سەرەکی » ئابووری » یاسای چاكسازی كێ ده‌گرێته‌وه‌و چی له‌ دۆخه‌كه‌ ده‌گۆڕێت؟

یاسای چاكسازی كێ ده‌گرێته‌وه‌و چی له‌ دۆخه‌كه‌ ده‌گۆڕێت؟

مافپه‌روه‌ر كامۆ خدر
هه‌روه‌ك لای هه‌مووان ئاشكرایه‌، یاسای ژماره‌(2)ی ساڵی (2020) تایبه‌ت به‌ چاكسازی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌رچوێنرا و دواتر ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كارئاسانی یاساكانی جێبه‌جێكرد و وه‌زاره‌تی داراییش رێنمایی جێبه‌جێكردنی یاساكه‌ی ده‌ركرد.

رێنمای ژماره‌ (12) و(13)ی ساڵی 2020 له‌ رێكه‌وتی (29/6/2020) داوای له‌ وه‌زاره‌ت و ده‌سته‌ و فه‌رمانگه‌ نه‌به‌ستراوه‌كان به‌ وه‌زاره‌ت كردوه‌.

یاساكه‌ له‌ چه‌ند به‌شێك پێكهاتووه‌ تایبه‌ت به‌ مووچه‌خۆران:

– رێكخستنه‌وه‌ی پله‌ و ناونیشانی وه‌زیفی.

– رێكخستنه‌وه‌ی خانه‌نشینی سه‌ربازی و مه‌ده‌نی.

– رێكخستنه‌وه‌ی ده‌رماڵه‌كان.

رێكخستنه‌وه‌ی پله‌ و ناونیشانی وه‌زیفی
یاساكه‌ به‌ڕوونی ده‌ڵێت رێكخستنه‌وه‌ی پله‌و ناونیشانی وه‌زیفی له‌سه‌ر بنه‌مای ساڵانی خزمه‌ت كه‌ سه‌یری یه‌ك به‌یه‌كی دۆسێی مووچه‌خۆران ده‌كرێت‌و دواتر پله‌و ناونیشانه‌ یاسایه‌كان بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌رز ده‌كرێته‌وه‌ بۆ بڕیاری كۆتایی.

به‌پێی یاسای ژماره‌ (22)ی ساڵی (2008)ی هه‌مواركراو تایبه‌ت به‌ مووچه‌و فه‌رمانبه‌رانی ده‌وڵه‌ت‌و كه‌رتی گشتی پله‌و ناونیشانی وه‌زیفی فه‌رمانبه‌ران دیاریكراوه‌ به‌م شێوه‌یه‌:

1- بێ بڕوانامه‌………… پله‌ 10 قۆناغی یه‌ك.

2- بڕوانامه‌ی سه‌ره‌تایی………. پله‌ 10 قۆناغی چوار.

3- بڕوانامه‌ی ناوه‌ندی………… پله‌ 9 قۆناغی یه‌ك.

4- بڕوانامه‌ی ئاماده‌یی……….. پله‌ 8 قۆناغی یه‌ك.

5- بڕوانامه‌ی په‌یمانگا……….. پله‌ 8 قۆناغی پێنج.

6- بڕوانامه‌ی زانكۆیی……….. پله‌ 7 قۆناغی یه‌ك.

7- بڕوانامه‌ی زانكۆیی 5 و 6 ساڵی……. پله‌ 6 قۆناغی یه‌ك.

8- بڕوانامه‌ی ماسته‌ر……….. پله‌ 6 قۆناغی سێ.

9- بڕوانامه‌ی دكتۆرا………… پله‌ 5 قۆناغی سێ.

* مووچه‌ی بنه‌ڕه‌تی پله‌كان به‌مشێوه‌یه‌یه‌:

– مووچه‌ی پله‌ (10) له‌ 140 هه‌زاره‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات تا 180 هه‌زار دینار.

– مووچه‌ی پله‌ (9) له‌ 185 هه‌زاره‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات تا 225 هه‌زار دینار.

