سەرەکی » کەلتوور » چیرۆكی ژیان و هونەریی گۆرانیبێژان هەزاران فیلم و سریالن بەبۆنەی “٤٨”ساڵەی کۆچیدوایی هونەرمەندی مەزن حەسەن زیرەكپەڕە 24

چیرۆكی ژیان و هونەریی گۆرانیبێژان هەزاران فیلم و سریالن بەبۆنەی “٤٨”ساڵەی کۆچیدوایی هونەرمەندی مەزن حەسەن زیرەك

بەبۆنەی “٤٨”ساڵەی کۆچیدوایی هونەرمەندی مەزن حەسەن زیرەك
چیرۆكی ژیان و هونەریی گۆرانیبێژان هەزاران فیلم و سریالن

هاوار مستەفا خان

سەرەتا درود بۆ گیانی پاکی هونەرمەندی مەزن حەسەن زیرەك کە لە رۆژێکی وەك ئەمڕۆدا ٢٦-٦-١٩٧٢دوای (٥٠)ساڵ ژیان و ئیشق و ئەوینی پڕ لە خۆشی و نەهامەتیی بە یەکجاری ژیان و دونیای هونەریی بەجێهێشت.

هونەرمەند حەسەن زیرەك، دەنگ و ئاوازو رەسەنایەتییەکی بێ وێنەبوو لە نیوەی دووەمی سەدەی رابرادوو، لە هەگبەی (٥٠)ساڵەی تەمەنیدا سەدان گۆرانی پێشکەشی هونەرو فەرهەنگی کوردیی کرد و گەوهەرێكە هێشتا لە گوێی زۆرینەی هۆگرانی گۆرانی کوردیدا دەزرینگێتەوەو دوای نزیك بە نیو سەدەش لە کۆچیدوایی، ژێ و وشەو ئاواز و میوزیکی گۆرانیەکانی ئەو، هەست و سۆز و جریوەی ئەو، بۆ سەردەم و نەوەکانی داهاتووش بڕ دەکات و ئەشێ بە وەربەرهێنانی فیلمی سینەمایی و دراماو سریال، هەتاهەتایە بەزیندوویی لەبەرچاوان بمێنێتەوە؟!.

لەم یادەدا مەبەستم نیە باسی “زیرەك”بکەم، لەسەر زیرەك بایی ئەوەندە وتار و پەڕتۆك و بیرەوەریی چاپکراو و نەکراو”ئەوەی لە دەمی کەسانێك راگوزەر گێڕدراونەتەوە”هەیە کە وەبەرهێنەرو سیناریست و دەرهێنەران بتوانن بەرهەم و شاکاری هونەریی لەسەر دروست بکەن. دەموێت باسی ئەوە بکەم کە مرۆڤ چەندە پڕ بێت لە خەون خولیا بەڵام هەر ناتوانێت هەمووی تاسەر بە ئەنجام بگەیەنێت.

ئەو یادە دەقۆزمەوەو بەدەرفەتی ئەزانم خەونێکی گەورەو لەمژینەم رابگەیەنم و نیگەرانیش نیم و نابم ئەگەر خۆم نەتوانم ئەو خەونەم بهێنمەدی، بەڵکو بەوە نیگەران دەبم کە ئەگەر ئێمەش پێی نەگەین”بەهەر هۆکارێك”، دڵحۆش دەبم نەوەکانی ئێمە بتوانن بەو خەونە بگەن و تیایدا وەبەرهێنان لەو کەسایەتیانەدا بکەن و بەرهەمی سینەمایی یان سریالیان لەسەر دروست بکەن و بینەری کوردیی و بیانی لە گەورەیی ئەو هونەرمەندانەو بارودۆخی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیی و ئابورییان تێبگەیەنن کە ئەگەر ئەو هونەرمەندانە کورد نەبوونایە و لە کیشوەرێکی تر دونیا بوونایە، دەنگ و رەنگیان بەکوێ دەگەیشت و بایەخ و کاریگەریان چەندە مەزن دەبوو.

