه‌ له‌ ناخه‌وه‌ بۆ دووری‌ نیشتمان‌و باس له‌ ئازاره‌كانی‌ غوربه‌ت ده‌كات.
ئه‌وه‌ی‌ شایه‌نی‌ باسه‌ هه‌تا ئێستا چه‌ند نامه‌یه‌كی‌ ماسته‌رو تێزێكی‌ دكتۆرا له‌سه‌ر نووسین و ده‌ستنووسه‌كانی‌ بێتووشی‌ وه‌رگیراوه‌ له‌ زانكۆكانی‌ كوردستان‌و به‌غداد و كوه‌یت و سعودیه‌، بێتووشی‌ له‌ بواره‌كانی‌ ڕێزمانی‌ عه‌ره‌بی و عه‌ره‌زو زانسته‌ ئاینیه‌كاندا ده‌ستنووس و دانراوی‌ هه‌یه‌، شاعیرێكی‌ هه‌ست ناسك بووه‌و به‌هه‌ردوو زمانی‌ عه‌ره‌بی و فارسی شیعری‌ داناوه‌، به‌شێك له‌ شیعرو نوسینه‌كانی‌ باس له‌ وانی‌ نیشتمان و ڕه‌نگینی‌ كوردستان و گوندی‌ بێتوش ده‌كات به‌تایبه‌تی‌.
مه‌لا عه‌بدوڵای‌ بێتوشی‌ له‌ ساڵی‌ (1796ز) له‌ به‌سره‌ كۆچی‌ دوایی كردووه‌و له‌ گۆڕستانی‌ قه‌زای‌ زبێر له‌ نزیك گۆڕی‌ ئیمام حه‌سه‌نی‌ به‌سری‌ دوور له‌ خاكی‌ كوردستان و كه‌سوكاری‌ به‌ خاك سپێراوه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

گوندی‌ فه‌قێ‌ مسته‌فا له‌ ئامێزی‌ ئه‌نفالدا

بارام سوبحی‌ تاڵه‌بانی‌ گوندی‌ فه‌قێ‌ مسته‌فا به‌ دووری‌ بیست كیلۆمه‌تر ...