سەرەکی » مانشێت » پرۆگرام و په‌یڕه‌وى ناوخۆى یه‌کێتى بڵاوده‌کرێته‌وه‌

پرۆگرام و په‌یڕه‌وى ناوخۆى یه‌کێتى بڵاوده‌کرێته‌وه‌

پرۆگرام و په‌یڕه‌وى ناوخۆى یه‌کێتیى نیشتمانیى کوردستان، په‌سه‌ندکراوى چواره‌مین کۆنگره‌، له‌لایه‌ن مه‌کته‌بی گه‌شه‌پێدانی بیر و هۆشیاری-یەوە له‌ چوارچێوه‌ی نامیلکه‌یه‌کدا به‌ تیراژی 3000 دانه‌ چاپکراوه‌ و به‌م نزیکانه‌ بڵاوده‌کرێته‌وه‌.

تابان شێخ عه‌بدوڵڵا گه‌رمیانى بڕیارده‌رى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تیى یه‌کێتیى نیشتمانیى کوردستان له‌ لێدوانێکى تایبه‌تدا بۆ کوردستانى نوێ، رایگه‌یاند: پرۆگرام و په‌یڕه‌وى ناوخۆ که‌ په‌سه‌ندکراوى چواره‌مین کۆنگره‌یه‌، پرۆگرام و په‌یڕه‌وێکى نوێ و چڕوپڕه‌ و تێیدا ئه‌و گرفتانه‌ى که‌ پێشووتر هه‌بوون، چاره‌سه‌رکراون، وتیشی: له‌ ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى بڕیارمانداوه‌ دواى شه‌ش مانگ ئیشکردن به‌م په‌یڕه‌وه‌، ئه‌گه‌ر کێشه‌ی بۆ دروستکردین بۆ یه‌کجار په‌یڕه‌وه‌که‌ هه‌موار ده‌که‌ین و سه‌رنج و تێبینى هه‌ڤاڵان و لایه‌نگرانى یه‌کێتى بۆ هه‌موارکردنه‌که‌، وه‌رده‌گرین، راشیگه‌یاند: پرۆگرام و په‌یڕه‌وه‌که‌ له‌ چوارچێوه‌ى نامیلکه‌یه‌کدا چاپکراوه‌، ئه‌و ماوه‌ زۆره‌ش که‌ مانگێک بوو له‌سه‌ر په‌یڕه‌و وه‌ستاین، له‌پێناوى ئه‌وه‌دا بوو که‌ په‌یڕه‌وێک بێت به‌ته‌واوى به‌ دڵى ئه‌ندام و لایه‌نگرانى یه‌کێتى بێت.

بڕیارده‌رى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا “نامیلکەکه‌ نزیکه‌ى 127 لاپه‌ڕه‌یه‌، له‌پێشه‌کیدا پرۆگرامى حزبه‌ که‌ ئیش له‌سه‌رچى ده‌کات. دواتریش په‌یڕه‌وه‌که‌یه‌، په‌یڕه‌وه‌که‌ش تێکڕاى بابه‌تى هاوسه‌رۆکان، کارگێڕان، مه‌کته‌بى سیاسى و سه‌رکردایه‌تى، بوون به‌ ئه‌ندام له‌ حزب و کاروبارى ناوخۆى یه‌کێتى، له‌خۆده‌گرێت”،وتیشی: هه‌موو ئه‌ندام و لایه‌نگرانى یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان ده‌توانن له‌ رێگه‌ى مه‌ڵبه‌ند و مه‌کته‌ب و کۆمیته‌کانه‌وه‌ پرۆگرام و په‌یڕه‌وی نوێ، به‌ده‌ستبهێنن، راشیگه‌یاند: له‌ دواى شه‌ش مانگ، ئه‌گه‌ر په‌یڕه‌وه‌که‌ هه‌موار بکرێت، ئه‌وکات ژماره‌ى زیاترى لێ چاپده‌کرێت و به‌ شێوه‌ى PDFیش بڵاوده‌کرێته‌وه‌.

print

 355 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*