سەرەکی » ئابووری » دەیڤد ریکاردۆ

دەیڤد ریکاردۆ

دەیڤد ریکاردۆ (١٧٧٢ – ١٨٢٣)، سەر بە قوتابخانەی هزری کلاسیکە، کە ئادەم سمیس و مالتۆس و سای لە ئابووریناسە دیارەکانی بوون. لەگەڵ ئەوەی ریکاردۆ خۆی بۆ نوسین و وتنەوەی وانەی ئابووری تەرخان نەکرد بوو، وەک مامۆستاکەی ئادەم سمیس و مالتۆس کردیان، بەڵام کتێبەکەی کە بەناوی “پرنسیپەکانی ئابووریی سیاسی و باج”، بوو، کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر زانستی ئابووری بەجێهێشت. لەم بوارەدا کە بۆتە جێی شانازی بۆ ریکاردۆ، توانیویەتی پرەنسیپە زۆر و بەربڵاوەکانی قوتابخانەی کلاسیکی کۆبکاتەوە و پێکهاتەیەکی پتەوی شرۆڤەی ئابووریی لێ بەرهەم بهێنێت.

ریکاردۆ هەمان ئەو رێچکەی مالتۆسی لە رەشبینی سەبارەت بە ئایندەی رەگەزی مرۆڤ گرتەبەر، بەڵام رەشبینیەکی ریکاردۆ، هوشیارانە تر بوو، بەوەی لەسەر بنچینەی تێگەیشتنی تەواوی بوو لە بنەماکانی تیۆریی ئابووری و بەتایبەتیش یاسای بەرهەمی داشکاو (قانون الغلة المتناقصة).

ئەوەی لە بۆچوون و تێڕوانینەکانی ریکاردۆ وردبێتەوە، پرەنسیپی ئەبستراکتی ئابووری دەبینێت کە هزرێکی فەلسەفی روون گوزارشتی لێدەکات، بۆچوونەکانی ئاوازێکی لێکچووی مرۆیی هەیە، شتێک رەشبینی شاراوەی تێدا بەدی دەکرێت، ئەوە تەنها پاڵنەرە ئابوورییەکانن کە جیهان دەجووڵێنن.

گومانی تێدا نییە، کە ئەو ژینگە و هەلومەرجە ئابووری و کۆمەڵایەتییەی لە چارەکی کۆتایی سەدەی هەژدەیەم و دوو دەیەی سەدەی نۆزدەیەم ریکاردۆی تێدا بووە، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر بیرکردنەوە و گەشەکردن و گەڵالەبوونی بۆچوونەکانی ریکاردۆ هەبووە، تیۆرزانێکی ئابووری بە توانا و شارەزایەکی زیرەکی بازاڕی دارایی لەندەن بووە. لاوێتی خۆی لە شار بەسەر بردووە، هاودەمی ئەو گۆڕانکارییە گەورەیە بوو کە لە کۆمەڵگەی بریتانی لە کاتی شۆڕشی پیشەسازی روویداوە، بەو بڕوایە گەیشتووە، کە سیستمی سەرمایەداری بە هەموو خەوش و کێشە زۆرەکانییەوە، دەتوانێ بزاوتی چالاکی ئابووری ئیدارە بدات و بەرەو پێشی ببات، بەبێ ئەوەی مرۆڤایەتی پێویستی بە گۆڕینی ئەو سیستمە هەبێت.

ریکاردۆ بەردەوام پێی وابووە هێشتا زۆری پێیە تاوەکو پێشکەشی پێشکەوتنی زانستی ئابووریی تێۆری (علم الاقتصاد النظري) بکات، رەنگە خوێندنەوەی قووڵ و وردی بۆ کتێبی (سامانی نەتەوەکان)ی ئادەم سمیس کاریگەریی دیاری لەسەر ئەو بۆچوونەی بوو بێت. هاوڕێیەتی کردنی پێشەنگی هزری مرۆیی و فەیلەسوفی قوتابخانەی کلاسیکی ” روبەرت مالتۆس” کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر تێگەیشتنی ریکاردۆ هەبووە بۆ زانستی ئابووری و هاندەرێکی دیاری بووە بۆ ئەوەی ئەمەیش لە زانستی ئابوورییدا بۆچوونی تایبەت بەخۆی هەبێت. هەر ئەوەش بووە مایەی ئەوەی لە ساڵی ١٨١٧ کتێبەکەی لەسەر ئابووری بڵاوکردەوە.