– مووچه‌ی پله‌ (8) له‌ 240 هه‌زاره‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات تا 290 هه‌زار دینار.

– مووچه‌ی پله‌ (7) له‌ 296 هه‌زاره‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات تا 356 هه‌زار دینار.

– مووچه‌ی پله‌ (6) له‌ 362 هه‌زاره‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات تا 422 هه‌زار دینار.

– مووچه‌ی پله‌ (5) له‌ 429 هه‌زاره‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات تا 499 هه‌زار دینار.

– مووچه‌ی پله‌ (4) له‌ 509 هه‌زاره‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات تا 609 هه‌زار دینار.

– مووچه‌ی پله‌ (3) له‌ 621 هه‌زاره‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات تا 741 هه‌زار دینار.

– مووچه‌ی پله‌ (2) له‌ 858 هه‌زاره‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات تا 928 هه‌زار دینار.

– مووچه‌ی پله‌ (1) له‌ 948 هه‌زاره‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات تا یه‌ك ملیۆن‌و 148 هه‌زار دینار.

هه‌ر پله‌یه‌ك له‌ (11) قۆناغ پێكدێت‌و هه‌ر قۆناغێكیش یه‌ك ساڵی پێویسته‌، بۆ نمونه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێك ئێستا پله‌كه‌ی (3) و ناونیشانی به‌ڕێوه‌به‌ر بێت‌و خاوه‌ن بڕوانامه‌ نه‌بێت، ئه‌وا به‌م شێوه‌یه‌ رێكده‌خرێته‌وه‌: پله‌كه‌ی له‌ (3)وه‌ دێته‌ پله‌ (10) و دواتر هه‌ر چوار ساڵێكی خزمه‌ت به‌ پله‌ بۆ هه‌ژمار ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر خاوه‌نی بڕوانامه‌ش بوو، به‌پێی بڕوانامه‌كه‌ی پله‌كه‌ی پێده‌درێت‌و دواتر به‌پێی ساڵانی خزمه‌ت پله‌كه‌ی جێگیر ده‌كرێت.

خانه‌نشینی
رێكخستنه‌وه‌ی پله‌ی خانه‌نشینان به‌ دوو به‌ش ده‌كرێت، به‌شی یه‌كه‌میان هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌ پله‌ی تایبه‌ت‌و وه‌زیر و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی خانه‌نشین كراون‌و رۆژێك به‌ كرداری له‌و پله‌یه‌دا نه‌بوون، ئه‌وا ئه‌و پله‌ی خانه‌نشینه‌یان هه‌ڵده‌وه‌شێنرێته‌وه‌و پله‌یه‌كی تریان پێده‌درێت.

به‌شی دوه‌می هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی رۆژێك پێشمه‌رگه‌ نه‌بوون‌و به‌ پله‌كانی پێشمه‌رگه‌ خانه‌نشین كراون، ئه‌وه‌ به‌پێی یاساكه‌ خانه‌نشینیان هه‌ڵده‌وشێنرێته‌وه‌، ئه‌وانه‌ی پله‌ی زیاتریشیان پێدراوه‌ پله‌كه‌یان لێ كه‌م ده‌كرێته‌وه‌.

