سەرەکی » ئابووری » دابەزینی بەهای تومان بازاڕەكانی عیراق و هەرێم نا جێگیر دەكاتپەڕە 1

دابەزینی بەهای تومان بازاڕەكانی عیراق و هەرێم نا جێگیر دەكات

بەهای تومانی ئێرانی لەبازاڕەكانی عیراق‌و هەرێمی كوردستان، تا دێت روو لە دابەزین دەكات، بەشێوەیەك نرخی 100 دۆلاری ئەمەریكی بەرامبەرە بە نزیكەی دوو ملیۆن‌و 500 هەزار تومان، ئەمەش بە گەورەترین داشكانی بەهای تومان دادەنرێت.
دابەزینی بەهای تومانی ئێرانی، جگە لەوەی گومان‌و خوێندنەوەی جیاوازی لەلایەن كاسبكار و بازرگانانەوە بۆ دەكرێت، هاوكات زیانی زۆری بە بەشێك لە بازرگانەكانی عیراق‌و هەرێمی كوردستان گەیاندووە، بە تایبەت ئەو بازرگانانەی لەبواری ئاڵوگۆڕی دراودا كار دەكەن.

لەبواری گۆڕینەوەی دراودا
سیروان محەمەد، سەرۆكی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازیی سلێمانی بە (دەنگی ئەمریكا)ی راگەیاندوە، دابەزینی بەهای تومانی ئێرانی بۆ خراپی دۆخی سیاسی ئێران‌و دابەزینی نرخی نەوت‌و رێگریكردن لە هەناردەكردنی نەوتی ئێران دەگەڕێتەوە.
بەپێی زانیاری ئەو ماڵپەڕە، بڕێكی زۆری تومان خراوەتە بازاڕەكانی عیراق‌و هەرێمەوە، هەندێك زانیاری نافەرمیش لەبەردەستدان، ئاماژە بۆ هاوردەكردنی بڕێكی زۆر تومان بەشێوەی نایاسایی بۆ بازاڕەكانی هەرێم دەكەن، ئەمەش وایكردووە بەهای ئەو دراوە زیاتر داببەزێت.
محەمەد حسێن شارەزای بواری ئابووری، بە دەنگی ئەمەریكای وتوە: «لەڕابردوودا، بازاڕەكانی عیراق‌و هەرێم سەرچاوەی دابینكردنی دۆلار و دراوی قورس بوون بۆ ئێران، بەتایبەت بڕێكی زۆر كۆمپانیاو بانكی بچوك ئەو كارەیان بۆ ئێران دەكرد، بەڵام ئێستا لە دابینكردنی دراوی قورسدا، گرفتی زیاتر بۆ ئێران دروستبووە».
دابەزینی بەهای تومانی ئێرانی، زیانێكی زۆری بە سەدان بازرگانی عیراق‌و هەرێم گەیاندووە، كە ئەو بازرگانانە لەبواری گۆڕینەوەی دراودا كار دەكەن‌و دابەزینی تومان، توشی زیانێكی گەورەی كردون.

زیان بۆ جووتیاران
سیروان محەمەد سەرۆكی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازیی سلێمانی، ئاماژەی بەوەكردوە، خەڵكێكی زۆر لە كڕینی تومان ترساون، چونكە بازرگانێكی زۆر توشی زەرەر بوون.
هاوكات محەمەد حسێن، ئاماژەی بەوەكرد، دابەزینی تومان كاریگەری لەسەر بازاڕەكانی عیراق‌و هەرێمیش دەبێت‌و وتی: «دابەزینی بەهای تومان ئەو سودەی هەیە، نرخی كاڵاو خۆراكە ئێرانیەكان لە بازاڕدا هەرزان دەبێت».
دەشڵێت: «بەڵام زیان بە جووتیاران‌و خاوەن كارگە خۆماڵییەكان دەگەیەنێت، بەوەی هەرزانبوونی كاڵای ئێرانی وادەكات، كاڵاو خۆراكە خۆماڵییەكان لەبازاڕدا بە ئاسانی ساغ نەكرێنەوە».
ڤایرۆسی كۆرۆنا و سنورداركردنی پەیوەندی‌و جوڵەی بازرگانی نێوان وڵاتان، یەكێكی ترە لەو هۆكارانەی كە زیانی گەورەی بە ئێران لەڕووی بازرگانییەوە گەیاندووە.

 387 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*