سەرەکی » وتار » هەولێر چەقی ململانێی سیاسی و پایتەختی هەمووان

هەولێر چەقی ململانێی سیاسی و پایتەختی هەمووان

عومەر جەبار ساڵح*

یەكێتیی نیشتمانی كوردستان دووبارە و بەشێوازێكی شارستانیی تر و مرۆڤ دۆستانەتر هاتۆتە پێشەوە و مێژووی گەورەی خەبات و خوێنی شەهیدەكانی دادەڕێژێتەوە.
ئێستا قۆناغی نوێی خەبات و داڕشتنەوەی سیاسەتی نوێیە و پێویستە لە ئێستاو ئایندەی تێكۆشانیدا چەقی ململانێی سیاسیی بۆ پیرە هەولێری پایتەختی كوردستان بگوێزێتەوە.
لەپاش سەركەوتنی چوارەمین كۆنگرەوە ئەوەتا یەكێتی خوێندكارە جوامێر و چاونەترسەكەی قوتابخانەكەی مامی گەورە، بە هێمای هەڵسانەوە و سەركەوتنی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان لە قەڵەمڕەویدا و لەژێر رۆشنایی فەرمان و حیكمەتی (مام) كە دەڵێت: (خەباتی جەماوەریی و چوونە ناو كۆمەڵانی خەڵك و كاركردن لەناو ئەواندا پەرە پێبدەن) دەنێرێتە هەولێر.
رێڕەوی ئەو خەباتە لە زاخۆوە بە كەركوكدا گوزەردەکات هەتا خانەقین و مەندەلی، جگە لەوەش یەكێتی، یەكێتیی خانووە قوڕەكان و سەرجەم چین و توێژەكانی خەڵكی كوردستانە، خەڵكی بە رۆح لەگەڵ یەكێتی و سەركردایەتی نوێی یەكێتی و هاوسەرۆكە بەڕێزەكانیدان، نەك هەر بەشێوە تەقلیدییەکەی ماوەی پێشتر بەناو یەکێتی بن و ئامادەی خەبات و فیداکاریی نەبن، چونکە هەموو شتێك بەپارە ناکرێت، بەڵکو لایەنی موعنەویش کاریگەریی خۆی هەیە لەسەر هەست و نەستی کادر.
ئێستا سەركردایەتی و هاوسەرۆكەكانی یەكێتی خەبات و تێكۆشانی خۆیان و حزبەکەیان پەرەپێ دەدەن و لەگەڵ جەماوەری كوردستان بەئاڕاستەی ژیانی پڕسەروەریی و كوردستانێكی ئارام بەرەو پێشەوە هەنگاو دەنێن و دەستیشیان بۆ خەباتە رەواو ئازایانەکە بردووە و پرسی كۆنگرەی داهاتووی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیان بەگوێی كۆمەڵانی خەڵكدا دا بەوەی کە كۆنگرەی داهاتووی حزب لەكاتی خۆیدا دەگیرێت.
ئەوەتا لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی لە هەفتەی رابردوودا لەگەڵ جەماوەر و ئۆرگانەكانی حزبەكەیدا بە گەرموگوڕی كۆدەبێتەوە و هیوا و ئومێد لە دڵی هەموواندا دادەگیرسێنێتەوە و كاری نوێ و هەنگاوی نوێ و تێكۆشانی نوێی یەكێتیان بۆ ئاشكرا دەكات بە شێوازێكی سەردەمییانە و شارستانییانە و دواتر دووبارە خەباتی دیپلۆماسی دەبوژێنێتەوە لە هەولێری پایتەختی هەمووانەوە لەگەڵ سەركونسوڵ و نوێنەرانی وڵاتان لە پایتەختی کوردستان كۆدەبێتەوە و سەرنجی وڵاتان بە شێوەیەكی دروست و شارستانی بەلای حزبەكەیدا رادەكێشێتەوە وەك میراتی رەسەنی دیپلۆماسیی مامی گەورە.
لەلایەكی دیكەشەوە هەڤاڵ هاوسەرۆكی یەكێتیی هەر لەپایتەختەوە، ئەوە دووپات دەکاتەوە کە یەكێتی یەكێتی هەولێرییەكان و دهۆكییەکان و زاخۆییەکان و بادینان و سۆران و گەرمیان و کوێستانە، ئەو دروشمە بەگوێی هەموواندا دەدات كە هەولێر و دهۆك و زاخۆ سەرجەم بادینان نیشتمانی گەشەكردنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە و پاوانی هیچ لایەنێک نییە و مەیدانی خەباتی هەمووانە، چونكە دانیشتووانی هەولێر و بادینان بە گشتی تامەزرۆی كاركردنن لەگەڵ یەكێتییەکەی مام ، ئەوان لەگەڵ سیاسەتی حەكیمانە و دروستی یەكێتیدان و دەگونجێن و لەوێشەوە دەتوانن خەبات و تێكۆشانیان پەرەپێبدەن و قۆناغ بە قۆناغ و بەتێكۆشانی جەماوەریی بادینان و هەولێر و زاخۆ و كەركوك و گەرمیان و سلێمانی و هەڵەبجە لەناو گوڵستانی خوێنی شەهیدان و حیكمەتەكانی مامی هەموواندا پێکەوە لەگەڵ یەکێتییەکەیان بگەیەننە ئامانج.