رێكخستنه‌وه‌ی ده‌رماڵه‌كان
به‌شێكیان تایبه‌ته‌ به‌ڕێكخستنه‌وه‌ی ده‌رماڵه‌كان كه‌ هێشتا رێنمایی بۆ ئه‌و به‌شه‌ ده‌رنه‌كراوه‌، چونكه‌ له‌سه‌ر شێوازی رێكخستنه‌وه‌كه‌ نه‌گه‌یشتوون به‌ڕێكه‌وتن، حكومه‌ت چاوی له‌م به‌شه‌یه‌ به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی زۆرێك له‌ ده‌رماڵه‌كان یان كردنیان به‌ نیوه‌، كه‌ ده‌رماڵه‌ی خۆراك‌و مه‌ترسی له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ و پێشمه‌رگه‌ یه‌كێكی تره‌ له‌گفتوگۆكان، چونكه‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ بۆ هه‌ر پۆلیسێك بڕی 600 بۆ 700 هه‌زار دینار ده‌رماڵه‌ی خۆراك‌و مه‌ترسی ده‌دات‌و بۆ پێشمه‌رگه‌ش ده‌رماڵه‌ی مه‌ترسی كه‌ یه‌كێكن له‌ ئه‌گه‌ره‌كان كه‌م بكرێنه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ده‌رماڵه‌ی هاندانی مامۆستایانی په‌روه‌رده‌و نازناوی زانستی‌و خزمه‌تی زانكۆیی‌و ده‌رماڵه‌ی مه‌ترسی وه‌زاره‌ته‌كانی تر و به‌تایبه‌ت وه‌زاره‌تی كاره‌با كه‌ به‌كرداری مه‌ترسیان له‌سه‌ر نییه‌، كه‌م بكرێنه‌وه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌كی زۆری بۆ بگه‌ڕێته‌وه‌، چونكه‌
هه‌رێمی كوردستان خاوه‌نی ملیۆنێك‌و 255 هه‌زار و 323 مووچه‌خۆره‌ كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ دابه‌ش بوون:

– سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌ مه‌ده‌نیه‌كان 430 هه‌زار و 231 فه‌رمانبه‌ر.

– وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ 217 هه‌زار و 979 پێشمه‌رگه‌.

– پۆلیس‌و ئاسایش 104 هه‌زار و 700 پۆلیس‌و ئاسایش.

– خانه‌نشین 246 هه‌زار و 269 خانه‌نشین.

– شه‌هیدان 97 هه‌زار وارس.

– تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی 159 هه‌زار و 158 كه‌س.

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ دابینكردنی مووچه‌، پێویستی به‌ 861 ملیار دیناره‌ كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ مووچه‌ی بنه‌ڕه‌تی‌و ده‌رماڵه‌ی جێگیر و نا جێگیره‌كان كه‌ (25) جۆر ده‌رماڵه‌ن به‌مشێوه‌یه‌:

1- جۆر مووچه‌ی بنه‌ڕه‌تی
2- جۆری ده‌رماڵه‌ی جێگیر (خێزان، منداڵ، بڕوانامه‌)

* 21 جۆر ده‌رماڵه‌ی ناجێگیر هه‌یه‌ (مه‌ترسی، جوگرافی، پایه‌، خۆراك، پیشه‌یی، خزمه‌تی زانكۆیی، نازناوی زانستی، هاندان، كاری زیاده‌، تایبه‌ت، حاڵه‌تی ده‌گمه‌ن، چاودێری، گواستنه‌وه‌، خزمه‌تی خاریجی، ئه‌ندازیاری، مه‌ترسی ئه‌منی، دانیشتوو، فڕۆكه‌وانی، بڕاوه‌ (مقگوع)، عدم مزاوله‌ منهیه‌، مهینه‌).

* (16%)ی مووچه‌ بۆ ده‌رماڵه‌ی جێگیر خه‌رج ده‌كرێت.

* (40%)ی مووچه‌ بۆ ده‌رماڵه‌ی ناجێگیر خه‌رج ده‌كرێت.

* (44%)ی مووچه‌ی بنه‌ڕه‌تی.

ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ی زۆرترین خه‌رجیی مووچه‌یان هه‌یه‌:

* وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ مانگانه‌ بڕی (160 ملیار دینار).

* وه‌زاره‌تی ناوخۆ مانگانه‌ زیاتر له‌ (150 ملیار دینار).

* وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ مانگانه‌ زیاتر له‌ (120 ملیار دینار).

* وه‌زاره‌تی ته‌ندورستی مانگانه‌ نزیكه‌ی (60 ملیار دینار).

* وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا مانگانه‌ نزیكه‌ی (55 ملیار دینار).

