سەرەکی » ئاراستە » چۆن قه‌واره‌ی هه‌رێم بپارێزین؟

شرۆڤه‌ی رۆژ

چۆن قه‌واره‌ی هه‌رێم بپارێزین؟

هەواڵ و بەدواداچوون

ئه‌م ماوه‌یه‌، له‌گه‌ڵ زیاتر قوڵبوونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كان و زیادبوونیان، مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر قه‌واره‌ی سیاسیی و حوكمڕانی هه‌رێمیش قسه‌ی زیاتری له‌سه‌ر ده‌كرێت.

ئه‌گه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ ته‌واوی وڵاتانی جیهان، كێشه‌ساز بووبێت و قه‌یرانی ئابووری به‌دوای خۆیدا هێنابێت، له‌ هه‌رێمی كوردستان وێڕای بوونی ئه‌م قه‌یرانه‌، قه‌یرانی سیاسیی و ئیداریی و ئه‌منیشی به‌دوای خۆیدا هێناوه‌.

ئێستا قسه‌ له‌سه‌ر كۆی ئه‌و كێشانه‌ و هاوكات تێپه‌ڕاندن و چاره‌سه‌ره‌كانه‌، بۆ ئه‌مه‌ش ئه‌م ماوه‌یه‌ چه‌ند جووڵەیه‌كی سیاسی له‌م رووه‌وه‌ خراونه‌ته‌ گه‌ڕ، ئه‌مه‌ش بۆ زیاتر ده‌ستگرتن و پاراستنی هه‌رێم له‌ كۆی ئه‌و قه‌یرانه‌ مه‌ترسیدارانه‌ی كه‌ له‌ ئارادان.

یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، كه‌ هه‌ڵگری فیدراڵییه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌، بۆ پاراستنی قه‌واره‌ی سیاسیی و حوكمڕانی له‌ هه‌رێمی كوردستان، ده‌ستی به‌دانوستان و كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند لایه‌نێكی سیاسی گرنگ كرد.

یه‌كێتی، بڕوای وایه‌، گرنگه‌ قه‌واره‌ی سیاسی هه‌رێمی كوردستان پارێزراو بێت، هه‌روه‌ك له‌م رووه‌شه‌وه‌ قه‌واره‌ی هه‌رێم بۆ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هێڵی سووره‌، به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه‌ كه‌ یه‌كێتی بیر له‌ چۆن قه‌واره‌یه‌ك ده‌كاته‌وه‌ و قه‌واره‌ی هه‌رێم، ده‌بێت له‌ چ رووێكه‌وه‌ ته‌تویڕ بكرێت. له‌ ئێستا روئیای سیاسی یه‌كێتی بۆ قه‌واره‌ی هه‌رێم له‌ سێ خاڵدا زیاتر ره‌نگ ده‌داته‌وه‌.

له‌ دوای چواره‌مین كۆنگره‌ی یه‌كێتی، سێ هێڵ هه‌ن كه‌ به‌رده‌وام جه‌ختیان له‌سه‌ر ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌وانیش، یه‌كه‌م: جددیه‌ت له‌ هه‌وڵه‌كانی چاكسازی، واته‌ هه‌وڵه‌كانی چاكسازی له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ئه‌ندازه‌یه‌ك بێت كه‌ له‌ سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌ گرنگ و هه‌ستیاره‌كان نه‌ك ته‌نها له‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌راندا ره‌نگ بداته‌وه‌. دووه‌م، په‌ره‌پێدانی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان و پرسی لامه‌ركه‌زییه‌ت، واته‌ بوونی قه‌واره‌ی هه‌رێم به‌ لامه‌ركه‌زیی ئیداریی و داراییه‌وه‌، به‌و مانایه‌ی كه‌ بوونی مه‌ركه‌زییه‌تی توند له‌ به‌رامبه‌ری بیرۆكه‌ی لامه‌ركه‌زییه‌ت كاڵ بكرێته‌وه‌. بۆیه‌ گرنگه‌ له‌ چوارچێوه‌ی هه‌رێمی كوردستان لامه‌ركه‌زی حوكمڕانی بكرێته‌وه‌ و په‌ره‌ به‌م جۆره‌ له‌ حوكمڕانی له‌ هه‌رێم بدرێت بۆ مانه‌وه‌ و گه‌شه‌ی زیاتری.

سیاسه‌تی ئێستای یه‌كێتی به‌و جۆره‌یه‌، پاراستنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان، به‌ لامه‌ركه‌زییه‌ته‌وه‌، كه‌ هیچی به‌بێ ئه‌وی تر قبووڵ نییه‌.

سێیه‌م: قه‌واره‌ی سیاسی هه‌رێم و په‌ره‌پێدان به‌ پڕۆسه‌ی دیموكراسی، ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌و خاڵه‌ گرنگانه‌ی كه‌ قه‌واره‌ی هه‌رێم ده‌توانێت به‌هۆیه‌وه‌ په‌ره‌ به‌ مانه‌وه‌ و گه‌شه‌ی زیاتری خۆی بدات. به‌مه‌ش گرنگه‌ حكومه‌تی هه‌رێم مه‌ودای ئازادی و دیموكراسی فراوانتر بكات و هاووڵاتیان له‌ سه‌ر بیروبۆچوونی جیاواز و خۆپیشاندان ده‌ستگیر نه‌كرێن، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ تاوه‌كو ئێستاش له‌ به‌شێكی زۆری ناوچه‌كانی هه‌رێم هێشتا ئه‌و دیارده‌یه‌ له‌ پاڵ بانگه‌شه‌ی كوردستانێكی به‌هێز به‌رچاو ده‌كه‌وێت.

print

 275 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*