خەونی بەندە کە بۆ یەکەمجارە لیرەدا باسی دەکەم ئەوەیە: لە ژیانمدا بمتوانیبایە زنجیرەیەکی تیڤی لەسەر هونەرمەندان “حەسەن زیرەك ، گولبەهار ، هۆمەری دزەیی ، یڵماز گونەی ، ئایشە شان ، ئەحمەد بەدرخان و نووسەرو رۆژنامەڤان دورییە محەمەد عەلی عەونی” دروست بکەم؟!.

بەو هەموو ساڵانەیشی لە کیسمان چوون خەونەکانمان هەر گەورەمان بوون و بەڵام لەجیاتی وەبەرهێنان تیایاندا، مخابن کەلەکە بوون. دەموێت ئەوە بڵێم: بێجگە لەوەی حەزمکردووە لەسەر قەڵای دم دم-ی ئەرەبی شەمۆ بارتەقای ئەو شاکارە شاکارێكی سینەمایی دروست بکەم، کە خۆی رۆمانێکی بەناوبانگە، هەمیشە حەزم بەوەبووە لەناو سینەمای “نەنووسراو” نەك “نوسراو”دا کار بکەم، ئەوەی لە عەرەبیدا پێی دەگوترێت: “ﺍﻟﻼﻣﺄﻟﻭﻑ “. هۆکارێکی مەزنی ئەو بیرکردنەوەیە ئەوە بووە کە ئێمەی کورد روداو و شاکاری مەزنی نووسراومان هێندە کەمن بە ئەندازەی ئەوەی هەندێكجار مرۆڤ دەتوانێت لەخۆی رابفەرموێت بڵێت: هەر نیمانە؟!. لەکاتێكدا تا لە وتارێك دەبینەوە دەتوانین “هەزاران”چیرۆك لەسەر ژیان و هونەریی هەزاران ناوی هونەرمەندی کورد لە کوردستان، تەنێ لەوانەی کلاسیكن بنووسینینەوە کە چیرۆكی ژیان و هونەرییان هێندە کاریگەرن دەتوانرێت لەسەر هەر یەکێکیان چەندین فیلم و سریالیان لەسەر دروست بکرێت.

دەزانم هەر یەك لە ئیوەی خوێنەریش دەتوانن دەیان ناوی درەوشاوەی هونەری کوردی دەستنیشان بکەن و بەلکو نەك فیلم و سریالێك زیاتریشیان لەسەر دروست بکریت کە حەز دەکەم لەم وتارەدا ناوی هەندێکی تریش بنووسم بەر لەوەی دەست بکەم بە ناساندنی ئەوانەی دەستنیشانم کردوون کە چیرۆکیان چەندە پێویستییەکی هەنووکەییە بخرێنەر سەر سکرینی گەورەو بچوک. لەوانە هونەرمەند” خالە تایەر – تاهیر تۆفیق، شیرین و شڤان پەروەر، ناسرو مەرزیە، ماملێ و ماڵباتی وی، باکوریی، کامگارەکان، ئەحمەد کایا، مەزهەری خالقی، عەلی مەردان، شاکرۆ، حەسەن حەیران، فوئاد ئەحمەد، ئەیاس زاخۆیی، مریەم شێروانی، سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی، رەشۆ، حەمەساڵح دیلان، کەریم کابان، محەمەد جەزا، محەمەد شێخۆ” دەیان و سەدان ناویی تری نێو بواری گۆرانی خۆ ئێمە باسی کەسایەتیی بەهرەمەندی فرە بوارەکانیشمان نەکردوە بەنموونە: خالید دلێر کە سیاسەتمەدارو شاعیرو گۆرانیبێژ و ئاوازدانەریش بووە، شەماڵ سائیبی مامۆستای زانکۆ و گۆرانیبێژ و میوزیکڤان.. ئەگەر ناوی ئەوانە لێرەدا بنووسین ئەوە وتارەکەمان ماوەیەکی زۆر زۆری دەوێت بۆ خوێدنەوەو تەواو کردن؟!.