هەموو لایەنگران و دۆستان و جەماوەری یەكێتیی ئەوە دەخوازن کە چەقی كاركردن و تێكۆشان لە هەولێری هەموواندا بێت، بۆیە هاوسەرۆكی یەكێتیی رایدەگەیەنێت چەقی ململانێی سیاسی لە هەولێر دەبێت.
ئەم وتەیەی هاوسەرۆك، خەباتی نوێ، سەرزەمینی نوێ ئاشكرا دەكات، هەموو چین و توێژەكانی هەولێر، بە هۆز و ناوچە و مامۆستا و رووناکبیر و كرێكار و جووتیارەكانی هەولێرەوە، داوای كاركردن لە هەولێر دەكەن. بەو پێیەی مەڵبەندی كارگێڕیی و حكومەتی كوردستان و شوێنی نیشتەجێی نوێنەران و دیبلۆماتارانی جیهانە و ژینگەی خاوێنی گەشەسەندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە و لەو ژینگەیەدا یەكێتی گەشە دەكات و هەولێرییەكان حزبەكەی مامی خۆیان پێشدەخەن و لەژێر سایەی ی.ن.ك-دا ژیانی دیموكراسی و هەلی كار و پێشكەوتنی كۆمەڵگە دەبیننەوە.
ئەوەتا بەشێکی زۆری خەڵکی زاخۆی دەلال خۆیان بە دەروێشی تەریقەتی مامی گەورە و یەكێتییەكان دەزانن و داوا لە یەکێتی دەكەن وەك حزبێكی سەرتاسەریی، جەماوەری، تێكۆشەر و میراتگری ئازادیی و سەربەخۆیی كوردستان پشت و پەنایان بێت. ئەمەش ناچێتە چوارچێوەی ئیحتیواكردنی هیچ لایەن و حزبێكەوە.
ئێستا یەكێتییە ئازا و چاونەترس و جوامێرەكەی چیاكان، یەكێتییەكەی شەهیدان و بەگژاچوونەوەی گەورەترین فاشیزمی بەعسی، هەر ئەو یەكێتیەیە، هەمان تین و هێزی لەلایەن كۆمەڵانی خەڵك و كۆنگرەی چوارەم و هاوسەرۆکەكانی و سەركردایەتییە گەنجەكەیەوە پێبەخشراوەتەوە و هەمان حزبی پێشمەرگە قارەمانەكانە كە مێژوو سەرسامی دەست و تفەنگی كوڕانی یەكێتییە، بەڵام خەباتی ئێستای یەكێتی، خەباتی سیاسی و جەماوەریی و دیپلۆماسی و رێکخراوەییە و بڕیاری داوە ئەو خەباتە لەناو چەقی هەولێری پایتەختی هەمووانەوە بێت و خەباتەکەی بۆ كوردستان و كوردستانیش بۆ هەمووان بێت، بۆیە بەم ئاڕاستەیە دەتوانین كاری دروست بكەین و وڵاتەكەمان گەشە پێبدەین.
لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی ی.ن.ك لە دیدارەکانیدا ئەوەی دووپات دەکردەوە (لێكتێگەیشتن و هەماهەنگی لەناوخۆی كوردستان و لێكتێگەیشتن و هەماهەنگی لەنێوان هەولێر و بەغدا)، ئەو دەڵێت: «یەكێتی بە بەرنامە و پلانی نوێ كار بۆ بەهێزكردتی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەكانی كوردستان لەگەڵ جیهان و ناوچەكە دەكات، بۆ ئەوەش داوای لێكتێگەیشتن و هەماهەنگی نێوان حزب و لایەنەكانی كوردستان دەكات و راشیدەگەیەنێت کە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە پلانی نوێوە هاتۆتە پایتەختی هەمووان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی سیاسی و ئابووریی وڵاتەكەمان لەگەڵ وڵاتاندا، ئەمە دەروازەیەكی نوێ و سیاسەتێكی نوێی حەكیمانەیە، كە پێویستە هەرێمی كوردستان كاری بۆ بكات، بە دەستە جەمعی كاركردن و بە پلان و بەرنامەی ستراتیژیی نوێی هەرێم لەگەڵ وڵاتان و لەرووی ئابووری و سیاسی و دیپلۆماسییەوە هەنگاوی بۆ بنێت، ئەمە سەرەتای رێگە راستەكەیە و نەخشە رێگەی كاركردنی هەمووانە بۆ كوردستانێكی گەشەكردوو، ئیدی لێرەوە یەكێتیی داوای هەماهەنگی و ئاشتی و برایەتی لە هەولێرەوە دەكات، تا ئازادیی رادەربڕین و حوكمڕانیی دیموكراسی لە هەرێمەكەمان بەرقەرار ببێت، لەسەر دەستی هەمووان بۆ هەمووان.

*سەرۆكی گشتی كۆمەڵەی كورتەباڵاكانی كوردستان

print

 295 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*