* خانه‌نشینی سه‌ربازیی‌و مه‌ده‌نی نزیكه‌ی (170 ملیار دینار).

هاوكات ئه‌و ده‌رماڵه‌ ناجێگیرانه‌ی كه‌ زۆرترین خه‌رجی ده‌به‌ن بریتین له‌: ده‌رماڵه‌كانی (مه‌ترسی، خواردن، هاندان، پیشه‌یی، خزمه‌تی زانكۆیی، نازناوی زانستی، جوگرافی‌و پایه‌).

په‌رله‌مانی كوردستان له‌ به‌شی پێنجه‌می ماده‌ی (5)ی یاسای ژماره‌ (2)ی ساڵی 2020، به‌ڕوونی باس له‌ ده‌رماڵه‌كان ده‌كات‌و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك باسی بڕینی ده‌رماڵه‌ ناكات‌و ته‌نها هاتووه‌ “سه‌رجه‌م ده‌رماڵه‌كان رێكبخرێنه‌وه‌”، بۆیه‌ بڕینی ده‌رماڵه‌ی جێگیر و ناجێگیر دژی هه‌موو یاسا به‌ركاره‌كانی عیراقه‌و ناتوانرێت ببڕدرێن‌و ته‌نها ده‌توانرێت رێكبخرێنه‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌سه‌ڵاتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌.

مه‌به‌ست چییه‌ له‌ رێكخستنه‌وه‌ی ده‌رماڵه‌كان؟
بۆ نموونه‌ هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ (هه‌رێم، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، په‌رله‌مان) ده‌رماڵه‌ی له‌ (200% – 150% – 100%) وه‌رده‌گرن یان ده‌سته‌ هه‌یه‌ ده‌رماڵه‌كه‌ی (275%)، یان وه‌زاره‌ت هه‌یه‌ ده‌رماڵه‌ی كارمه‌نده‌كانی (200%) یان (100% بۆ 75%)، ئه‌مانه‌ پێویستیان به‌ رێكخستنه‌وه‌یه‌و كه‌م بكرێنه‌وه‌.

له‌ به‌شی سێیه‌می ماده‌ی سێیه‌م باس له‌ ده‌رماڵه‌ی كه‌مئه‌ندامان ده‌كات له‌ پێناوی نه‌هێشتنی دوو مووچه‌یی، ئه‌و خاوه‌ن پێداویستییه‌ تایبه‌ته‌ی فه‌رمانبه‌ره‌، به‌خشینی كه‌م ئه‌ندامییه‌كه‌ی ده‌بڕدرێت‌و له‌بری ئه‌وه‌ ده‌رماڵه‌ی له‌ (بری په‌ككه‌وته‌یی) بۆ خه‌رج ده‌كرێت.
ئه‌گه‌ر ئه‌م یاسایه‌ جێبه‌جێ بكرێت، سه‌رشانی حكومه‌ت سوك ده‌بێت له‌پێدانی مووچه‌، ئه‌وكات له‌ بری پێویستی 861 ملیار دینار بێت زۆر كه‌م ده‌بێیته‌وه‌‌و پێشبینی ده‌كرێت بگاته‌ 650 ملیار بۆ 750 ملیار دینار كه‌ ئه‌وه‌ش ئامانجی سه‌ره‌كی حكومه‌ته‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا رێككه‌وت ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی وه‌ریده‌گرێت له‌گه‌ڵ نیوه‌ی داهاتی ناوخۆ هه‌موو مانگێك پاره‌ی مووچه‌خۆران بدات‌و له‌م دۆخه‌ داراییه‌دا خۆی ده‌رباز بكات.

پێموایه‌ حكومه‌ت ده‌یتوانی به‌ده‌ر له‌یاسای چاكسازیش، چاكسازی بكات چونكه‌، هه‌موو ئه‌و كارانه‌ی كراون به‌ده‌رن له‌یاسا و هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كی یاسایی پاڵپشتیان ناكات.

print

 923 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*