سەرەکی » دۆسێ » چارەسەرە روسییەكە لە عیراق دروستدەكرێت

بازرگانیكردن بە پلازماوە رەتدەكرێتەوە

چارەسەرە روسییەكە لە عیراق دروستدەكرێت

شانەی قەیران لە پەرلەمانی عیراق پێشبینی دەكات، لەم ماوەیەدا دروستكردنی چارەسەرە روسییەكە بۆ نەخۆشی كۆرۆنا لە كارگەكانی عیراق و لەسەر دەستی پزیشكە پسپۆڕە عیراقییەكان دروستبكرێت، رەتیشیدەكاتەوە پلازما بە بڕی خەیاڵی فرۆشرابێت و ئەو هەواڵانە بە ناڕاست لەقەڵەم دەدات.

بەپێی راگەیەندراوێك كە لەلایەن سەلمان غرێباوی ئەندامی شانەی قەیران لە پەرلەمانی عیراق بڵاوكرایەوە»لێرەو لەوێ‌ قسەو قسەڵۆك دەبیستین لەبارەی فرۆشتن و بازرگانی بە ماددەی پلازما لە خوێنی ئەوانەی چاكبوونەوەنەتەوە لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەڵام ئێمە ئەوە بەدووردەزانین و تەئكید لەسەر نەبوونی شتێكی وەها دەكەینەوە، ئەو هەواڵانەش تەنیا زانیاریی درۆن و ئامانج لێیان تێكدانی شیرازەی نیشتمانییە، چونكە عیراقی بە بەخشندەیی و نەبەردی ناسراوە و جوانترین و بەرزترین نمونەی قوربانیدان و بەخشندەیی لەماوەی بڵاوبوونەوەی پەتاكەدا پیشانداوە لەڕووی یارمەتیدان و هاوریكاریی و دەستپێشخەریی مرۆیی و بەخشینی خۆراك و كڕینی ئامێری هەناسەدان و ئۆكسجین، زۆرێك لەمانەش تەنانەت حكومەت دەستەوستان بووە لە فەراهەمكردنیان، لە هەمان كاتدا رۆڵەكانی گەل توانیان بە خێراییەكی لەڕادەبەدەر دەستەبەری بكەن».

بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە»ئەوەی دەیبیستین تەواو بە پێچەوانەوەیە، چ ونكە زۆرێك لەوانەی نەخۆشییەكەیان پەڕاندووە و چاكبوونەتەوە، لەڕێی پەیج و ئەكاونەتەكانیان لە تۆڕە كۆمەلایەتییەكان، ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بەخۆڕایی خوێن ببەخشن، بۆ ئەو مەبەستەش ژمارەی مۆبایلی خۆیان لەنێو نەخۆشخانەكاندا بەجێهێشتووە بۆ ئەو كەسانەی پێویستیان بە گروپی خوێنی ئەوان دەبێت».

سەبارەت بە چارەسەرە روسییەكە، غرێباوی دەڵێت»ئەو ڤاكسینە بۆ خۆپاراستنە نەك چارەسەری تەواوەتی كە بتوانێت بە تەواوەتی ڤایرۆسەكە لەناوببات، بۆیە دەتوانیین بەو چارەسەرە بۆخۆمان لەنێو عیراقدا دروستبكەن لەم چەند رۆژەی داهاتوو كە لەسەر دەستی پزیشكە عیراقییە پسپۆڕەكان و لە كارگەكانی عیراقدا دروستدەكرێت».

ئەو ئەندامەی شانەی قەیرانی پەرلەمان، ئاماژە بە پەیوەندی بەردەوام دەكات لەگەڵ چەندان كۆمپانیای بیانی بۆ هاوردەكردنی چارەسەرەكە بە كوالێتی رێكخراوی تەندروستی جیهانی»چونكە زۆرێك كۆمپانیا هەن كە خستنەڕوویان پێشكەش كردووە و وەزارەتی تەندروستیش لەڕێی گرێبەستی رسمییەوە لەگەڵ یەكێك لەو كۆمپانیایانە لە دەرفەتێكی نزیكدا بابەتەكە یەكلایی دەكاتەوە».

سەلمان غرێباوی باسی لە ئامادەیی تەواوی كۆمپانیا عیراقییەكانیش كردووە بۆ دروستكردنی چارەسەرەكە كە چارەسەرێكی خۆپاراستنە و رێژەی خۆپاراستن زیاتر دەكات بۆ تووشبوان و یاریدەدەر دەبێت لەڕووی كەمكردنەوەی ژمارەی تووشبوان، ئەو كۆمپانیایانەش وەك ئەو ئاماژەیان پێدەكات»لەماوەیەكی پێوانەییدا كە دوو هەفتە تێپەڕناكات، دەتوانن لەنێو عیراقدا چارەسەرە دروستبكەن، ئەمەش دەبێتە مایەی كەمكردنەوەی ژمارەی تووشبوان».

غرێباوی ئاماژەی بە بەردەوامی هۆشیاركردنەوەی هاوڵاتیانیش دەكات لەڕێی كەناڵە تەلەفیزیۆنییەكان و رۆژنامە و پێگە كۆمەڵایەتییەكان، لەپێناو ئاگاداركردنەوە و هاندانیان بۆ دووركەوتنەوە لە گردبوونەوە و پابەندبوون بە هەموو رێكارەكانی خۆپارێزی، «تا ناچارنەبین سەرلەنوێ‌ بگەڕێینەوە بۆ سەپاندنی قەدەغەی هاتووچۆی گشتگیر كە دەبێتە مایەی راگرتنی جموجۆڵی هاووڵاتیان و بڕینی قوتی رۆژانەیان لە هەندێك شوێن و جێگە، بۆیە زۆر پشت بە هۆشیاری و هەماهەنگی هاووڵاتی دەبەستین لەگەڵ كارمەندانی تەندروستی، ئەمەش بێگومان لەپێناو سەلامەتی خودی هاوولاتیانە».

بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی عیراق، تائێستا دەیان هەزار حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراون و هەزارانیش بەهۆی ڤایرۆسەكەوە گیانیان لەدەستداوە.

print

 189 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*