ئەگەر بەکورتیش بێت بزانین چیرۆکی ئەو(٧)کەسایەتییە چەندە مەزنن کە دەتوانرێت ژیانی هونەری و سیاسیی و رۆژنامەڤانیی و دبلۆماسیی و کولتورو فەرهەنگی سەدەیەکی گەلی کورد زیندوبکرێتەوەو کاریگەرییەکانی هێندە بەتین بن بارتەقای شۆڕش و جوڵانەوەکانی سیاسیی گەلی کورد بە ” بینین و بیستن و نووسین”ەوە و لەرێگای ئەو هونەرە مەزنەوە رۆڵی نەوەکانی رابردوو بۆ ئێستا و داهاتوو بکرێنە پەند و وانەی ژین و ژیان و ژیاندۆستیی.
وەرەن بزانین لەهەر کەسایەتییەک لەوانەدا چەندین کەسایەتیی دیکە دێنە ناو روداوەکانی مێژوو کە هەر یەکێك لەوانەش کارەکتەری زیندووی کاریگەرن لەو سەردەمانەدا، چ کارەکتەری کۆمەڵاتیی بووبن یان سیاسیی و سەرمایەدارو سەربازیی و رۆشنبیرو روناکبیرو تەنانەت کەسایەتیی خاکی و سادەی نێو کۆمەڵگەش.

بە”گریمانە”و بەکورتیی باسی هەر یەك لەو حەوت ئەستێرەیە دەکەم بزانن لە زەینی بەندەدا گەر ئەو زنجیرە تیڤیانە دروست بکرێن، چەندە کارگەریی دەبێت لەسەر بینەر بە بینەری بیانیشەوە؟!.

یەکەم: حەسەن زیرەك: سریالی “زیرەك بولبولی کوردستان”.
ئەگەر وەك ” گریمانە” باسی سریالی هونەرمەند حەسەن زیرەك بکەین، دەبینین پڕە لە بەرهەمهێنانی ئاوازو گۆرانی و جوانی، لەکاتێکدا زیرەك ژیانی تایبەتی خۆی سەرباری خۆشەویستیی و ئیشق و ئەوین بەڵام پرە لەنەهامەتی و گرتن و راوەدونان و کوێرەوەریی.

ژیانی زیرەك پڕ پڕە لەسەرکێشی لەنێوان دوو وڵاتدا کە دوو پارچەی نیشتمانی بەسەردا بەشکراوەو ژیان و ئازادییەکانی تاکی کورد لەو دوو وڵاتەدا ئاسان نەبووە بەزمان و داخوازی خۆی ژیان بکات، کەچی زیرەك بەکوێرەوەریی لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا”بەشی کوردستان”ئاشانیەتی لەگەڵ خەڵك پەیدا دەکات و دەبێتە خۆشەویستی کورد و کوردستانیان.

لەنێو سریالی “زیرەك”دا، دەیان کەسایەتیی میوزیکڤان و گۆرانیبێژ و سیاسەتڤان و خەڵکی سادەی گوندو شارو روداوگەلێك لە تۆمارکردنی گۆرانی و کارو کەسابەتیی ویدا هەن کە تەنانەت دەزگای نهێنی دوو وڵات لەکەسایەتیی بەگومان بوون و دەرفەتیان پێ نەداوە چێژ لە ژیان ببینێت. لەنێو ژیانی تایبەتی زیرەكدا چەندین ناوی هەن کە چیرۆکی خۆشەویستی لەگەڵدا کۆکردونەتەوەو لەنێو گۆرانیەکانیشدا رەنگیانداوەتەوە.

کەسایەتی حەسەن زیرەک دوو لایەنەیەو هونەرو ژیانی تایبەتی پڕە لە چیرۆک کە بێجگە لە سریال، دەتوانرێت دەیان فیلمی لەسەر دروست دەرکرێت.”لە کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو لە باشور فیلمێکی لەبارەیەوە کرا”.

