سەرەکی » ئابووری » ته‌ندروستیی جیهان و ئه‌و ره‌خنانه‌ی لێی ده‌گیرێن

ته‌ندروستیی جیهان و ئه‌و ره‌خنانه‌ی لێی ده‌گیرێن

فه‌یسه‌ڵ عه‌لی*

له‌م چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوودا، رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی دووچاری ره‌خنه‌یه‌كی ئێجگار زۆری ده‌وڵه‌تان‌و رێكخراوه‌كان‌و هه‌ندێك لایه‌نی ته‌ندروستیی جیهانی بووه‌وه‌، به‌هۆی سه‌رنه‌كه‌وتنی له‌ ئیداره‌دانی قه‌یرانی كۆرۆنا ڤایرۆس، ئه‌و په‌تایه‌ی هه‌موو ده‌وڵه‌تانی جیهانی گرته‌وه‌و زیانێكی گه‌وره‌ی بێ پێشینه‌ی پێیان گه‌یاند، ره‌خنه‌كان له‌ دۆناڵد ترامپی سه‌رۆكی ئه‌مریكاوه‌ ده‌ستی پێكرد، كه‌ به‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ چین تۆمه‌تباری كردو چینی به‌ به‌رپرسیاری بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م په‌تایه‌ به‌ جیهاندا تۆمه‌تبار نه‌كردووه‌، ترامپ هه‌ڕه‌شه‌ی بڕینی ته‌مویلی ئه‌مریكای بۆ ئه‌و رێكخراوه‌ كرد كه‌ ساڵانه‌ به‌ (500) ملیۆن دۆلار مه‌زنده‌ ده‌كرێت، سه‌رباری ئه‌وه‌ش هه‌ڕه‌شه‌ی كشانه‌وه‌ی ئه‌ندامێتیی وڵاته‌كه‌ی كرد ئه‌گه‌ر هاتوو له‌ ماوه‌ی یه‌ك مانگ ئه‌دائی خۆی باش نه‌كاته‌وه‌.

هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانیدا ترامپ وتی: هه‌وڵه‌كانمان بۆ راگرتنی هه‌ژموونی هه‌ڵكشاوی چین له‌ناو رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان چڕ ده‌كه‌ینه‌وه‌، هه‌روه‌ها كار ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی چین نه‌توانێ رێكخراوه‌ مرۆییه‌كانی جیهان به‌ سیاسیی بكات، جه‌ختیشی كرده‌وه‌ له‌وه‌ی چین به‌رپرسی بڵاوبوونی په‌تای كۆرۆنایه‌ له‌ هه‌موو جیهان، ده‌بێ باجی ته‌شه‌نه‌پێكردنی ئه‌و ڤایرۆسه‌ بدات كه‌ زیانێكی گه‌وره‌ی به‌ هه‌موو جومگه‌كانی ئابووریی جیهانی گه‌یاندووه‌.

ئیداره‌ی ئه‌مریكا داوای ده‌ستپێكردنی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ توشبوونی جیهان به‌و په‌تایه‌ كرد، دڵنیاییشیدا به‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ تێگه‌یشتنێكی ته‌واو و شه‌فاف سه‌باره‌ت به‌ سه‌رچاوه‌ی ته‌شه‌نه‌كردنی ڤایرۆسه‌كه‌ ده‌خاته‌ڕوو، هه‌روه‌ها ده‌رئه‌نجامه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر قۆناغه‌كانی دروستكردنی بڕیاری ته‌ندروستیی جیهانی له‌و كاته‌وه‌ی كه‌ په‌تاكه‌ له‌ چینه‌وه‌ بڵاوبۆته‌وه‌، ئه‌و به‌یاننامه‌ی ئیداره‌ی ئه‌مریكا بڵاویكرده‌وه‌ داوای زه‌روره‌تی ئه‌نجامدانی چاكسازی له‌و رێكخراوه‌ كرد تا بتوانێ به‌شێوه‌یه‌كی كارا ئه‌ركه‌كانی خۆی به‌ شه‌فافی و پاكی ئه‌نجام بدات.

له‌و ره‌خنانه‌ی تر كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌و رێكخراوه‌ی گرتووه‌، له‌ 31ی كانونی یه‌كه‌می 2019، لێپرسراوانی رێكخراوه‌كه‌ له‌ تایوان، زانیارییه‌كانی سه‌رباره‌ت به‌و ڤایرۆسه‌ پێشكه‌ش كرد به‌وه‌ی له‌ رێگه‌ی هه‌واوه‌ له‌ مرۆڤێكه‌وه‌ بۆ یه‌كێكیتر ده‌گوێزرێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و رێكخراوه‌ ئه‌م زانیارییه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی تر به‌تایبه‌تی ده‌وڵه‌ته‌ گه‌وره‌كان ئاڵوگۆڕ پێنه‌كرد، كه‌ پێشتر ده‌كران، هه‌روه‌ها ئیداره‌ی ئه‌مریكا سه‌رۆكی رێكخراوه‌كه‌ی به‌ لایه‌نگیری حكومه‌تی چین تۆمه‌تبار كرد، كاتێك حكومه‌تی چین ده‌ستخۆشی له‌ رێوشوێنه‌ ناوازه‌كانی ئه‌و رێكخراوه‌ كرد كه‌ بۆ كۆنترۆڵكردنی ئه‌و په‌تایه‌ گرتوویانه‌ته‌به‌ر، ته‌نانه‌ت گۆمانیان له‌ پابه‌ندبوونی چین به‌ شه‌فافیه‌ت كرد سه‌باره‌ت به‌ مامه‌ڵه‌كردنی له‌گه‌ڵ ئه‌م په‌تایه‌، كاتێك ته‌ندروستی جیهانی متمانه‌ی خۆی به‌ توانای چین له‌ كۆنترۆڵكردنی ئه‌و په‌تایه‌ دووپات كرده‌وه‌.

