سەرەکی » کەلتوور » گریانی خوێناوی قەڵەمێك لە یادی د. ئەبوبەکر خۆشناودا

گریانی خوێناوی قەڵەمێك لە یادی د. ئەبوبەکر خۆشناودا

زیاد شەنگە

خامەم تواوە و تنۆك تنۆك فرمێسکی خوێناویم ڕژانە سەر کتێبەکان و توند توند یادەکانم لە باوەش گرتن و چ بۆنێکی پاك و خۆشەویستی لە باسەکانت ئەکەم، خۆم کۆ ئەکەمەوەو بە ڕۆحێکی پڕ ئەدەبیەوە ژیانت وەك چەبکە گوڵێك پێشکەشی یاران ئەکەم.

د. ئەبوبەکر خۆشناو لە بنامەڵەیەکی نیشتمانپەروەر لە گوندی خۆرانی سەر بە قەزای شەقڵاوە، ساڵی (1956) لەدایك بووە، هەموو قۆناغەکانی خوێندنی لە شاری هەولێر تەواو کردووە و لە کۆڵێژی ئاداب بەشی زمانی ئینگلیزی لەشاری بەغدا وەرگیراوە، دوای پەیوەندی کردن بەکاری سیاسی و دژایەتی کردنی داگیرکەرانی نەتەوەکەی لە کاری نهێنی رێکخستنەکاندا ئاشکرا دەبێ و بەناچاری دوای دوو ساڵ خوێندن زانکۆ جێ دەهێلێ و لە (9 / 5 / 1980) دەبێتە پێشمەرگە لە بواری راگەیاندندا دەست بەکار دەبێت.

د. ئەبوبەکر لەو ماوەیە زۆر بیر لەخوێندن ئەکاتەوە و خوێنێ گەرمی کوردایەتی بەتین تر ئەبێت و لە رێگای نووسین و وتار خزمەتێکی زیاتر لە چەك بە قەڵەم ئەکات و ئەبێتە دەستەی نووسەران، لە ساڵی (1980) لە دامەزراندنی یەکێتی نوسەراندا ڕۆڵی بەرچاوی گێڕاوە و دەستەی نووسەرانی گۆڤارەکەیان بووە بەناوی (پێ ڕووت) ڕاستگۆیی و بوێری و سەخاوەت و دڵسۆزی و گەشبینی و باوەڕ و قانع بوونی د. (ئەبوبەکر) سەرنجی هەمووانی بۆلای خۆی ڕاکێشاوە، لەو رێگایەشەوە لە کاری سیاسیدا چەندین پلەی بڕیووە، لەوانە لە ساڵی (1993) بە ئەندامی سەرکردایەتی (ی.ن.ک)، هەڵبژێردراوە.

لەساڵی (1994) جێگری مەکتەبی عەسکەری (ی.ن.ک)،بووە لە دۆڵی هیران.

هەر لە ساڵی (1994) کراوە بە جێگری مەکتەبی ڕاگەیاندنی (ی.ن.ک) ساڵی (1996)، بە جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی هەوڵێری (ی.ن.ک)، هەڵبژێردراوە و دواتر دەکرێ بە لێپرسراوی مەڵبەندی (ی.ن.ك)
ساڵی (1997)، ئەکرێتە جێگری مەکتەبی کۆمەڵایەتی (ی.ن.ک) ساڵی (1998) تا (2006) وەك ئەندامی مەکتەبی ڕێکخستن و لێپرسراوی بەشی ڕوناكبیری دەست بەکار بووە.

دوای ڕاپەڕینە مەزنەکەی ساڵی (1991) د. (ئەبوبەکر)خۆشناو جارێکیتر گەڕایەوە سەر خوێندن و درێژەی بە خوێندندا، لە ساڵی (2001) پلەی ماستەری لە ئەدەبی کوردی دا وەرگرت و لە هەمان ساڵیشدا بۆتە مامۆستای زانکۆی سلێمانی.