دووەم: گولبەهار :سریالی “گولبەهار”.
گولبەهار، ناوێکی درەوشاوەی نیو گۆرانی کوردیی و سینەمای عیراقیە کە لەناوەڕاستی پەنجاکانی سەدەی رابردوودا لە چەندین فیلمی سینەمایی عیراقیدا بەشداری کردووەو گۆرانی و سەرکێشیەکانی لە ژیانی ئەودا هەن، لەنیو کەم هونەرمەندی تردا هەیە چ لەنێو پیاوان و چ لەنێو ژناندا.
هەر بەسایەی ئەو سریالەوە دەیان هونەرمەندی گۆرانیبێژ”لە عەرەب و کورد –گۆرانیبێژو ئەکتەرو ئاوازدانەر” لەدەوری کۆدەبنەوە کە وەك کارەکتەری دوەم و سێیەم رۆڵیان دیاردەبێت، ژیانی گولبەهار زۆر بە خۆشی دەربازبووە سەرباری رێگریەکانی، بەڵام ئەویش هەر نەهامەتیی کۆتاییهات.

سێیەم: هۆمەری دزەیی : سریالی” لە دوو گرتکانەوە بۆ بنی دونیا”.
ئەوەندە پڕە لە سەرکێشی و ئەشق و جوانی و پێشمەرگایەتیی و دیپلۆماسیەت و شاخ و شارو کوردستان و رۆژئاوا و کاری نووسین و رۆژنامەڤانیی و هەر وەك خۆی لەژیانیدا کردبوویە دروشم “سێ میم”ەکەی ژیان “مەی و مێ و میوزیك” ژیانی ئەو کوڕە هەولێریەی نێو دیوەخانی ئاغایان و بیری مارکسی و خولیای هونەرو جوانیی بە چەندین فیلمیش تەواو نابێت.

چوارەم: یڵماز گونەی: سریالی ” رێگا سەختەکانی ژیاندۆستیی”
یڵماز گونەی، کانی خەڵوزە ناتوانرێ ساڵ و سەدەی تەواوبوونی ئەو گەهەرە دیاری بکرێت ، ئەو کە لەژیاندابووە پڕ پڕ بووە لە داستانی سینەمایی، پڕ بوە لە سەرکێشی، لە سیاسەت، لە سینەما و ژیان و بەرخوداندا. ژیانی یڵماز گونەی بۆ هەر زمانێك وەربگێڕدرێت دەبێتە مایەی سەرسوڕمان، بۆیە لەسەر ئەو مەزنە هونەرمەندە چیتر ناڵێم، تەنها ئەوە نەبێت بە تەنها (٤٧)ساڵ ژیان کە ١٢ ساڵی لەنێو کونجی زینداندا بەسەر بردووە، ئەو بەشەی زیندانی بەتەنها دەیان فیلمنامەی سینەمایی لێ دروست دەکرێت.

پێنجەم: ئایشەشان: سریالی ” لێ لێ بێمال ”
ئایشەشان ژنێکی نێو کۆمەڵگەیەکی داخراو، بەدەنگ و سیمایەکی جوانی ئەفسوناوییەوە دەردەکەوێت و دەبێتە نێچری پیاوانی چاوچنۆك و دەزگاکانی دەوڵەت بەهەر شێوەیەك هەوڵی ژیاندۆستی دەخاتەبەردەمی کە بە تورکی گۆرانی بڵێت لەبری ئەوەی بەزمانی خۆی سترانان بچڕیت، بەڵام هەموو ئەو خۆشیانەی دەخرێتە بەردەمی رەتی دەکاتەوەو لەبەرامبەردا دەربەدەری و جیابوونەوە لە خێزان و هاتنە باشوری کوردستان و لێرەش لەژێر چاودێرییەکی سەختدا ژیان بەسەردەبات هەتا کاتێك کچەکەی کۆچیدوایی دەکات ئەو ناتوانێت لە ناشتنی ئەو رۆحەیدا ئامادەبێت و ئەو خەمە دەبێتە گرێ لە ژیانیداو دەیان و سەدان بەسەرهاتی ئەو جوانە هونەرمەندەش سریالێکە پڕە لە داب ونەریتی کوردەواری و ململانێی چینایەتی و نەتەوەیی و کولتور. بیرمە ساڵی ١٩٨٤ هاتە هەولێر بەهۆی کۆبوونەوەی خەڵکێکی زۆر کە دواتر بووە خۆپیشاندان ئاهەنگەکەی راگیرا؟!.