ریکاردۆ گفتوگۆی لەسەر زۆربەی ئەو پرەنسیپە ئابوورییانەی ئەمڕۆ لە سەرچاوە زانستییەکانی ئابوورییدا دەیانبینین کردووە، باسی لە بیرۆکەی “بەها” کردووە، دەڵێ بەهای هەر شتێک، بڕی ئەو کارەیە کە بۆ بەرهەمهێنانی بەگەڕخراوە، کاڵای ژمارە (١) گرانترە لە کاڵای ژمارە (٢)، چونکە لە بەرهەمهێنانی کاڵای ژمارە (١) سەعاتی کارکردنی زیاتری گەرەک بووە وەک لە کاڵای ژمارە (٢)، لێرەدا جەخت لەسەر پرەنسیپێک دەکاتەوە، کە دواتر بایەخێکی گرنگی بۆ هزری سوسیالیستی هەبووە، ئەویش کار بنچینەی بەهایە، ئەمەش بنەمای بیرۆکەی سەرەکیی بۆچوونی کارل مارکسە لەبارەی کارەوە.

سەبارەت بە بازرگانیی نێودەوڵەتی، ریکاردۆ خاوەن تیۆریی تایبەت بەخۆیەتی، تیۆریی تێچوونی رێژەیی، کە بە ئەمڕۆشەوە تیۆریییەکی بنچینەیی و یەکێک لە پرەنسیپە سەرەکییەکانی بازرگانیی نێودەوڵەتییە. تیۆریی تێچوونی رێژەیی تیۆرێکی بنچینەیی بازرگانیی نێودەوڵەتییە و بە یەک لە شاکارەکانی تیۆریی کلاسیکی دادەنرێت، هەرچەندە چیتر ناتوانێ گوزارشت لە هەلومەرجی ئەمڕۆی بازرگانیی نێودەوڵەتی بکات، بەڵام لە چوارچێوەی توێژینەوەکانی بازرگانیی نێودەوڵەتی و ئابووریی نێودەوڵەتی وەک هەنگاوێکی مێژووی دەخوێندرێت، کە کاتی خۆی گوزارشتی لە تیۆریی بازرگانیی نێودەوڵەتی دەکرد. موڵکانە، یەک لە تیۆرییە بەناوبانگەکانی تری ریکاردۆیە، موڵکانە، دەستکەوتێکی ئابوورییە و لە بەرامبەر بەکارهێنانی زەوی وەردەگیرا.

موڵکانەی هەڵكشاو، بەڵگەی زۆری خێر و بێری زەوی نییە، بەڵکو پێچەوانەکەیەتی، بەڵگەی کەمبوونی رووبەرەکەیەتی، ئەمانە تیۆریی دیاری هزری ئابووریین، بە هەموو وردەکارییەکانییەوە لە زانکۆ و پەیمانگاکان دەخوێندرێن، بەوەی دوایین ئەو بەرهەمە کە هزری مرۆیی لە موڵکانە پێی گەیشتووە. بۆچوونەکانی ریکاردۆ لەسەر گەشەپێدان و گەشەی ئابووری، پێگەیەکی دیاری لە هزری ئابوورییدا گرتووە. ریکاردۆ بەشدارییەکی دیار و گەورەی لە چەسپاندنی پرنسیپەکانی ئابووریی سیاسی کردووە، وێڕای بەشداریکردنی کارای لە قووڵکردنەوە و باڵاکردنی هزری کلاسیکیی سەرمایەدارییدا.

ئەم نامیلکەیەی بەردەست، هەوڵێکە بۆ خستنەڕووی تێروانینە زانستییەکانی ریکاردۆ لەسەر چەمکە ئابوورییەکان و دەرخستنی رۆلی گەورەی لە کامڵبوونی هزری قوتابخانەی کلاسیکییدا.

لێرەدا جێی خۆیەتی سوپاسێکی تایبەتی د. تەها رەسوڵ بکەم، کە ئەرکی لە چاپدانی ئەم نامیلکەیەی گرتەئەستۆ، هەروەها کاک سیروان حەمەسەعیدی بەڕێوەبەری دەزگای رۆشنبیری جەمال عیرفان کە بەم بەرهەمەوە عەزێتی کێشاوە، وێڕای سوپاسم بۆ کاک عوسمان حەمەڕەشید گورون و کاک حەسە یاسین، کە ئەرکی پێداچوونەی ئەم نامیلکەیان لە ئەستۆگرت.

print

 229 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*