سەرەکی » ئابووری » پارەی یەدەكی عیراق بۆ ٤٩ ملیار دۆلار كەمبۆتەوە

پارەی یەدەكی عیراق بۆ ٤٩ ملیار دۆلار كەمبۆتەوە

سەرباری ئەوەی عیراق خاوەن ئابوورییەكی بەهێز نەبووە لە چەند ساڵی رابردوودا، بەڵام جەنگی دژ بە تیرۆریستانی داعش وڵاتەكەی خستە ژێر باری قەیرانێكی ئابووریی قورسترەوە، بەشێوەیەك كە بووە هۆكار بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی بێكاری‌و هەژاری‌و زیادبوونی بڕی ئەو قەرزەی لەسەر وڵاتەكەیە.

١٢٣ ملیار دۆلار
بەپێی ئەو ئامارانەی بڵاوكراونەتەوە: یەدەكی دراوی بیانی لە ماوەی ساڵی ٢٠١٧دا لە عیراق بۆ ٤٩ ملیار دۆلار كەمبۆتەوە، لەكاتێكدا لەساڵی ٢٠١٣دا یەدەكی دراوی بیانی وڵاتەكە ٨٠ ملیار دۆلار بووە.
سندوقی دراوی نێودەوڵەتیش پێشبینیكردووە، بڕی ئەو قەرزەی لەسەر عیراقە لە ماوەی ئەمساڵدا بگاتە ١٢٣ ملیار دۆلار. خراپی رەوشی ئابووریی عیراق كە زیانی گەورەی بە كەرتی گشتی‌و تایبەت گەیاندووە، هۆكاریش بووە بۆ زیادبوونی رێژەی بێكاری لەنێو هاووڵاتیانی وڵاتەكەدا.
ئامارەكانیش دەریدەخەن، كە لەماوەی ئەمساڵدا ئاستی بێكاری‌و هەژاری لەنێوان (٢٥% بۆ ٣٠%) بووە، لەكاتێكدا پێش دەستپێكردنی ئۆپراسیۆنەكانی دژ بە تیرۆریستانی داعش، بێكاری‌و هەژاری لەعیراق كەمتر بووە و لەنێوان (١٢% بۆ ١٩%)دا بووە.

بێكاری لەعیراق
بەپێی ئامارەكانی دەزگای سەرژمێری رەسمی سەر بە حكومەتی عیراقیش، نزیكەی چوار ملیۆن كەس لە عیراق بێكارن‌و هەروەها ئاستی ژیان‌و گوزەرانی هاووڵاتیانیش بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزیوە. بەشێك لە منداڵانیش ناچار بوون پەنا بەرنە بەر كاركردن‌و لە خوێندن دوور بكەونەوە، بەشێوەیەك كە لە (٤,٩%)ی منداڵان كە تەمەنیان لە نێوان (٥ بۆ ١٧) ساڵاندایە، بە ناچاری كار دەكەن، لە (١٠,٨%)ی هێزی كاریش كە توانای كاركردنیان هەیە بێكارن.
بەپێی ئامارەكانی دەزگاكە، ئەو كەسانەی تەمەنیان لەنێوان (١٤ بۆ ٦٤) ساڵاندایە بە هێزی كار دادەنرێت‌و نزیكەی ٢١ ملیۆن لە دانیشتووانی عیراق پێكدەهێنن.
ئەو ئامارانەش ئاماژەیەكن بۆ ئەوەی ئاستی ژیان‌و گوزەران لەعیراق بەهۆی قەیرانەكان بۆ دواوە گەڕاوەتەوەو بەهۆی زۆری ژمارەی لەدایك بووانیش پێشبینی دەكرێت چارەسەركردنی رەوشەكە ئاڵۆزتر بێت.

هەژاری لە عیراق
پێشتریش بەپێی راگەیەندراوێك كە لەلایەن وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عیراقەوە بڵاوكراوەتەوە، لە ساڵی ٢٠١٤دا رێژەی هەژاری لەعیراقدا گەیشتۆتە بەرزترین ئاست و بەهۆی شەڕی داعش و دابەزینی نرخی نەوتەوە، رێژەی هەژاری لە وڵاتەكەدا گەیشتۆتە (23%)، ئەمە لە كاتێكدا لەساڵی ٢٠١٣دا پێش دەستپێكردنی شەڕی داعش و دروستبوونی قەیرانی دارایی لە وڵاتەكەدا، رێژەی هەژاری (16%) بووە.
بەوتەی وتەبێژەكەی وەزارەتی پلاندانانی عیراق، بەمنزیكانە ئاماری نوێ لەبارەی هەژارانی عیراقەوە بڵاودەكرێتەوە كە وەزارەتەكە بەهاوكاری بانكی نێودەوڵەتی ئامادەی دەكات و ئامارەكە هەریەك لە پارێزگاكانی ئەنبار و نەینەوا و سەڵاحەدینیش دەگرێتەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*