شەشسەم: ئەحمەد بەدرخان: سریالیی “کرمانجەکانی پاشا”
لەدیدی بەندەوە باشترین سریال کە بەزمانی عەرەبی”میسری”بێت لەسەر ماڵباتی بەدرخانیەکانە، بەندە ساڵی ١٩٩٨ فیلمێکی دۆکیۆمێنتاریم لەسەر مقداد بەدرخان بەرهەمهێنا، بەڵام بەندە لە چاوی دەرهێنەری سینەمایی”ئەحمەد بەدرخان”ەوە سەرسامی هونەرو ژیانی ئەندامێکی ماڵباتی بەدرخانیان بووم ولەساڵی (٢٠٠٥ و ٢٠٠٧)دا سێ یان چوار ئەڵقە لە پەڕتۆکی تایبەت بەژیاننامەی ئەو دەرهێنەرمان لە پاشکۆی سینەمایی”بەدرخان فیلم کە دواتر بووە گۆنەی فیلم”بڵاو کردەوە کە هاوڕێم کاک دەشتی باجلوریی- بەپیر داواکاریمانەوە هات و زۆریش خۆشحاڵ بوو کە ئەو کەرکەمان پێسپارو لێبڕاوانە چەند بەشێکی لێ وەرگێڕایە سەر زمانی کوردیی و بڵاومان کردەوە.

ئەحمەد بەدرخان دەکاتە ئامۆزای مقداد مدحەت بەدرخان و هەر لەو سریالەدا چۆنیەتی گەیشتی مالباتی بەدرخانیان لەهزرو بیرمداچەکەرە بووەو لە فیلمنامەی” نیل و فوڕات”کە ساڵی ٢٠١٧ نووسیومەو پالەوانی سەرەکی”کوڕ – فوڕات”لە نەوەی بەدرخانیەکانەو لە میسر لەدایكبووە، “پالەوانی سەرەکی “کچ- ناوی نیل”ەو لە سلێمانی لەدایك بووە بەڵام بە رەچەڵەک لە بنەماڵەیەکی میسرین و لە جەنگی یەکەمی جیهانیەوە کەوتوونەتە سلێمانی.

سریالی ” کرمانجەکانی پاشا- ئەحمەد بەدرخان”پڕ پڕە لە مێژووی سیاسیی و هونەریی و کۆمەڵایەتی و نەریتی میسری و کوردیی، پەیوەندیی ئەو بەدرخانیانەی لە کوردستانەوە پەنا دەدەنە میسرو یان بەسەردان خۆیان دەکەن بەو وڵاتەدا، لەو سریالەدا رەنگدەداتەوەو تا ئەو سەردەمانەی رادیۆی دەنگی کوردیی قاهیرەی تێدا دەکرێتەوەو هەتاوەکو ئەو ساتانەی لەکۆتایی ژیانیدا، عەلی بەدرخانی کوری رێچکەی سینەما درێژە پێدەدات؟!.

سریالێک دەبێت پڕ لە کەسایەتی بەناونابگی میسریی، بەنموونە گۆرانبێژی بەناوبانگ ئوم کەلسوم هەموو فیلمەکانی لەگەڵ ئەحمەد بەدرخان دروست کردووەو گۆرانیبێژو ئەکتەرە بەناوبانگەکانی میسر و بێجگە لەوەش سینەمای میسری لەسەردەستی سێ کەس دروست بوو کە یەکێك لە هەرە کاریگەرەکانی دامەزرینەری ئەو سینەمایە ئەحمەد بەدرخان بووە.

