سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » نیگایەکی جادوویی

نیگایەکی جادوویی

دانا عەسکەر

لەگەڵ هاوڕێکەیدا سەرقاڵی قسەکردن بوو لەمەڕ ئەو نامیلکە شیعرییەی کە بە دیاریی بۆی هێنابوو، پێدەچوو بەقەد لە دایکبوونی نۆبەرەکەی لە دڵیدا شیرین بێت، بۆیە جاروبار لەگەرمەی قسەکردندا قاق پێدەکەنی و باوەشی بەودا دەکرد، تۆش رووت دەکرد بەولاوە، چۆن ئەوەی بڵێی: ئەدی من کەی بتوانم باوەشی پێدا بکەم و تێر تێر بۆنی لە زەتی تیدا هەڵمژم.

چەند شەرمن و سارد و سڕە، رۆژگارێک لە سروەی تەنیایی رۆژمێرە پەرش و بڵاوەکانی ئەم ژوورەدا، دوو بە دوو هەموو پانتایی لەزەتی خۆم بۆ دەخستەسەر سفرەی چێژ و ئاوی مەلەفی رابردووی تاڵم دەڕشتە سەر خوانێکی نوێ‌، تاوەکو ئەویش بەسیحری مومارەسەی تێکەڵبوون و بۆنی رامووسان و زیکری پەنجەکانی قژی لوولم پڕ بکات لە ئاوی زیندووبوونەوە و گەنجێتیم پڕ بکات لە هەڕەمی چێژ و هەنارەکانی متمانەشمان سوور سوور پێبگەیەنێ‌.

بەنائومێدییەوە دەستت دایە کتێبەکەی بەردەستیان، قەدەرێک ئەم دیو ئەو دیوت کرد، پاشان یەک دووجار بەلەز لاپەڕەکانت هەڵدایەوە، ئەو چرکەساتە بە قەدەر ئاڵۆزیی هەموو غەریزەکانی شیعر بە زەخمی پەنجەکانتدا هێنا و برد، تا گەیشتیتە سەر هەڵوەرینی گەڵاکانی میزاج، جارێکی تر مێژوو وەک بوخچەی بووکێنی کچێکی عەیار خۆی دەداتە سەرپشت و لە هەڵکروزانی رۆژێکدا رووداوەکان پڕ دەکاتەوە لە دڵەڕاوکێ‌، دواجار لە سێگۆشەی لای سەرەوەی لاپەڕەی یەکەمی کتێبەکەدا هەڵوێستەیەکت کرد، ئیدی ئەو کاتە هەموو تەمەنت بە پیرەدارێکی کەنەفتەوە شۆڕکردە خوارێ‌ و بە نەرمە نیگایەکی تەریکەوە، چون ئەوەی لەو چرکەیەدا مینای شیعرێکت نوقمی بێ ئۆقرەیی بووبێ‌، نەرمە نیگایەکت بەودا خشاند، نیگایەک چۆن ئەوەی لەتێک لە رۆحی تۆیان لێکردبێتەوە، تەماشایەک وەک چۆلەکەیەکی شەرمن بەرەو هێلانە رووخاوەکانی دوودڵی بکەوێتە باڵەفرکێ‌، هێندە بە نازەوە لێیتڕوانی، بە ئەندازەی هەموو تاوانەکانی مرۆڤایەتی پەشیمانی تیا گەورەبوو، گەورە چۆن ئالوودەی خوێندنەوەی ئەو چرکە ساتەی تۆ کە لە فرسەتێکدا هەموو یادەوەرییەکانی رۆژانی پەمەییت لە ئەلبوومی نیگایەکدا کەوتنە هەناسەبڕکێ‌، بەو روانینەوە سەفەرێکت گرتەبەر تا ئەو دیو سنووری شەفافی پەنجەرەکە نووقمی داڵغە و غەریزەکانی چێژی کردی، بۆیە دەتویست بە هاوڕێکەی بڵێی: نەخێر نابێ‌! دەبێ‌ من ئەو دێڕەی بۆ بنووسم.
لەپر گەڕایتەوە سەر تەرمی سارد و سڕی روانین و ئەو سڵاوە پچر پچرانەی کە سپێدان لەگەڵ کردنەوەی یەکەمین راز و نیازی بە یەک گەیشتنی تۆ و ئەو، جار جاریش دەگەڕایتەوە ئەرشیفی هزر و کامێرای یەکەمین قوڵپی راهاتن، کە هەموو سەرقاڵی کۆکردنەوەی داهاتووی خۆیان بوون، ئەو لە کاتی پێشکەش کردنی تۆدا خەریکی مومارەسەی کێش و سەروای ناوەوەی خۆی بوو، تا لەو سەکۆیەوە بە بۆنی چوارینەیەکی ” نالی ” بکاتە ” حەبیبە ” کەی خۆی و بتهێنێتە گۆرانی وتن، تۆش لەبەردەم پەرچەمی نازێکدا وەک کۆترە شینکە لە درزی کورسییەکانەوە تەماشات لەو دەگرت و هۆڵەکەت پڕ دەکرد لە زیکری دەروێشانەی ئەوین و، بە تریفە پێت دەگوت خۆشم دەوێی.