لە ساڵی (2004) دا وەك سەرۆکی وەفدی (ی.ن.ک) سەردانی وڵاتی چینی کردووە.

لە ساڵی (2006) بڕوانامەی دکتۆرای لە ئەدەبی کوردی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی سلێمانی وەرگرتووە.

بەداخەوە لە ڕۆژی (25 / 7 / 2011) دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و بۆ هەمیشە ماڵ ئاوایی لێکردین.

بەڵام ئامۆژگارییەکان و نووسینەکانی د. (ئەبوبەکر) زیندوون و بۆ هەمیشە لەناو دڵماندا بە زیندوویی ئەمێننەوە.

د.(ئەبوبەکر) خۆشناو (32) بەرهەمی بە چاپ گەیاندوون.

هەندێ لە یادەوەریەکانی د. ئەبوبەکرخۆشناو:

دڵسۆزی د. (ئەبوبەکر)، بۆ نیشتمانەکەی.
دیدار کوڕە گەورەکەی د. ئەبوبەکرخۆشناو لە تەمەنی مناڵی لەماڵەوە لەسەر پەیژە ئەکەوێتە خوارەوە، لەو کاتەدا د. (ئەبوبەکر)ی باوکی لە کۆبوونەوە ئەبێ، هەواڵی پێ ئەدەن کە کوڕەکەت بەربۆتەوە و چەناگەی بەسەختی زامدار بووە، بەڵام (د.) کۆبوونەوەکە جێناهێڵێ و ناچێتەوە ماڵەوە، ئەم رەوشتە جوانە و شێوازی ڕێز گرتنە وا دەنوێنێ کە ئیهتیمام و گرینگیدان بە خاك و نیشتمان بە گرنگتری زانیوە لە بنەماڵەکەی. هەر بەو شێوازەش لە پێناوی خەبات و تێکۆشان قوربانی کرد.

لە دیاردە دیار و جوانەکانی د. (ئەبوبەکر) خۆشناو گرنگی دان بە مردن و چۆن ژیان کردن بوو، بە شێوازی جوان و حەکیمانە ئامۆژگاری کوڕەکەی کاك (دیدار) ئەکرد و ئەیوت: ئەگەرچی بە هەموو پلە و مقام و گەورەیی دنیا بگەی ئاخری ژیان مردنە، بۆیە بەجۆرێ بمرە لە پاش مردن وەکو زیندوویەك ناوت ببەن کە هەڵوێست و کردارت بۆ کۆمەڵگا وەك پێدانی ژیانێك وابێ، هەر ئەو شێوازە لە بێدەنگی کە بۆ ژیانی سیاسی هەڵبژاردبوو مام جەلال د.(ئەبوبەکر)ی بە سەربازی ون ناو دەبرد.

ئامۆژگاری د. (ئەبوبەکر) خۆشناو بۆ کوڕەکەی: رۆڵە لەکاتی ژیاندا لە هیچ بوارێکدا بۆ پلەو پۆست و مەقام خۆت مەشکێنە، بە سەربەرزی بژی لە کردار و شێوازی هەڵس و کەوتی خۆت تەنیا ڕەزای خواو سەرکەوتنی گەڵ و نیشتیمانەکەت بە گرنگ بزانە.

لەزاری کاك (دیدار) کوڕە گەورەکەی د. (ئەبوبەکر) خۆشناوەوە:
باوکم د. (ئەبوبەکر) خۆشناو مرۆڤێکی قانع بوو هیچ کات گرنگی بە پارەو پارە کۆکردنەوە نەدەدا و هەموو ژیانی لە تێکۆشان بۆ گەل و نیشتمانەکەی بوو لە دەوڵەمەندی خۆی دەپاراست، باوکم زۆر گرنگی بە خوێندنەوە دەدا و خۆشترین کاتی بە نووسین تێپەڕ دەکرت.

print

 341 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*