ئەحمەد بەدرخان یەکەم کەسە لە میسرو تەواوی وڵاتانی عەرەبی پەڕتۆكێك بەناوی”ئەلسینەما”لەسەر سینەما دەنووسێت و بڵاوی دەکاتەوەو یەکەمین ستۆدیۆی میسریش لە ساڵی ١٩٣٤ هەر لەسەردەستی ئەو و بە پارەی سەرمایەداری روناکبیری گەورەی میسر “تەڵعەت حەرب”دروست کراوە.

حەوتەم: دورییە محەمەدعەلی عەونی: سریالی” دایکی کوردەکان”
دورویە عەونی نووسەرو رۆژنامەڤان، ماوەی (٢٧)ساڵ لە ئاژانسی دەنگ و باسی فەڕەنسی کاری کردو زۆربەی سەرکردەکانی کوردیی ناسیوەو پەیوەندی توندو تۆڵی لەگەڵ ئۆجەلان و مام جەلال و مەسعود بارزانی و سەرکردەکانی تردا هەبووەو جارێکیان بۆی گێڕامەوە کە ئوم کەلسوم بەمەبەستی ئەنجامدانی کۆنسێرتێك سەردانی کردووەو پێی وتوە نازانم چۆن قسە بکەم و لەبەرامبەر جەماوەری فەڕەنسیدا چی بڵێم، هیچ شارەزاییم لەو وڵات و گەلەدا نیە. دوریە گوتی: پێم وت: کە چویتە سەر ستەیچ بڵێ: خۆشحاڵم لەناوتاندام ئێوەی گەلی فەرەنسی کە خاوەنی سەرکردەیەکی مەزنی وەک دیگۆلن هەر وەکو ئێمە کە خاوەنی سەرکردەیەکی وەک عەبدولناسرین.

دوریە ئەوەشی گوت کە دوای ئاهەنگەکە ئوم کەلسوم هاتۆتەوە لای و زۆر سوپاسی کردە کە ئەو قسەیەی بووەتە هۆی ئەوەی چەپڵەیەکی دورو درێژی بۆ لێبدەن.

لەبارەی یڵماز گونەی ووتی: لە نزیکەوە دەمناسی، هەتا جارێکیان هەواڵێکمان بەبایەخەوە لەسەر وەرگرتنی خەڵاتی کان لەسەر فیلمی “رێگا- یۆڵ”بڵاوکردەوە، باڵیۆزی تورکیا هاتە ئاژانسەکەو سکاڵای لەلای سەرۆکی ئاژانس لێکردم و ئەویش دواتر بانگی کردم و وتی: شتێکی وەها لەسەر تۆ هەیە کە گوایە لایەنگیریت بۆ یەڵماز گونەی نیشانداوە، دەتوانن بەرگری لەخۆتان بکەن؟ ئەویش پێی وتبوو: یڵماز گونەی لەلایەن حکومەتی فەرەنساوە دەپارێزرێ و تاکە وڵاتە کە باوەشی بۆ کردۆتەوەو ئینجا یڵماز گونەی فیلمەکەی یەکەم بووەو لەسەر ئێمەشە دووجار بایەخی پێبدەین جارێك وەکو هونەرمەندێکی کوردو شۆڕشگێر کە دەوڵەتی فەرەنسا پشتیوانی لێدەکات، جارێکیتریش وەکو هونەرمەندێك کە خەڵاتەکەی بردۆتەوە.

“دایکی کوردان”لە دواین گەشتی چارەسەرکردنیدا ئەو لە پاریسەوەو بەندەش لە قاهیرە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیماندا بەر لەهەر شتێك ووتی: دەنگ و باسی کوردستان چۆنە؟! ئینجا وتی: میسر بەرەو کوێ رێدەکات؟ دوای ئەوەی وتم: میسر لە ئەماندایەو ناکەوێت، کوردستانیش سەلامەتە، زۆر خۆشحاڵ بوو.

