سەرەکی » ئابووری » پێداچوونه‌وه‌ به‌ گرێبه‌سته‌كانی نه‌وت ده‌كرێت

پێداچوونه‌وه‌ به‌ گرێبه‌سته‌كانی نه‌وت ده‌كرێت

یه‌كه‌ی ئابووری

وه‌زیری نه‌وتی عیراق رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌هۆی زۆری تێچوون له‌ ژماره‌یه‌ك كێڵگه‌ی نه‌وت، وڵاته‌كه‌ی چاو به‌ گرێبه‌ستی نه‌وتیی ژماره‌یه‌ك له‌كۆمپانیاكان ده‌خشێنێته‌وه‌، به‌مه‌به‌ستی كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجی‌و به‌رهه‌مهێنان.

ئیحسان عه‌بدولجه‌بار، وه‌زیری نه‌وتی عیراق راشیگه‌یاند، تێڕوانینی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌رگای دانوستاندن له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكاندا بكاته‌وه‌و گفتوگۆ له‌سه‌ر هه‌ندێك له‌گرێبه‌سته‌كانی نه‌وت بكرێت، وه‌زاره‌تیش هه‌نگاو به‌ره‌و ئه‌وه‌ ده‌نێت چاوخشاندنه‌وه‌ به‌و كێڵگه‌ نه‌وتیانه‌دا بكات كه‌ تێچوونی به‌رهه‌مهێنان تیایاندا به‌رزه‌.

وه‌زیری نه‌وتی عیراق وتیشی: “له‌باره‌ی ته‌واوی پڕۆسه‌كه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمپانیا خزمه‌تگوزارییانه‌دا گفتوگۆ و توێژینه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌عیراقدا كار بۆ پێشخستنی كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كان ده‌كه‌ن، هاوكات هه‌ڵسه‌نگاندن‌و چاوخشاندنه‌وه‌ بۆ به‌شێك له‌و گرێبه‌ستانه‌دا ده‌كرێت نه‌ك هه‌موویان”.

وه‌زیری نه‌وت ئه‌وه‌شی راگه‌یاندوه‌، له‌ به‌رژه‌وه‌ندی عیراقه‌ كه‌ ئه‌ندامه‌ له‌ رێكخراوی وڵاتانی به‌رهه‌مهێن‌و هه‌نارده‌ی نه‌وت (ئۆپیك) هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵه‌ی ئۆپیك پڵاسدا بكات به‌مه‌به‌ستی به‌رزكردنه‌وه‌ی نرخی بازاڕی نه‌وت.

پێشتر و له‌م مانگه‌دا، عیراق به‌ رێكخراوی ئۆپیك پڵاسی راگه‌یاندبوو كه‌ ده‌ست به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاستی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت ده‌كات‌و ده‌یگه‌یه‌نێته‌ ئه‌و ئاسته‌ی كه‌ رێكخراوه‌كه‌ بۆی دیاریكردووه‌، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ به‌هۆی پابه‌ندنه‌بوونیانه‌وه‌ داوایان له‌ به‌غدا و چه‌ند وڵاتێكی تر كرد پابه‌ندی رێككه‌وتنی كه‌مكردنه‌وه‌ی بڕی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت بن.

print

 389 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*