سەرەکی » هەواڵ » حكومه‌تی هه‌رێم: پابه‌ندین به‌ ئیلتیزامه‌ ده‌ستوورییه‌كان بۆ رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا

حكومه‌تی هه‌رێم: پابه‌ندین به‌ ئیلتیزامه‌ ده‌ستوورییه‌كان بۆ رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران پێشوازی له‌و كه‌شه‌ ئه‌رێنی و له‌یه‌كگه‌یشتنه‌ ده‌كات كه‌ له‌ ئه‌نجامی گفتوگۆی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆ نه‌هێشتنی گرژییه‌كانی ناوخۆ هاتۆته‌ ئاراوه‌.

ئه‌مڕۆ، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، به‌سه‌رپه‌رشتیی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیران‌و قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له‌ڕێگه‌ی ڤیدیۆ كۆنفرانسه‌وه‌، كۆبۆوه‌و گفتوگۆكرا له‌سه‌ر چه‌ند ته‌وه‌رێكی گرنگ.

له‌سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، سه‌رۆك وه‌زیران، باسی ئه‌و كه‌شه‌ ئه‌رێنی‌و له‌یه‌كگه‌یشتنه‌ كرد كه‌ له‌ئه‌نجامی گفتوگۆی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆ نه‌هێشتنی گرژییه‌كانی ناوخۆ هاتۆته‌ئاراوه‌، ئه‌وه‌ش هه‌نگاوێكی گرنگه‌ بۆ یه‌كڕیزیی و پشتیوانیكردنی زیاتر له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان. ئاماژه‌شی به‌گرنگیی ئاماده‌بوونی وه‌زیرانی حكومه‌ت له‌دانیشتنی په‌رله‌مانی كوردستاندا، كردو وتی: هه‌ماهه‌نگی و كاركردن به‌گیانی یه‌كتیمی له‌كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا، جێگه‌ی ستایشه‌.

هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، تیشك خرایه‌سه‌ر دوایین ئه‌نجامه‌كانی گفتوگۆی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدرال‌و ته‌ئكیدكرایه‌وه‌ كه‌ گفتوگۆو دانوستانه‌كان به‌رده‌وامده‌بن‌و وه‌ك حكومه‌تی هه‌رێمیش پابه‌ندبوون به‌ئیلتیزامه‌ ده‌ستوورییه‌كان، دووپاتده‌كه‌ینه‌وه‌، ئه‌ویش له‌به‌رامبه‌ر دابینكردنی ماف و شایسته‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا، هه‌روه‌ها چه‌ند پێشنیازێكیش بۆ گه‌یشتن به‌ڕێكه‌وتن، گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌كرا، به‌و ئومێده‌ی له‌دوای جه‌ژن، رێكه‌وتنێكی هاوسه‌نگ، كه‌ به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌ردوولای تێدا پارێزراوبێت، بێته‌ ئاراوه‌.

له‌به‌شێكی دیكه‌دا، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له‌پلان و هه‌وڵه‌كانی به‌رده‌وامده‌بێت بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی قه‌یرانی دارایی و به‌تایبه‌تیش دابینكردنی شایسته‌ی دارایی مووچه‌خۆران، كه‌ ئه‌ركی له‌پێشینه‌مانه‌.

كۆتا ته‌وه‌ریش، گفتوگۆكردن بوو له‌باره‌ی رێكاره‌كانی خۆپارێزی و جێبه‌جێكردنی رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كانی روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا، به‌تایبه‌تی له‌ڕۆژانی جه‌ژنی قورباندا، بۆ ئه‌وه‌ش ژووره‌كانی ئۆپه‌راسیۆن راسپێردران به‌ده‌ركردنی رێكاره‌كان.

print

 163 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*