سەرەکی » راپۆرت » “رێکەوتن لەگەڵ بەغدا بە ئامانجێکی ستراتیژیی سەیردەکەین”

“رێکەوتن لەگەڵ بەغدا بە ئامانجێکی ستراتیژیی سەیردەکەین”

وتەبێژی حکومەت: لە ئایندەیەکی نزیکدا وەفدی هەرێم دەچێتەوە بەغدا

ئەمڕۆ، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبۆوەو تاوتوێی چەند پرسێکی گرنگی کرد.

دامەزراندنی سندوقی خانەنشینی

دوای کۆبوونەوەکەش، جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێم لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا ناوەرۆکی كۆبوونەوەكەی خستەڕوو و رایگەیاند: ئەنجومەنی وەزیران پەیڕەوی سندوقی خانەنشینی سەرجەم فەرمانبەرانی بەشارستانی و مەدەنی، پەسەند كرد، کە یەكەمجارە لەهەرێم ئەو سندوقە دادەنرێت و شایستە داراییەكانی خانەنشینانی تێدا هەڵدەگیرێت. وتیشی: دوای بڵاوكردنەوەی پەیڕەوەكە لەرۆژنامەی وەقائیع، دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوەو ئەنجومەنێك سندوقەكە بەڕێوەدەبات و سیاسەتی سندوقەكە دادەڕێژێت و بڕیاری لەبارەوە دەدات.

مەرجەکانی دامەزراندن

راشیگەیاند: هەر لەکۆبوونەوەکەدا پەیڕەوێكی تریش پەسەندكرا كە ئەویش مەرجەكانی دامەزراندنی پلە تایبەتەكانە، کە دەبێت كەسانی شایستە بەپێی مەرجەكان و بڕوانامەو خزمەت و شارەزایی دابمەزرێنرێن و سەرجەم وەزارەتەكانیش پێوەی پابەند دەبن. هەروەها كاراكردنی یاسای كشتوكاڵ و دەستكاریكردنی، خاڵێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو، ئەویش لەسەر بنەمای پێشنیازێكی وەزارەتەكانی كشتوكاڵ و شارەوانی، بۆ تاپۆكردنی ئەو زەویانەی بەشێوەی كارت دابەشكراون تا 18ی كانوونی یەكەمی ساڵی 2018، کە دەبێت مامەڵەی ئەو زەویانەی كارتن بۆ تاپۆكردن، دەستپێبكات.

وتەبێژی حكومەتی هەرێم، لەبارەی دەستكردن بەدابەشكردنی مووچە پێش جەژنی قوربان، رایگەیاند: دابەشكردنی مووچە پەیوەستە بەداهاتی حكومەتەوە، ئاشکراشە كۆرۆناو دابەزینی نرخی نەوت كاریگەریی لەسەر داهاتی حكومەت هەبووە، بۆیە دەبێت ئەو پرسە بە سیاسی نەكرێت و خەڵكیش باش دەزانێت دۆخەكە كاریگەریی لەسەر داهاتی حكومەت، دەبێت بابەتی مووچە نەبێتە مانشێت و سەردێڕی هەواڵەكان، هەر كەسێكیش دەزانێت حكومەت پارەی لەكوێ هەیە با پێمان بڵێت و پێیان دەدەین و دابەشی بكەن.

لەساڵی 2005ەوە ئامانجمان هەر ئەوە بووە شایستە داراییەكانمان لەبەغداوە پێبدرێت و پەیوەندییەكی توندمان لەگەڵ بەغدا هەبێت

هەروەها، باسیشی لەگفتوگۆی نێوان هەرێم و بەغدا كردو وتی: لەگەڵ بەغدا بەردەوامین لەگفتوگۆو دۆخێكی ئەرێنی هەیە بۆ گەیشتن بەڕێكەوتن، ئەویش لەسەر بنەمای دەستوورو دابینكردنی شایستە داراییەكان، دواكەوتنی سەردانی وەفدی هەرێمیش بۆ بەغدا بەهۆی كێشەی تەكنیكییەوەیەو لەئایندەیەكی نزیكدا وەفدی هەرێم دەچێتەوە بەغداو رێكەوتنیش لەگەڵ بەغدا بەئامانجێكی ستراتیژی سەیر دەكەین، تەنانەت ئەگەر نرخی نەوتیش دابەزی یان بەرزبۆوە، دۆخی ئابووریی ئێستای جیهان ناكەینە پێوەر بۆ رێكەوتن لەگەڵ بەغدا، چونكە لەساڵی 2005ەوە ئامانجمان هەر ئەوە بووە شایستە داراییەكانمان لەبەغداوە پێبدرێت و پەیوەندییەكی توندمان لەگەڵ بەغدا هەبێت.

جوتیار عادل راشیگەیاند: ئامادەین ئەو بڕە پارەیە بە بەغدا بدەین كە لەفرۆشتنی 250 هەزار بەرمیل نەوت دەستمان دەكەوێت، لەگەڵ 50%ی داهاتەكانی تری هەرێم، بەڵام ئەوانەی تر مایەی قبوڵكردن نییە.

مووچەو دەرماڵەكانی سەرجەم وەزارەتەكان رێكدەخرێتەوە

لەبارەی رێكخستنەوەی ژمێریاریی هێزی پێشمەرگەش، وتی: پێشتر چەند یەكەیەكی ژمێریاریی یەکەكانی 70 و 80 هەبوو‌، ئێستا یەك یەكەی ژمێریاری لەنێوان یەكەكانی 70 و 80 دروستكراوەو چارەسەری بندیوارەكان دەكرێت، ئەو وەزارەتانەشی بەشێكی زۆری بودجەی هەرێم دەبەن، لەچاكسازیدا زۆرترین رێژەیان بەردەكەوێت و مووچەو دەرماڵەكانی سەرجەم وەزارەتەكان رێكدەخرێتەوە.

print

 223 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*