سەرەکی » زانست » ڤایرۆسێکی نوێ لە چین دەرکەوتووە

ڤایرۆسێکی نوێ لە چین دەرکەوتووە

کەشتی نوح

لەکاتێکدا جیهان لە هەوڵدایە بۆ ڕووبەرووبوونەوەی بەڵای ( کۆڤید-19)، زانایانی چین جۆرە ڤایرۆسێکی نوێیان لە بەرازدا ئاشکرا کردووە و هۆشداری ئەوەیانداوە کە ڕەنگە ئەمیش ببێتە بەڵایەکی تری جیهانی.

بەپێی توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری ئەکادیمیای نیشتمانیی ئەمریکا بۆ زانستەکان بڵاوکراوەتەوە، توێژەرەوانی چینیی جۆرێکی نوێی ئەنفلۆوەنزای بەرازیان ئاشکرا کردووە کە بە هۆی ڤایرۆسێکەوە دروست دەبێت و ناویان ناوە (G-4) و لە ڕوی بۆ ماوەییەوە سەر بە پۆلی (H1-N1)ە کە ساڵی (2019) دا بڵاو بووەوە.

زاناکانی زانکۆکانی چین و سەنتەری چینیی بۆ قەلاچۆکردنی خۆپاراستن و چارەسەری نەخۆشییەکان پێیان وایە (G-4) هەموو تایبەتمەندییە بنەڕەتییەکانی هەیە بۆ ئەوەی خۆی بگونجێنێت و تووشی مرۆڤ بێت.

زاناکان دوای دووبارە ڕووپێویکردنی دەردراوی لووتی ژمارەیەک بەرازەوە گەیشتنە ئەو دەرئەنجامە کەپێشتر ساڵی (2011) بۆ (2018)، لە (30) هەزار بەرازی (10) کوشتارگەی هەرێمە جیاوازەکانی چینەوە دەردراوی لووتیان وەرگیرابوو، دەرکەوت ئەو ڤایرۆسانە هەموویان لە جۆرێکی نوێن کە لە ساڵی (2016) ەوە لە ناو بەرازەکاندا بڵاوبووەتەوە.

دواتر چەند تاقیکردنەوەیەکیان لەسەر ئاژەڵی جۆری (نمس) یان ( بانبانکە)کرد کە ئاژەڵێکە لە خێزانی مشکی خورمایەو زۆر بەکاردەهێنرێن لە توێژینەوەکانی ئەنفلۆنزادا، بەوپێیەی لە کاتی تووشبونی بە ئەنفلۆنزا نیشانەی وەک نیشانەی ئەنفلۆنزای مرۆڤی هەیە، وەک تا و کۆکە و پژمین.

ئەو تێبینیانەی کە زاناکان دوای توێژینەوەکانیان خستویانەتە ڕوو ئەوەیە کە ڤایرۆسی (G-4) لە ئاژەڵەوە دەگوێزرێتەوە بۆ مرۆڤ و لە خانەی مرۆییدا زۆر زوو بڵاودەبێتەوە و زیاددەکات، هەروەها نیشانەی زۆرمەترسیدار لە ئاژەڵی ( نمس)دا دەردەخات بەبەراورد بە ڤایرۆسەکانی دیکە.

بۆ ئەمەش دوای پشکنین دەرکەوتووە (4%)ی نزیکەی (230)ی کەس کە لە کێلگەکانی بەخێوکردنی بەرازردا کاردەکەن تەنی دژ لە لەشیاندایە و ئەمەش ڕاستیی بۆچوونەکانی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دووپاتدەکاتەوە، بەڵام پسپۆڕو توێژەروان ئاشکرایدەکەن کە تا ئێستا بەڵگەیەکی زانستیی وا لەبەردەست نییە کە ئەو ڤایرۆسە لە کەسێکەوە بگوازرێتەوە بۆ یەکێکی تر، چونکەنازانرێت ئەو ڤایرۆسە توانای خۆ گۆڕینی هەیە بۆ ئەوەی لە مرۆڤێکەوە بگوازرێتەوە بۆ یەکێکی تر.

