سەرەکی » ئابووری » كانی بڵ، سروشتی جوانی كوردستان

كانی بڵ، سروشتی جوانی كوردستان

یه‌كه‌ی ئابووری

كانی بڵ، كانییه‌كی سازگاری سروشتییه‌، شوێنه‌كه‌ی له‌ نزیكی گوندی هه‌جیجه‌ و له‌كێوه‌كانی (شاهۆ)وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ، یه‌كێك له‌ پڕ ئاوترین كانییه‌كانی كوردستان ‌و رۆژهه‌ڵاتی ئێرانه‌.

كانی بڵ له‌ چركه‌یه‌كدا سێ تا چوار هه‌زار لیتر ئاوی هه‌یه‌ و ده‌توانێت ئاوی خواردنه‌وه‌ی دوو ملیۆن كه‌س دابین بكات.

ئه‌م كانییه‌ بۆ خه‌ڵكی ناوچه‌ی هه‌ورامان گرنگییه‌كی تایبه‌تی هه‌یه‌ و به‌گوێره‌ی تاقیكردنه‌وه‌ زانستییه‌كان، خاوه‌نی پاكترین ئاوه‌كانی جیهانه‌. ئه‌و چه‌مه‌ی كه‌ له‌ ئاوی كانی بڵ دروست ده‌بێ، ده‌ڕژێته‌ ناو رووباری سیروانه‌وه‌. به‌رزایی كانی بڵ له‌ ده‌ریا ئازاده‌كانه‌وه‌ نزیكی 780 مه‌تره‌، واته‌ نزمترین شوێنه‌كانی ناوچه‌ی هه‌ورامانه‌.

كانی بڵ له‌ شیعری مه‌وله‌ویدا
جگه‌ له‌ گرنگیی سروشتی كانی بڵ، ساڵانه‌ نزیكه‌ی 150 ملیۆن مه‌تری چوارگۆشه‌ ئاوی پاك سه‌رڕێژ ده‌كات، هه‌روه‌ها گرنگی ئه‌م كانییه‌ له‌ بواری مێژوویی و كلتوورییه‌وه‌ تایبه‌ته‌. نزیكبوونی كانی بڵ له‌ گوندی هه‌جیج و مه‌زاری كۆسه‌ی هه‌جیج بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌م كانییه‌ گرنگییه‌كی تایبه‌تی بۆ خه‌ڵكی كوردستان هه‌بێت و ئه‌وانه‌ی كه‌ سه‌ردانی كۆسه‌ی هه‌جیج ده‌كه‌ن سه‌ردانی كانی بڵ-یش بكه‌ن.

سه‌باره‌ت به‌ كانی بڵ، مه‌وله‌وی شاعیری ناوداری كورد له‌ شیعرێكیدا ئاماژه‌ به‌ ئاوی پاكی كانی بڵ ده‌كات و ده‌ڵێ:

“وه‌شـی من یادی ئازیـــزی دڵـــه‌ن
دڵپاكیی وێنه‌ی سه‌رچه‌مه‌ی بڵه‌ن”

ئه‌م شیعره‌ی مه‌وله‌وی ده‌ریده‌خا كانی بڵ له‌ رۆژگاری پێشتریشدا گرنگییه‌كی تایبه‌تی هه‌بووه‌.

به‌نداوی داریان و گوندی هه‌جیج
ئه‌م كانییه‌ مێژووییه‌ به‌هۆی ئاوگیریی به‌نداوی داریانه‌وه‌ كه‌وتۆته‌ مه‌ترسییه‌وه‌و شاره‌زایان ده‌ڵێن، به‌ ئاوگیریی ئه‌و به‌نداوه‌ سه‌رچاوه‌ی كانی بڵ تا 100 مه‌تر ده‌چێته‌ ژێر ئاوه‌وه‌. ئه‌و به‌نداوه‌ كۆمه‌ڵێك گوند و شوێنی مێژوویی وه‌كو گوندی هه‌جیج ده‌باته‌ ژێر ئاوه‌وه‌. كانی بڵ له‌ ئه‌نجامی به‌ستنی به‌نداوی داریان ده‌خرێته‌ ژێر ئاو و نوقم ده‌بێت. ئێستاش پڕۆژه‌ی به‌نداوی داریان له‌ قۆناغه‌ كۆتاییه‌كانیدایه‌ و ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ هه‌ڵسوڕاونی كۆمه‌ڵایه‌تی و پارێزه‌رانی ژینگه‌ و به‌رپرسانی ناوچه‌كه‌ داوای راگرتنی ئاوگیریی به‌نداوه‌كه‌ و رزگاركردنی ئه‌م كانییه‌ به‌ نرخه‌ ده‌كه‌ن.

ژینگه‌پارێزانی كوردستان هه‌وڵی زۆریان بۆ پاراستنی ئه‌م كانییه‌ داوه‌. هه‌رچه‌نده‌ كۆمپانیایه‌ك ده‌یه‌وێت به‌ به‌ستنی چاوانه‌ی كانییه‌كه‌ به‌ كۆنكرێت، ئاوی بڵ به‌ لووله‌ بۆ شوێنێكی دیكه‌ بگوازێته‌وه‌، به‌ڵام شاره‌زایان ده‌ڵێن كه‌ ئه‌م كاره‌ ناتوانێ ئاوه‌كه‌ی بڵ رزگار بكات و ئاوی به‌نداوه‌كه‌ له‌ڕێگه‌ی به‌رده‌ ئاهه‌كی‌و كارستییه‌كانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئاوی كانیه‌كه‌ تێكه‌ڵ ده‌بێ‌و هیچ كه‌ڵكێكی نییه‌.

یه‌كێك له‌ زیانه‌ گه‌وره‌كان كه‌ به‌شوێن تیاچوونی كانی بڵه‌وه‌یه‌، تیاچوونی غارێكی ئاویی درێژ و نایابه‌ كه‌ له‌ پشت كانیه‌كه‌وه‌یه‌.

دۆزینه‌وه‌ی ئه‌شكه‌وتێكی ئاوی
هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ كنه‌و پشكنینی ئه‌و ناوچه‌یه‌، له‌ تشرینی یه‌كه‌می ساڵی 2014دا ئه‌شكه‌وتێكی ئاوی له‌ پاڵ كانی بڵدا دۆزرایه‌وه‌ كه‌ ده‌وترێ درێژییه‌كه‌ی له‌ ئه‌شكه‌وتی (قوڕه‌ قه‌ڵا) زیاتره‌.

print

 215 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*