لە چرکەی ئاوڕدانەوەدا خەیاڵت پربوو لە وێنەی دڕاوی ئومێد و شەرمی شەل و شیت، هەموو تەونەکانی خەونی دا بە سەریەکاو بێ‌ پەروا گەڕایتەوە لای مێینەیی ئەو حەیا و شەرەفەی کە تەنها لە درەختی جەستەی ئێوەدا دەڕسکێ‌.
کتێبەکە لێی نووسرابوو ” پێشکەشە بە گیانی خۆم …”
ئەوسا بۆی دەرکەوت چ جەورێک لە نەسیمی ئەو تەماشایەدا خۆی حەشارداوە و لە ساتەوەختی هەڵکشان بە دوندی ئەو دێڕەدا، ژیان هیچ نییە جگە لە گەمەیەکی کۆمیدیی و ژماردنی رۆژانی بێسەرەوبەرە،
ئەو دەیزانی ژیان چەند سەختە، دەمێکە حەزێک لە تۆدا گیرۆدەی تەنیایی و داب و نەریت دەبێت، تۆش ناتوانیت لەسەر سەکۆی رازێک دەرگای دڵێک بخەیتە سەرپشت و مینای نەریتێک بڕوخێنی کە دنیای ئێمەی بە هەڵە لەسەر هەڵکۆڵراوە، شەرمنی ئەویش هێندەی تر ئازارەکانی تۆی قووڵ دەکرد و ناچار “نیرۆن ” ئاسا هەموو “رۆما” کەی ئەوت سووتاند و گڕت بەردایە پەرستگای یەکترناسین.
ئەو تەماشایە چی بوو منی تیا سووتام؟ ئەمەی پێ‌ گوتی.

تۆش وتت هیچ.
ئەو هیچەش ئاگرێکی تری کچێنیت بوو کە لەسەرهەڵگرتندا فێری بێ ئۆقرەیی کردی،
کتێبەکە بە دەستەوە گیری خواردبوو، دڵت نەهات دەستبەرداری بیت و حەزت لێبوو جارێکی تر ئەو دێڕە بخوێنیتەوە، شەرمێک وەک هەرمێکانی باغی ورمێ‌ لەگەڵتدا گەورە دەبوو، زانیت ئەو لە تەماشاکەت حاڵیی بوو، ناچار هەستت لە گۆڕانێک رادەگرت لەو بڕینە ” لەقتە “یە رزگارت بکات و کامێرای چاوەکانی بگوازێتەوە سەر ئەو پەنجەرەیەی لە داخستن نیگەران بوو.

هاوڕێکەی وتی: ئەوە تەماشای چی دەکەی؟
ئەویش تەماشایەکی دیکەی تۆی کرد وەک ئەوەی پێت بڵێ‌ هاوڕێکەم هەستی کرد، ئیدی پەنجەرەی هەموو قسەکان داخران، لەو ساتەوە ئەو بەدووی ئەو کلیلەدا دەگەڕێ‌ کە لە نێوان ئاژاوەکانی ئەو ژوورە و دەست تێوەردانی داڵەکانی دەوروبەردا داخران.

ئەمە چیرۆکی نێو ئەو ژوورە بوو، کە ئیتر هیچ غەمێک نەیتوانی کلیلەکەی بدۆزێتەوە.

print

 355 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*