ئەو کاتەی گەڕایەوە میسر و لەنەخۆشخانە بوو، بەندە بە سەفەریك لەئەسفەهان بووم، ئەو دڵە گەورەکەی لە نەخۆشخانە لە لێدان کەوت و دەستی لەناو دەستی”نووسەرو رۆژنامەڤان و چالاکوان و خوێندکارێکی کورد”دا بوو، بەر لە گیان دەرچوونی، وەسیەتی کردبوو سەروەت سامانی بە کوردەکان ببەخشن و مالەکەی بکەنە ناوەندێک بۆ پەیوەندی کورد و میسر.

لە راستیدا دەبێ ئەوە بڵێم: پەشیمانم کە وتم؛ هەزار ناوی دیارو بەرچاو هەن دەکرێت فیلم و سریالیان لەسەر دروست بکرێت، بەڵکو دەبێ ئەوە بڵێم: گەلی کورد هێندە چیرۆك و داستان و بیرەوەریی هەن بکرێنە فیلم و سریال بەقەد درێژایی بوون و دەرکەوتنی ئەو میلەتە، هەزاران ساڵیشی دەوێت ئەو چیرۆکانە هەر تەواو نابن و ئێمەو دەیان نەوەی دوای ئێمەش هەر فریا ناکەوین کاریان لەسەر بکەین، بەڵکو بەردەوام کەسایەتیی تریش دێتە سەر ئەو ژێرخانە. بۆیە مرۆڤ ئەگەر نەشتوانێت هەموو خەونەکانی لەسەردەمی خۆیدا بهێنێتەدی، واباشە چی لەهەگبەیدایە، بیانخاتەڕوو دڵنیام خەون هەن بە کەسانی تر تەواو دەبن و لەگەڵ خەونی کەسانی تر تێکەڵ دەبێت و پێدەگات.

ئەوەی ئێمە لەم وتارەدا باسمان کرد تەنێ توێژێ هونەرمەندانی گۆرانیبێژ بوو لەگەڵ دوو کارەکتەری سینەمایی و رۆژنامەڤانیی. ئەی ئەگەر هەر لەناو توێژی هونەرمەنداندا بگەڕێین و دەستنیشانی ئەو کەسایەتیانە بکەین کە شایستەی فیلم و سریالن، دەبێ چەند هەزاری تر ناویان تۆمار بکرێت؟! ئەی لەبواری ئەدەب؟ سیاسەت و مێژووی کوردستان؟!.

کەواتە؛ بەوەڕا دیارە ئێمە چەندە لەخەم رەخسیووین و ئەگەر لە ساڵانی بەر لە راپەڕینی بەهاری ١٩٩١ بۆ کورد ئەستەم بووە دەست بۆ ئەو هونەرە بەرێت، دوای راپەڕین نە حکومەت و نە سەرمایەدارانی کوردستان دەستیان نەچووە بەر باخەڵ و کەرتی سینەما و دراما ببوژێننەوەو وەك کەرتێکی نێو کایەی ئاوەدانی وڵات خەمی لێبخۆن. بزانە لە باشوری بندەستی کوردان بایی سەدەیەك خانووبەرە دروستکراوە کە بواری ئەوەی تێدانەماوە چیدیکە وەبەرهێنان لەو کەرتەدا بکرێت، بزانن بەگویرەی داتایەکی وتەبێژی هەناردە و هاوردەکارانی هەرێمی کوردستان، نزیکەی (١٠)هەزار ملیۆنیرو (١٠)ملیاردێری دۆلار لەم بەشەی کوردستاندا هەن و مخابن کە دەڵێم: ئەگەر بەهەر هەموویان(١٠)فیلمیان بەرهەمهێنابێت، بەندە واز لە هەموو

خەونەکانم دەهێنم و بۆخۆم دەست دەکەم بە نۆکاو فرۆشتن و جارێکی تر سەر بە دونیای سینەماو درامادا ناکەمەوە؟!.

لەگەڵ ئەوەشداسینەماتان باش..

print

 449 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*