وێڕای ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه‌، كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ره‌خنه‌یه‌كی تری له‌و رێكخراوه‌ هه‌یه‌، به‌وه‌ی هه‌مان هه‌ڵوێستی حكومه‌تی چینی هه‌بووه‌، كه‌ له‌ 14ی كانوونی دووه‌می 2020، حكومه‌تی چین له‌ تویته‌ر نوسیبووی ” ڤایرۆسه‌كه‌ له‌ كه‌سێكه‌وه‌ بۆ كه‌سێكی تر ناگوێزرێته‌وه‌، ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ سه‌ره‌تاییانه‌ی له‌ وهان كردوویه‌تی هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی روونی ده‌ست نه‌كه‌وتووه‌ كه‌ ڤایرۆسه‌كه‌ له‌ڕێی هه‌واوه‌ گوێزرابێته‌وه‌، به‌ڵام حكومه‌تی چین ئه‌و راپۆرتانه‌یان شاردۆته‌وه‌ كه‌ جه‌خت له‌سه‌ر گواستنه‌وه‌ی ئاسانی ئه‌و ڤایرۆسه‌ له‌ كه‌سێكه‌وه‌ بۆ یه‌كێكیتر ده‌گوێزرێته‌وه‌، له‌سه‌ر ئه‌مانه‌وه‌، ته‌ندروستیی جیهانی رایگه‌یاند كه‌ ڤایرۆسه‌كه‌ له‌ یه‌كێكه‌وه‌ بۆ یه‌كێكیتر ده‌گوێزرێته‌وه‌و حاڵه‌تی نائاسایی له‌ جیهان راگه‌یاند.

له‌لایه‌كی تره‌وه‌، هه‌ندێك له‌ ناوه‌نده‌كانی بڕیاری ئه‌مریكا، گومان له‌سه‌ر (تیدرۆس ئادهانۆم جیبرویسوس) به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی رێكخراوه‌كه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ به‌ ره‌گه‌ز ئه‌سویپییه‌، باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ به‌ پشتیوانی چین ئه‌و پۆسته‌ی وه‌رگرتووه‌، ئه‌مه‌ یه‌ك سه‌رۆكه‌ كه‌ ئیداره‌ی ئه‌م رێكخراوه‌ ده‌كات‌و پسپۆڕییه‌كه‌ی پزیشك نییه‌، به‌كالۆریۆسی له‌ زینده‌وه‌رزانی هه‌یه‌و ماجستێری به‌گژداچوونی په‌تا گوازراوه‌كان هه‌یه‌و پاشان دكتۆرای له‌ ته‌ندروستیی كۆمه‌ڵ به‌ده‌ستهێناوه‌.

حكومه‌تی چین لای خۆیه‌وه‌ دژی هه‌موو ئه‌و هێرشانه‌ی كه‌ ئه‌مریكا سه‌ركردایه‌تی ده‌كات وه‌ستایه‌وه‌، شی چین پینگ سه‌رۆكی چین وتی: ده‌بێ هه‌موو لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك له‌مباره‌یه‌ رابگیرێت، تا جیهان كۆنترۆڵی ئه‌م په‌تایه‌ ده‌كات، واته‌ چین پێی باشه‌ دوابخرێت تا لێوه‌ی فشاره‌كانی ئیداره‌ی ئه‌مریكا خاوبكاته‌وه‌، ئیداره‌ی چین پێشوازی له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كان كردو ره‌تی نه‌كرده‌وه‌و دووپاتی هاوكاریكردنیشی كرد، سه‌رۆكی چین هه‌ر به‌وه‌وه‌ نه‌وه‌ستا، رایگه‌یاند، كه‌ حكومه‌ته‌كه‌ی بڕێ دوو ملیار دۆلار بۆ كۆتاییهێنان به‌و ڤایرۆسه‌ پێشكه‌ش ده‌كات، روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ی ده‌ست به‌ ناردنی تیمی پزیشكی بۆ ده‌وڵه‌تانی ئه‌فریقاو جیهانی سێیه‌م ده‌نێرێت.

ئه‌و ره‌خنانه‌ی له‌ رێكخراوی ته‌ندروستیی جیهان گیرا و ده‌گیرێن، كاریگه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌ر كاره‌كانی ئه‌و رێكخراوه‌ كردو دووچاری شڵه‌ژانی كرد، هه‌وڵێكی زۆری بۆ به‌رگریكردن له‌خۆ ده‌ست پێكرد، به‌ڵام به‌رده‌وام ته‌شه‌نه‌كردنی په‌تاكه‌ زۆر له‌ به‌رگرییه‌كانی ئه‌و رێكخراوه‌ به‌هێزتر بوو، به‌ ئاستی كوشنده‌یی ئه‌و ڤایرۆسه‌ بۆ مرۆڤ، به‌و ئاسته‌ قه‌باره‌ی ئه‌و ره‌خنانه‌ی له‌و رێكخراوه‌ گیران كاریگه‌ر و به‌هێز بوون.

* سه‌رۆكی مونته‌دای ئابووریی كوردستان

print

 253 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*