سەرەکی » زانست » پرۆفیسۆره‌كانی‌ زانكۆی‌ سلێمانی‌…

پرۆفیسۆره‌كانی‌ زانكۆی‌ سلێمانی‌…

پرۆفیسۆره‌كانی‌ زانكۆی‌ سلێمانی‌ رێزیان لێنرا

کۆسار عوسمان

رۆژی‌ 24/12/2017، به‌ چاودێری وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی رێوڕه‌سمی به‌خشینی خه‌ڵاتی رێزلێنان به‌ زیاتر له‌ 90 پرۆفیسۆری زانكۆی سلێمانی به‌رێوه‌چوو، له‌و رێوڕه‌سمه‌دا كه‌ له‌ هۆڵی كۆنگرێسی زانكۆی سلێمانی به‌ڕێوه‌چوو هه‌ریه‌ك له‌ دكتۆر یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی و پرۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر دكتۆر ره‌زا حه‌سه‌ن سه‌رۆكی زانكۆی سلێمانی و سه‌رۆك زانكۆكانی كوردستان و پرۆفیسۆران و مامۆستایانی زانكۆی سلێمانی ئاماده‌ی بوون. سه‌ره‌تای مه‌راسیمه‌كه‌ به‌ ده‌قیقه‌یه‌ك وه‌ستان بۆ گیانی پاكی شه‌هیدان ده‌ستی پێكرد. پاشان دكتۆر سیروان خورشید سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئاماده‌كاری مه‌راسیمه‌كه‌ له‌ وته‌یه‌كیدا وتی بێگومان هه‌موومان هاوڕاین له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌م جۆره‌ كه‌سانه‌ شایسته‌ی رێزلێنانن چونكه‌ به‌شێكی زۆری ته‌مه‌نیان له‌ پێناو زانست و ئه‌كادیمیا ته‌رخان كردووه‌ تا گه‌یشتوون به‌ پله‌ی پرۆفیسۆر. وتیشی ئه‌و پله‌یه‌ چه‌ندین ساڵ له‌ خوێندن و توێژینه‌وه‌و هه‌وڵی بێوچانی پێویسته‌. به‌خشینی خه‌ڵاتی رێزلێنان له‌پای ئه‌رك و ماندووبوونی به‌خشینی چه‌ندین ساڵه‌ له‌ ته‌مه‌نیان. باسی له‌وه‌ كرد ئه‌و پرۆفیسۆرانه‌ی ئه‌مڕۆ خه‌ڵات ده‌كرێن جێی شانازیین بۆ زانكۆیه‌ك كه‌ بناغه‌ی خوێندنی باڵا له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌وێوه‌ ده‌ستی پێكردووه‌، دواتر پرۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر دكتۆر ره‌زا حه‌سه‌ن سه‌رۆكی زانكۆی سلێمانی له‌ وته‌یه‌كدا وتی خۆمان به‌ خۆشحاڵ ده‌زانین كه‌ زیاتر له‌ 90 مامۆستای زانكۆی سلێمانی كه‌ هه‌ڵگری به‌رزترین نازناوی پله‌ی زانستین كه‌ ئه‌ویش پرۆفیسۆره‌، وتیشی ئه‌و به‌ڕێزانه‌ هه‌موو ژیانیان ته‌رخان كردووه‌ بۆ زانكۆی سلێمانی و ئاستی زانكۆو خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی دامه‌زرێنه‌ری به‌ردی بناغه‌ی خوێندنی ماسته‌رو دكتۆرا بوون له‌ كوردستان و زانكۆی دایك، وتیشی ره‌نگه‌ ئه‌م رێزلێنانه‌ له‌ رووی مادییه‌وه‌ شتێكی ئه‌وتۆ نه‌بێت، به‌ڵام له‌ رووی مه‌عنه‌وییه‌وه‌ هه‌روه‌ها وه‌ك پاداشتێكی ماندوو نه‌بوونی كه‌سانێك كه‌ خزمه‌تی زانستیان كردووه‌ وه‌فایه‌كه‌ بۆ ئێوه‌ی به‌ڕێز، له‌ كۆتایی وته‌كه‌شیدا سه‌رۆكی زانكۆی سلێمانی سوپاسی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی زانكۆی سلێمانی كرد كه‌ به‌رده‌وامن له‌سه‌ر پرۆسه‌ی خوێندن، وتیشی كه‌ ئه‌وان وه‌ك سه‌رۆكایه‌تی زانكۆ به‌ڵێنیان پێده‌ده‌ن بۆ دابینكردنی سه‌رجه‌م شایسته‌ داراییه‌كان بۆ مامۆستاو فه‌رمانبه‌ران له‌ رێگه‌ی سندوقی داهاتی زانكۆوه‌، پاشان وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی وته‌یه‌كی پێشكه‌شكردو تێیدا وتی خۆشحاڵم له‌خزمه‌تی پۆلێك له‌ زاناو توێژه‌رو بیرمه‌ندو ئه‌كادیمی وڵاته‌كه‌مدام، هه‌روه‌ها سوپاسی زانكۆی سلێمانی و به‌شی ئه‌ندازیاری شارستانی كرد بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌م مه‌راسیمه‌، وتیشی ئێوه‌ی پرۆفیسۆران به‌ توێژینه‌وه‌و به‌ردوام بوونتان له‌ژیانی ئه‌كادیمی به‌شداریتان له‌ پرۆسه‌ی به‌رده‌وامی فێركردنی رۆڵه‌كانمان گه‌یشتوونه‌ته‌ به‌رزترین پله‌ی زانستی و ئه‌كادیمی، بۆیه‌ ئێمه‌ شانازیتان پێوه‌ ده‌كه‌ین و باوه‌ڕمان وایه‌ زانایان و پرۆفیسۆرو ئه‌كادیمیانی وڵاته‌كه‌مان سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌ده‌بین و ئه‌ركی هه‌موومانه‌ كه‌ خزمه‌تیان بكه‌ین و ده‌رفه‌تی كارو توێژینه‌وه‌و داهێنانی زیاتریان بۆ بره‌خسێنین بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن داینه‌مۆی گه‌شه‌پێدان و زانكۆو دامه‌زراوه‌كانی خوێندنی باڵا بن وتیشی ئێوه‌ توێژه‌ری سه‌ركه‌وتووی وڵاته‌كه‌مانن، دواتر كۆمه‌ڵێك له‌ خوێندكارانی كۆلێژی ئه‌ندازیاری به‌شی شارستانی چه‌ند چالاكییه‌كی هونه‌رییان پێشكه‌ش كرد، پاشان له‌لایه‌ن وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی و سه‌رۆكی زانكۆی سلێمانی خه‌ڵاتی رێزلێنان درایه‌ پرۆفیسۆرانی ئاماده‌بووی مه‌راسیمه‌كه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*