زانایەکی زانستی دەرمانسازیی چینیش دەڵێت” (G-4) بۆیە مەترسیدار دەردەکەوێت چونکە بریتییە لە ڤایرۆسێک لە شێوەی (A)کە مرۆڤ هیچ بەرگرییەکی نییە لە دژی”.

زانایان لەو بڕوایەدان پێویستە توێژینەوەی زیاتر بکرێت لەبارەی(G-4)ەوە، چونکە ئەو ئەنجامانەی ئێستا بەردەستن لەسەر بنەمای چەند نمونەیەکی کەم کراوە، لە کاتێکدا لە وڵاتێکی وەکو چیندا زیاتر لە ( ٥٠٠) ملیۆن بەراز هەیە”.

ئەوان دەشڵێن”پێویستە ئێستا هەموان چاویان لە سەر ڤایرۆسی(کۆڤید-19) بێت، بەڵام کێشەکە ئەوەیە بەهۆی ئەو زیانانەی کە کۆرۆنا لە مرۆڤایەتی داوە، پسپۆر و توێژەرەوەکان وایان لێهاتووە لەبەردەم هەموو ڤایرۆسێکی نوێدا بە پارێزەوە مامەڵە بکەن”.

هەندێک لە شارەزایانیش پێیان وایە ڕەنگە ئەم ڤایرۆسە نوێیە بە ئەندازەی کۆرۆنا مەترسیدار نەبێت و ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم ڤایرۆسە لە ڤایرۆسەکانی ئەنفلۆنزا دەچێت و ڕەنگە لە ئایندەدا وەک ئەنفلۆنزاکانی دیکە ڤاکسینێکی بۆ بدۆزرێتەوە.

ناوەندە تایبەتمەندەکانی چین و چەند وڵاتێکیش ڕایانگەیاندووە کە ڕەنگە ئەم ڤایرۆسە واتە (G-4) نەبێتە بەڵایەک، چونکە ئێستا هیچ ئاماژەیەکی لەو جۆرە نییە، ئەوەی هەیە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا وایکردووە زاناکان چاوکراوە بن بۆ دۆزینەوەی هەر ڤایرۆسێکی نوێ و لە سەرەتاوە مەترسییەکەی هەڵبسەنگێنن و خۆیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئامادە بکەن.

زانایەک دەڵێت “ڤایرۆسی(G-4) لە ڕێگەی دڵۆپی پژمە و کۆکەوە لە ئاژەڵەوە دەگوێزرێتەوە بۆ مرۆڤ و لە کۆئەندامی هەناسەداندا زیاد دەکات و نزیکەی (٢٠٪)ی توشبوانیش کەسانی گەنجن کە تەمەنیان لە نێوان(١٨بۆ٣٥) ساڵدایە، مەترسییەکەش لێرەدایە گەر بێتوو ئەو ڤایرۆسەش ببێتە بەڵایەکی جیهانیی ئەوا ڕەنگە وەک سەرەتای بڵاوبوونەوەی (کۆڤید-19) ژمارەیەکی زۆر مرۆڤ لەناو بەرێت چونکە شتێکی تازەیە بۆ کۆئەندامی بەرگریی.

لەلای خۆشییەوە (چاو لیجیان)ی وتەبێژی حکومەتی چین لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕۆشنایی خستە سەر بابەتی دەرکەوتنی ڤایرۆسی(G-4)و ئاماژەی بەوەدا کە حکومەتی (بەیجین)لە رێگەی دەزگا و ناوەندە تایبەتمەندەکانیەوە بە ووردی چاودێریی ئەو ڤایرۆسە دەکات و هەموو ڕیوشوێنێکی پێویست دەگرێتەبەر بۆ رێگرتن لە بڵاوبونەوەی ئەم ڤایرۆسە.

 

سەرچاوە: sky news

print

 289 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*